فەرمانی کوردقڕان لە کەرکووک و سلێمانی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 7 دقیقه  766 مشاهده

لە ناو پێشمەرگەی وڵاتی سۆران، هەر کەس قەڵەمێکی بە گیرفانەوە با، ناوی مامۆستای دەگرتەوە. لە لوبنانیشی تێپەڕاندبوو کە بە هەموو موسافیرێک دەڵێن ئوستاد. مامۆستای سادە قەدری نەمابوو. ڕۆژێک لە بارزان نامەی کە بۆ بارزانی هاتبوون، دەمخوێندنەوە. یەکێک نووسیبووی: «پچوکتان: مامۆستا ڕوکن جەلال!» (ڕوکن یانی ستاد). دیاربوو وەک ئەفسەری ستاد فەرقی دەگەڵ ئەفسەری دیکە هەیە!

وا ئێمە لە بارزان قەتیس ماوین و بەو هەزارە زیلە جاش و عەسکەر و تۆپ و تەیارە، دەورە دراوین و شەڕکەرمان لە پێنجسەد تێناپەڕێ و نان وا کەم و حاڵ وا شڕ. خەبەر و باسی جەبهەکانی لای سۆران، واتا کەرکووک و سلێمانی و هەولێر چییە؟

لە ڕۆژی نۆی مانگی جوونی ١٩٦٣ (١٩٦٣/٠٦/٠٩)کە هێرش بۆ سەر سپیلک دەستی پێ کرد- دەوڵەتی بەعس فەرمانی کوردقڕانی لە کەرکووک و سلێمانی دەرکرد. «زەعیم سدیق» ناوێک- کە لە زەمانی قاسمدا سەرلەشکر و فەرماندەی جەبهەی سلێمانی بوو- لە کاتی کوودەتای بەعسدا بە سەرلێشێواوی گەڕابۆوە و دەتوانرا تۆڵەی لێ بکرێتەوە و لەشکرەکەی بە هاسانی چەک بکرێ، پارتی زۆر بە ئیحتیرامەوە بەخێریان هێنا و بە سەلامەتی بۆ بەغدایان بەڕێ کردەوە. کورد و پیاوەتی دەکا! زەعیم سدیق شیوێکی لە نزیک شاری سلێمانی ناو نا: «شیوی مەرگ». دووسەد و هەشتا لاوی کوردی لەو شیوەدا ئیعدام کرد و دە چاڵی خستن. لە تێلگرافێکدا بۆ بەغدا، ئایەتێکی قورعانی گوتبوو کە: «لە سەر زەوین دانە کافرێکیش مەهێڵەوە». ئەمەش وەفاداریی عەرەب لە بەرانبەر چاکەدا!

لە کەرکووک چەند گەڕەکە ماڵێکی کوردانیان وە بەر بڵدۆزەر دا و خاپووریان کرد و نەیانهێشت کەس تیتۆڵێک بەرێتە دەر. بە هەزاران ماڵە کورد ئاوارەی چۆڵان کران. خەبەر هات کە سی کەس لەو گیراوانەی زەمانی قاسم- کە لەسەر هەرای کەرکووک گیرابوون- ئیعدام کراون. جەمال حەیدەری یەک لەوان بوو. ئەوی زۆر داخی بە دڵمەوە نا، ئیعدامی «شێخ مارف بەرزنجی» و «شێخ حوسێن»ی برای بوو کە بەڕاستی زۆرم خۆش دەویستن. ئیتر لەو ترس و لەرزەدا هەر چی توانی هەڵێ و چەک بە کار بێنێ، دایانە چیا. لەشکری پێشمەرگە لە ئەستانی سلێمانی و کەرکووک و هەولێر بوونە چەند قات. لە موحاسەرەی بارزاندا- کە دژواریی شەڕمان لە سەر بوو- چەکداری پێشمەرگەی پارتی دە هانامان نەهاتن. دەوڵەتیش کەمتر خۆی دە وان دەگەیاند و دەیەویست بارزان بنەبڕ بکا.

جارێک بۆ مەلا مستەفایان گێڕایەوە کە پێشمەرگەی لای هەولێر کە دیتوویانە ئەو هەزاران کامیۆنە لەشکرە و ئەو هەموو تۆپ و تۆپخانەیان دیوە کە بەرەو بارزان دەچن، گریاون، هاواریان بۆ برایم ئەحمەد کردووە: کەی ئەوە شەرەفە برایانی ئێمە بکوژن و ئێمە دەست لەسەر دەست تماشا کەین؟ برایم گوتوویە: ئێوە نازانن! ئەگەر بارزانی نەمێنی، فەرماندەیی دەبێتە یەک. ئەمجار عەکسی بارزانی وەک شەهید دەفرۆشین؛ پارەی زۆر دەکا!

هەر لە سەرەتای کوودەتای بەعسەوە کە شیووعی قەتڵوعام کران، ئەوی توانیبوویان ڕاکەن و خۆ لە دەست بەعس ڕەها کەن، دابوویانە کێو کە سەری خۆیان بپارێزن. پارتی بەردەستی برایم ڕووتی دەکردن و تفەنگی لێ دەستاندن. هاواریان بۆ بارزانی دێنا. ئەویش نامەی دەنووسی کە تفەنگیان بدەنەوە؛ لێیان گەڕێن با دیفاع لە خۆیان بکەن. شکایەت و نامە چەند پاتە بوونەوە، هیچیان لێ شین نەبوو. لە بیرمە ئاخر جار بوو؛ بارزانی بە کابرای شیووعی گوت: ئەوانە جوابی نامەی من نادەنەوە. ئەگەر بمێنم تفەنگەکانتان بۆ دەستێنمەوە؛ بەڵام بە وەختی خۆی.

زۆر کەس لە هەموو لاوە، ئەزراق و دەرمان و شەککر و چایی دێنا؛ بەتایبەتی: ئەحمەد تەوفیق بە هەواڵانیەوە زۆر خزمەتی کرد. زۆر چالاکانە خۆی دەگەیاندە سنووری ئێران و کەلوپەلی لازمی پەیدا دەکرد و دەگەڕاوە. لە سەرەتاکانی شەڕدا، شەوێک دەگەڵ بارزانی چووینە دەم چۆم. چەند ئاغایەکی زەلامی پژدەری هاتبوون، شکایەتیان لای مەلا مستەفا کرد کە ئێمە ویستوومانە دەرک و پەنجەرەی مەدرەسەکانی قەڵادزە تاڵان کەین، پێشمەرگە نەیهێشتووە! بارزانی زۆر بەوە تووڕە بوو، گوتی:

- شێخ جنید! خەبەرم هەیە تۆ حەوت ڕۆژ لەوە پێش چوویە سلێمانی و فەرماندەی دەوڵەتت دیوە. ئێستا دەو ئاگربارانەشدا هاتووی دەرک و پەنجەرەی مەدرەسە بەری؟!

شەو درەنگێک هاتینەوە. لە ڕێگە بۆم گێڕاوە کە: ساڵێک خەبەر بە سوڵتان عەبدولحەمید دەدەن والیی بەغدا خەڵک دەگەزێ. بە هەڵەداوان دەنێرێ: ئەگەر ئەم قسە ڕاست بێ، والیم بۆ دە کلکی ئێستر بخە و بۆم بێنە. کابرا دەگاتە بەغدا. والی خەبەرەکەی زانیوە؛ زۆر ترساوە. مەجلیس دەگەڵ پیاوی سوڵتان گەرمە؛ عەرەبێک دێتە ژوور:

- جەنابی والی چوار لیرە بە کابرایەکی چاییچی قەرزدارم. جارێ نیمە بیدەمەوە. لەسەر ڕێگەی کارمە. هەموو ڕۆژ داوام لێ دەکا. جەندەرمە بنێرە بیگرن با دە حەبسدا بێ، تا من پووڵم دەبێ و قەرزەکەی دەدەمەوە، ئەوسا بەریدە!

والی ڕوو دەکاتە پیاوەکەی سوڵتان:

- تۆ ئەو شەرعە بکە!

کە بۆی تەرجەمە دەکەن. کابرا ئاوقای عەرەبە دەبێ و گاز لە لاملی دەگرێ! بەبێ والی دەچێتە لای سوڵتان. نەقڵەکەی دەگێڕێتەوە، کە دەگاتە ئەوەی «با جەندرمە بیگرن»، سوڵتان بە گوێی کابرادا دەنووسێ دەڵێ: نەتانگەزت؟

- بەڵێ قوربان گەزتم!

***

جارێک «سەیید عەزیزی شەمزینی»، دەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکی درێژی ڕیشداری مووخورمایی هاتبوو کە وا بزانم «دانا ئادەم شمید» بوو. بۆ جاری دووهەم هاتبۆوە کوردستان. بە ڕووسی قسەی دەگەڵ بارزانی دەکرد. سەیید عەزیز تاقی کردمەوە و زۆری دڵخۆشی دامەوە کە دەست لە بارزانی هەڵگرم و بچمە لای ئەوان؛ کە مەنزووری مەکتەبی سیاسیی حیزب بوو. گوتم: کاکە! من بە تەمای گەورەیی نییم؛ بە ژێردەستی بارزانی زۆر دڵم خۆشە. بە خوا کلکم دە زێڕ گرن لێرە نابزووم.

حوسێن حاجی ناوێکی سوورچی- کە جاشێکی زۆر پیس بوو- کاتێ کە لە چیای براندۆست بووین، بە ئاشکرا خۆی و کوڕی دەچوونە پادگانی خەڵیفان، تیربار و تفەنگیان لە دژی ئێمە وەردەگرت. بە بەر چاوماندا دەهاتنەوە کە گز و فتمان بدەن. کاتێ لە بارزان بووین، خۆی و کوڕی گیران. بیستمەوە کە هەموو ڕۆژ مریشک و پڵاویان دەدەنێ. ڕۆژێک کە بە تەنیا بووین، عەرزی بارزانیم کرد

- کاکە ببەخشە ئەم بێئەدەبییە دەکەم! تۆ وەک سەلاحەددینی ئەیووبی و پیاوە گەورەکانی قەدیمی کورد دەبزوویەوە؛ کە ئێستا باوی ئەو شتانە نەماوە. ئێوە سەرسەختترین دوژمنانتان کە شێخی سوورچییە بە هەزار شەڕ و زەحمەت دەگرن؛ پاش ئیحتیرامی زۆر، بە سواری ئێستر دەینێرنەوە ماڵە خۆی. دەی ئەگەر من بوایەم دەمگوت هێندە زێڕ و هێندە تفەنگە نەدەی دەتکوژم؛ دەشیدا. حوسێن حاجی دەڵێن تا ئێستا دوازدە بارزانی کوشتووە، لە حەبسا مریشکی بۆ دەنێری؛ بۆ خۆمان نان و ئاو دەخۆین. ئەگەر بەریدەی ناڵێ مەمنوونم، دەڵێ گرتیانم و تۆڵەی ئەو سووکایەتییە دەکەمەوە؛ لێمان هارتر دەبێ...