کێ بێ لە مەرگیش نەترسێ؟

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  779 مشاهده

ئێوارەیەک بارزانی بانگی کردم: هەژار! با بچینە قەدەم لێدانێک. بە ناو دۆڵێکی زۆر وشکارۆی زۆر لێرەواری چوغوردا ڕۆیشتین. تووشی داربەڕوویێکی زۆر ئەستوور بووین؛ مێشەنگوین لە قەدیدا هێلانەیان کردبوو. دیار بوو کلۆراییی دار زۆر پڕ لە مێش و هەنگوینە. حیلەی پڵنگ دەهات. پاسەوانەکانی مەلا مستەفا گوتیان: وا لەو ڕەوەزەیە، بیکوژین؟ فەرمووی: نا، جاشان بە جێگەتان دەزانن. لە دۆڵەکە سەرکەوتین و لە بێدار دەڕۆیشتین. نەقڵێکم بۆ مەلا مستەفا دەگێڕاوە، دوو تەیارەی هوکرهۆنتەری سەگباب گۆزوگوممەت پەیدا بوون و بێ سەلام و کەلام بەر تیرباریان داین. فەرمووی: «دانیشن»، حەرەسەکان دانیشتن. فەرمووی: هەژار دانیشە! مات بە!

- تۆ خۆت دانەنیشی دانانیشم!

- دەڵێم دانیشە!

- بە قسەت ناکەم!

تەیارە ئەو سەر و ئەم سەریان کرد و چوار جاریان لێ پڕژاندین و چوون. حەرەس هەستان و کەوتینە ڕێ.

- دەی هەژار نەقڵەکە تەواو کە.

- قوربان لە ترسان لە بیرم نەما!

- درۆ مەکە، نەترساوی دەنا دادەنیشتی. دەبێ تەواوی کەی!

لەسەر بەردێک دانیشتین. فەرمووی: تۆ ئێستا ئارەزووت لە دنیادا چییە؟

- تەیارە لێم نەقرمێنێ و لەپەنا سەماوەرێک دوو چایی بە ئیستیکانی شووشە بخۆمەوە!

فەرمووی: تەیارە بە دەست من نییە؛ بەڵام ئاواتی چاییی سەماوەرت ئێستا هەرچۆنیە بۆ پێک دێنم.

حیکایەتی قەدەم لێدانەکەم بۆ هەواڵانم گێڕایەوە. مام عەلی بایەزیدی گەورک- کە مردووی شیرنایەتی بوو- گوتی با بچینە زگ هەنگوینەکە.

- مامە گیان! دۆڵێکی وشکارۆیە؛ پڵنگی لێیە. من ناوێرم بچم. ئەگەر تۆ بە تەنیا دەچی وەرە پێت نیشان دەم.

- بە خوڵای خۆش بوو بە هەنگوین هێندێک مێشکمان بهاتایەتەوە سەرخۆ؛ بەڵام زەحمەتە!

ڕۆژانە دەچوومە نزیک زێی گەورە. لە سەر بەرزییەک دادەنیشتم، گوێم لە دەنگی هاویشتنی تۆپ خەمسە خەمسە (پێنج پێنج) دەگرت کە لەو دیوی چیای پیرسەوە دەیانتەقاند. ١٨ سانیە بە حەوادا وژەی دەهات. جارێک نەبێ نەمدی وە کەنارەی لای (بلێ) بکەوێ، هەر دەکەوتنە ناو چەم. مەلا مستەفا فەرمووی: جارێکی دیکە ئەم کارە بکەی حەبست دەکەم؛ ئەوە هیلاکە...

ڕۆژێک بە ناو دڕواندا بەرەو چۆم ڕۆیشتم مەلە بکەم. دڕوەکان زۆر بەرز و تێک سمڕاو بوون؛ بە زۆر زەحمەت خۆم گەیاندە پۆلە سپیندارێک. بە ڕواڵەت تەڕی کەم ئاو بوو. ویستم بە ناویا ڕەد ببم، هەر چوومە ناو، ڕۆچووم. خۆم بزواند تا ئەژنۆ چوومە خوار. دیسان لە ترسی گیانی خۆم تەکانێکم دا خۆم، تا لای سەرووی ئەستووراییی ڕانم ڕۆچوو. نەخێر گیان هاتە سەر لێوان؛ ئێستا گۆڕم گوم دەبێ. وەک پەلەقاژەی مەلی سەربڕاو تەکانێکی زۆر بە تەوژمم دا؛ نەمامە سپیدارێکی بە قەد دەسکە پێمەڕەم وە بەر دەست هات. خۆم گرتەوە و خۆم کێش کرد. توانیم پاش دە دەقیقەیەک لە زەلکاو دەرچم و بێمەوە بەری پێشووم کە پڕ لە دڕکی بڵند و ناڕاحەت بوو. خۆم بە ناو دڕکاندا خزاند. لە چەند جێ دەست و دەموچاوم دە خوێن هات. گەیمە سەر لێواری چەم؛ لە کەوشەوە تا کڵاوی سەرم لیتە و قوڕ بوو. خۆم ڕووت کردەوە و بە ئاوی زێ شتمنەوە و هەڵمخشتن؛ مەلەیەکیشم کرد. هەتا جل و کەوش کزر بوونەوە زۆری پێچوو. لە برسان حاڵم نەما. شوێنێکی هاسانترم لە ناو دڕوەکان بەدیکرد و هەر چۆنێک بوو دەرچووم. تووشی بێستانێک هاتم؛ وە ناو کەوتم؛ تاڵکەیەکم لێ کردەوە. قوزەڵقورت چۆنە ئاوا. تێکوڵەکانیم خوارد. کابرایەکم لێ پەیدا بوو؛ کردیە هەرا:

- ئێستا دەتبەمە کن مەلا مستەفا. ئێوە ماڵی منتان وێران کرد.

- برا زۆرم برسییە. نانێکم دەیە ئەو دەم بمبە لای بارزانی؛ یان خۆت لێرە بمکوژە!

کابرا خاو بۆوە. نانێکی بۆ هێنام؛ بە یەک هەڵپە خواردم.

- دە فەرموو! من ئامادەم، چۆنت دەوێ با وا بێ.

گوتی: نا نا بڕۆ؛ خوات دەگەڵ!

زۆر جار گوتوومە، بڕوای تەواوم وا بوو؛ هەر کەسێکی زۆر بە غیرەتیش، هەر دڕەندەیەکی وەک شێر و پڵنگیش، هەر گا هەست بە خەتەری مەگ دەکا، جۆرێک ترس- جا با زۆر کەمیش بێ- دایدەگرێ. کێیە لە بەرانبەر مردندا هیچ نەبێ کەمێک تێک نەچێ؟ خوا لە هەموو ئافەریدەیەکدا کەم یا زۆر ترسێکی داناوە. بەڵام مەلایکەی ترس بە دەست، مەلا مستەفای لەبیر چووە؛ ترس بە لای ئەودا نەهاتبوو. لە وەتاغی دیوەخانی بەغدا، لە ناو دۆست و ئاشنایاندا چەند ڕووگەش و خاترجەم بوو، لە جەنگەی گوللە و ئاگرباراندا هەر ئەو پیاوە بوو. نە ڕەنگی دەگۆڕا، نە قسەی تێکەڵ دەبوون، نە وەیدەزانی مێشێکیشی لە دەورەیە. بەڵێ بە هۆی بەخێوکرانی لە کۆمەڵگای شێخانی بارزاندا، لە خودا دەترسا؛ لە ئابڕوونەمان و ناوزڕان دەترسا؛ بەڵام ترس لە مەرگ و دوژمن؟ هەرگیز. هەر ئەوم دیت گاڵتەی بە مردن بێت. ئازایەتی و نەترسانەکەی لەو هەموو ساڵانەی ڕابردووی و لەو هەموو شەڕانەدا کە کردبووی، وەک ئەفسانەیەکی خەیاڵی لێ هاتبوو. کە ئەو مابەینە لە نزیکەوە دەگەڵی بووم، بڕوام هێنا کە هێشتا کەس نەیتوانیوە و کەسیش ناتوانێ ئازایەتی و نەترسانی مستەفا بارزانی- وەک هەیە- دە یەکیشی پەی پێ بەرێ و بزانێ باسی بکا.