لەو ڕۆژانەدا کەیف کەیفی من بوو.

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  697 مشاهده

ڕۆژێک لە جەنگەی ئەو شەڕانەی بنی دەڵاش، ئاگر بەر ببووە هەر چوار تەرەفمان. تەقە و گرمەش گوێی عاسمانی کەڕ دەکرد. ئاگری پووش و داران هەر دەهات و نزیک دەبوو. مەلا مستەفا پاڵی بە بەردێکەوە دابوو؛ سیغاری دەکێشا. ڕووی کردبووە من، حیکایەتی ڕاوە بەرازێکی دەگێڕاوە کە ساڵێک دەگەڵ شێخ ئەحمەدی برایدا تووشی ڕاوە بەراز هاتوون. زۆر بە وردی و هێمنی باسی هەموو وردەکارییەکی ئەو ڕاوەی دەکرد. چەند کەسێکیش لە حەرەسەکانی لە دەوری ڕاوەستابوون. «زورار» ناوێک بە هەناسەبڕکە و شێواوی هات گوتی: ئەزبەنی، جاش گەیشتنە گوندی «سەفتێ» و ئاگریان تێ بەردا.

فەرمووی: هەژار، سواراغا لەو ڕاوەدا لە هەموومان چێتر بوو...

ڕیزە گوللەیەک هەر وا دوو بست بڵندتر لە سەری مەلا مستەفا وە بەردەکە کەوت و گوللەکان داوەرینە ناومان.

- جا سواراغا...

گوتم: قوربان سواراغا چی و ڕاوە بەرازی چی؟! بۆ من لە ترسان گوێم لە قسان دەبێ؟!

ئێستا ئاگرمان دەگاتێ.

فەرمووی: سواراغا گوتی ڕاوە بەراز زانینی دەوێ!...

حاچکی حەرەس بە دەنگێکی لەرزۆکەوە کە دیار بوو زۆر لەوە دەترسا مەلا مستەفا لە ڕێژنەیەکدا بکوژرێ گوتی: ئەزبەنی خەبەری هەژارە؛ لێرە لاکەوی باشە...

فەرمووی سواراغا لە دواوە بەرازێکی کوشت. بەو کارەی...

حوسێنی حەمەداغای مێرگەسووری بە هەڵەداوان و پشوو سواری هات گوتی: ئەز غولام سەفتێ سووتا؛ جاش دێنە ئێرە. سەفتێ هەزار میترمان لێ دوور نەبوو).

فەرمووی: هەڕنێ! (یانی بۆی بچن). بەڵێ، هەژار! گوێت لێیە؟

- نەخێر نەوەڵڵا!

- سواراغا یەکە یەکەی لە دواوە دەکوشت، پێشەوە نەیاندەزانی کە بە توندی بڕەون...

باوەڕ کە ئاگر لە هەر چوار لاوە لام وا بوو بیست میتری نەماوە بمانگاتێ؛ تینی دەهاتە سەر و چاومان. ئەو پیاوە دەتگوت لە دیوەخان پاڵی بە دەستە نوێنەوە داوە و چاوەنۆڕە قاوەچی و قەننەدار، قاوە قەننەی تێکراوی بۆ بێنن. لە چیرۆکی ڕاوەکە وازی نەهێنا و لە جێگەی خۆی نرکەی نەکرد. خواوڕاستان ئێستا با، دەمانگوت هیمدادی غەیبییە. ئاگر دامرد و نەمانگەیشتێ! خەبەر هات گوتیان جاشمان لە سەفتێ هەڵقەندن و کەلاکیان بەکۆمەڵ لەو دەشتە کەوتووە.

لەو ڕۆژانەدا کەیف کەیفی من بوو. لەوەتا بارزانی لە ڕووسیاوە گەڕابۆوە، هەمیشە دەوروبەری جمەی دەهات. نە شەو نە ڕۆژ قەت نەبوو سەت و دووسەتی لە دەورە نەبن. بەئاواتەوە بووم جارێک- بۆ دە دەقیقەش بێ- بەتەنیا یان دەگەڵ سێ چوار کەسدا لای بم؛ دەستی نەدەدا.