هەشتا هەزار سەرباز و جاش بەرببوونە ئەو ناوە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  721 مشاهده

ڕۆژێک گوتم: ڕووس زۆرمان بۆ باشن. بارزانی فەرمووی: من دەگەڵ زۆریان دۆستم؛ خرۆشۆفیش دەناسم. ئەوانە کە جنێو بە بەعس دەدەن و لەسەر ئێمە دەکەنەوە، بۆیەیە دەترسن بەعسی چەکیان لێ نەکڕێ و ڕێگەیان نەدا وەک زەمانی قاسم بێنە عێراقەوە. ئەگەر بەعسی سەودایان لێ بکەن، نە لەسەر شیووعی دەکەنەوە و نە لەسەر ئێمە. کە ڕاست دەچوو: هەر کە سەلام عارف خۆی کردە دۆستی ناسر و دەگەڵ ڕووس ئاشت بۆوە، دنیا گۆڕا!

هەشتا هەزار جاش و سەرباز بە تیربار و تفەنگ دەسڕێژیان دەکرد. هەموو چەکداری پێشمەرگە لەو ناوەدا بە حاڵ دەگەیشتە پێنجسەد کەس. ئاگرباران و جەنگەڵ سووتان و دووکەڵ داوەستان، ڕۆژی حەشری دێنا بەر چاوان.

بەیانییەک یەکێک بە گەرمی ئەحواڵی پرسیم، نەمناسی. گوتی: مەلا حەسەنی بارزانیم. چوار ڕۆژ بوو نەمدیبوو؛ لە دووکەڵی بارووت و لە توونییان وا زەرد و ڕەش هەڵگەڕابوو کە نەمناسیەوە. نان زۆر کەم بوو. ڕۆژێ دوو نانی زۆر چکۆڵەی تەنک کەسی تێر نەدەکرد. لە برسان هێزی ئەژنۆ شل دەبوو. ئاوی جۆگە زۆر گەرم و گران بوو. نانی وشکمان بەو ئاوە دەخوارد. پێشمەرگە پتر لە هەزار سەر مەڕی جاش و دەوڵەتیان بە تاڵان هێنا. بەداخەوە تەنزیم و ڕێکوپێکی لە دابەشکردندا نەبوو. بە چوار ڕۆژ بۆ هەشت کەس حەیوانێک هەبوو. نە قاپ و مەنجەڵێک، نە جێگەی هەڵگرتنێک؛ دەبوایە بە یەک جەم ئەو هەشت کەسە لاشێک بخۆن. شیش لە دار بتاشن و لەسەر پۆلوان ببرژێنن. چیشت هەڵگرتایە لە گەرمان بۆگەن دەبوو. لە جەمێک ئەوەندەیان گۆشتی برژاو دەخوارد زۆربەیان نەخۆش دەکەوتن. تا چوار ڕۆژی تر جەمێکی تر نانی وشک و ئاو، دەست پێ دەکرایەوە. دەمگوت: برا ئەگەر مەنجەڵ و قاپی فافۆن هەبا، هەر ڕۆژێ بە سی و دوو کەس حەیوانێکتان بدایە، هەموو جەمان هەموویان گۆشتیان دەخوارد؛ دیانکردە قاورمە. سەروپێ جەمێک، جەرگ و دڵ زیادی؛ بەڵام بەداخەوە نەبوو.

مام عەلییە عەجەمەکەی خۆمان مەنجەڵۆکێکی پێ بوو تەواوێک حەساندبووینەوە. دەمانتوانی دوو یان سێ جەم پێخۆرمان هەبێ. ڕۆژێک قەدۆی کۆنە حەرەسم هێندەی بەز و چەوری خواردبوو حاڵی تێک چووبوو؛ هیقی دەهاتێ و دەیناڵاند. تا دەیناڵاند مەلا باقی دەیگوت: سەگدایک! کای خۆت نەبوو، کادێنی خۆت بوو؛ چای وشکمان پێ بوو. شەککر و قەند نەبوو. چای بێ شەکرمان دەخواردەوە و فێری ببووین. ڕۆژێک پیاوێکی زۆر پایەبەرز کە ئامیرلیوا بوو (وا بزانم دەبێتە سپەهبودی ئێران)، بە ناوی «عەبدوڕڕحمان قازی» دەگەڵ بارزانییەک هات. گوتی: «مەلا مستەفا فەرمووی بە هەژار بڵێن کاک عەبدوڕڕەحمان با میوانی ئەو بێ؛ قەدری بگرێ».

- ئای سەر چاوان!

پەتوویەکی سەربازی تەنکم هەبوو، بۆم ڕاخست.

- مام عەلی چای لێنێ!

قرۆشکە چایییەکیان لەپێش دانا، هەر تماشای دەکرد. دیار بوو وای بۆ چووبوو کە شەککری تێکراوە و لێک دراوە. فڕێکی لێ خواردەوە و تفی کردەوە.

- ئەوە کوا شەککر؟!

- ببەخشە نیمانە، ئێمەش هەر وای دەخۆینەوە.

- لایبەن ناخۆمەوە!

- نەچی بفەرمووی قەدریان نەگرتم! لەوە زیاتر دەست ناڕوا.

ڕۆژی دوایی کەللەقەندێکیان بۆ هێناین، هەموو بە دڵۆپە زەرد ببوو؛ یان دەبێ بڵێم ڕەش هەڵگەڕابوو. مام عەلی ڕۆژتە! بە کۆلک و قەندشکێنی تاڵانی پیری خەڵ، هەمووی وا ورد کرد عەینەکی زەڕەبینی دەویست لێکیان جیا کاتەوە! زۆر بە حەوسەلە و دانە دانە عادڵانە بەشی کرد و هەر کەس بەشی خۆی بخاتە گیرفانی. حەز دەکا بە جەمێکی خەلاس کا، حەزیش دەکا بە مانگێک.

سەرم زۆر هاتبوو؛ مستەفا و کاوە گوتیان بیخووسێنە بۆت بتاشین. بە خۆتراشی ڕیش کەوتنە سەرم؛ بە چوار جێ برینداریان کرد! گوتم: ئێوە لە سەری من خۆتان فێر دەکەن؛ جا بڕوانن من چۆن سەرتاشێکی کارامەم! خوا لە خێری دەرنەکا، پتر لە دە جێم لە سەری هەردووکیان دە خوێن هێنا و تۆڵەم لێ کردنەوە!