بە هومێدی خودا ئەمجارەیش سەردەکەوین

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  668 مشاهده

بەڵام لەو ڕۆژانەدا کە چەکدار لە شەڕێن و خەڵکی تریش کاری ئیداری و پارتیبازی و هیچ نەبێ خۆ تێهەڵقوتاندن و خۆ خوێن شیرین کردنی منافەقانەیان نەمابوو، کەس لە لاوە نەدەهاتە لای؛ تەنیا من و من. هەر لە فێنکی ئێوارەوە ڕادیۆم دەبرد و ئەخبارم بۆ دەکردەوە و قسەی قۆڕم دەکرد و زۆری کەیف پێ دەهات. گوێ قوڵاغی ڕادیۆ کوردیی بەغدا بووم، هەر کە «شاهین تاڵەبانی» دەستی دەکرد بە جنێودان بە بارزانییان، دەمکردەوە؛ لە پێکەنین حەواسی دەچوو!

باسی سەفەر خۆی بۆ ڕووسیا گێڕایەوە کە وەختێ چوونە باکۆ، ئەفسەرێکی تورکیان ڕەگەڵ خستوون کە ئاگای لە کاروباریان بێ. پاش ماوەیەک تێگەیشتوون تورک نییە و عەلی گەلاوێژە؛ ناردراوە بزانێ لە ناو خۆیاندا دەڵێن چی. زانیویە کە عەلی بەردەستی ڕەحیم قازییە. ڕەحیم باغرۆفی وا تێگەیاندووە کە بارزانی بە هۆی باوکی سەیید عەزیز (حاجی سەیید عەبدوڵڵا ئەفەندی) ڕاسپاردەی ئینگلیسانە و زۆریان لەسەر ئەوە زەحمەت دیوە. باغرۆف بۆی داناوە کە دەگەڵ ڕەحیم حیزبی دیموکراتی کورد لە باکۆ دروست کەن- وەک فیرقەی ئازەربایجان- مەلا مستەفا قبووڵی نەکردووە؛ چونکە زۆری بێئەخلاقی ڕەحیم بیستۆتەوە. لەسەر ئەوە باغرۆف لێی غەزریوە و هەموو بارزانییەکانی هەڵداشتوون بۆ سەحرای قەرەقەلپاق و هەر یەک و دووانیان لە دێیەک کردۆتە کارگەری کەڵخۆزان. مەلا مستەفا نەیگوت بۆ خۆی چکارە بووە، بەڵام لە خەڵکی ترم بیست کە ماوەیەک لە دووکانی قەسابییەک و قەدرێک لە ئاشێکی ئاگر کارگەریی کردووە. وەرەقە و بلیتی سەفەری لە ژنێک کڕیوە و خۆی گەیاندۆتە مۆسکۆ. لەو دەمانەدا کە ستالین نەماوە، چۆتە کرملین. لە دەرگا ڕێگەی نەدراوە؛ دەگەڵ ئەفسەری پاسدار بە شەڕ هاتووە و دووانی بە مست کوتاوە. لە کاخەوە پێ زانراوە؛ ڕێگە دراوە و شکایەتی خۆی کردووە. بڕیار دراوە بێتە مۆسکۆ. ئەوانی دەگەڵیشی هاتوون کێ پێی خۆشە بخوێنێ؛ دەنا لێکیان کۆ کەنەوە و کاری باشتریان بدەنێ. زۆریان خوێندوویانە. هێندێکیان- بە قسەی شێخ سولەیمان- لە مەلا مستەفا تەکیونەوە و خوێندنیان قبووڵ نەکردووە.

***

ئەحمەد تەوفیق و کاوە لە سەر چیای پیرس لە شەڕدا بەشدار بوون؛ بارزانی تاریفی ئازایەتیی هەردووکیانی دەکرد. ڕۆژێک لە نوێژی شێوانێکدا- کە تازە سێرە هەڵدەگیرا و گرمە و ناڵەی تۆپان هەر دەهات- گوتی: هەژار هەموو پەلکی دارانیش سووتاوە؛ ئەو هەموو دوژمنەمان لە سەرە؛ لەوانەیە کەس دەرنەچێ.

هەرچەندی بۆ خۆم چەند جار ئەو فکرەم بە دڵدا هاتبوو، گوتم: تکایە شتی وا مەفەرموو! فەرماندە نابێ باسی شکانی بە دەمدا بێ. دەسا من بڕوام وایە بەو حاڵەش و لەوەش خراپتر بێ، هەر خۆمان سەردەکەوین.

فەرمووی: لات وایە دەترسم؟!

- نە. من کە کوڕە مەلایەکم؛ باوکم چەکی هەرە بەکاری گۆچان و سیواک بوو، نەترسم، دەزانم تۆ کە هەموو تەمەنت لە مەیدانی شەڕدا ڕابراوە ناترسی؛ بەڵام نامەوێ شتێکی وا بفەرمووی کە دڵی دڵ زەعیفانی پێ بترسێ.

فەرمووی: لەم گەڵی و نواڵانەی بارزاندا، هەر بەردێک و هەر پنچکێک یادی پاڵەوانانی شەهیدی پارێزگاری حەقی شەرعی خۆیانم بیر دەخەنەوە. هیچ هەنگاوێک نانێم کە مرۆیەکی ئازای ئێمەی لێ نەکوژرابێ. ئێستاش کوژرانم بە لاوە شتێک نییە کە قابیلی بیر لێ کردنەوە بێ. ژیان هەر دەبڕێتەوە. دەست دانانێم. بە هومێدی خودا- وەک تۆ گوتت- ئەمجارەیش سەردەکەوین...