هەژار تۆ لە من سازتری!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  630 مشاهده

بەرەو چێشتانێک بەرەو زێ دەگەڕام؛ ژنان دروێنەیان دەکرد. هەر کە تەیارە پەیدا دەبوو هەرایان لێک دەکرد: «تەیارە کۆرە هات!» مات دەبوون. تەیارە دەڕۆیشت دەستیان پێ دەکردەوە. لە نزیک گوندی «زۆڕە گوان» ژنێک لەبن دارێک مەشکەی دەژاند.

- خوشکا من! تۆ سەروپێت ناوێ؟

- ئەی بە قوربان چۆنم ناوێ.

- کەسی تریش هاوسات هەیە؟

- ژنێکە بە چوار زاڕۆکەوە.

- سبەی زوو وەرە چەندی دەتەوێ ببە. وا من لە سەر ڕێگەتم.

- ئەدی کاکە تۆ دۆت ناوێ؟

- ئەگەر هەبێ...

- هەیە و پیوازی شینیش هەیە.

دەمکەیەک دۆ و دەسکە تەڕە پیوازێکم دەگەڵ خۆ هێنایەوە. لەو کاتەدا هەژدە کەسەکە ببووینە چەند جێ. کاوە و مستەفا و مام عەلی ناوێکی گەورک و من لەبن دارچنارێکی دەم ڕووبارێکی پچووک بووین. دەمکە دۆ بە داردا کە سارد ببێ و تەڕە پیواز بکە بابۆڵە و بە پادشا بڵێ هەتیوە! ئێوارە عەسرێک بارزانی بە پارێزەرانیەوە بەوبەرماندا هات:

- هەژار! ئەوە چ دەخۆی؟

- کاکە نان و تەڕە پیواز بە دۆی سارد.

- هەژار تۆ لە من سازتری، من نان و ئاو دەخۆم...

بە کابرای سەلاخی حەیوانانم سپارد کە لەباتی ئەوە سەر و پێ و پێست فڕێ بدا، لەسەر یەکیان کۆ کاتەوە بۆ من. ژنەکە هات، پیواز و دۆی هێنا، هەتا کۆڵی گرتی سەر و پێ و پێستی بردەوە. ئیتر پیواز و دۆمان مشە بوو.