بە شەو مێشوولە و بە ڕۆژ تەیارە!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  731 مشاهده

ئێوارە گوێزتمانەوە شوێنێکی تر لەبن چیای پیرس؛ کە «بنگەڕ»یان پێ دەگوت. لە گۆڕایییەکی ناو دار و بار و سەر جۆگە، بنکەمان دانا. شەوانە مێشوولە وردە و تەپۆ کوێرە حەشریان دەکرد. حەجمین هەڵگیرابوو؛ دەست و چاومان لە ترسان دەداپۆشی. لە سەرەوە کە دندووکیان تێدەچەقاند، خوێنیان دەردێنا. تەپاڵە و تەرس- بۆ دووکەڵکردن دژی مێشوولە- ببووە دەرمانی چاوان. بە کڵاوەکەم بە بنکە پێشمەرگاندا دەگەڕام:

- کاکە! سندووقی سەری خۆتان بە هێندێک تەرس دەستمان بگرن! ئەگەر تەرسی ئەسپە سپی وشک بێتەوە دەتاندەمەوە!

وەک تارمایی بابی هاملێتی شەکسپیر دەگەڵ بەری بەیان و کەڵەشێر خوێندن، مێشوولە دەڕەوین و ئەمجار نۆرەی تەیارە و بۆمباران و مووشەکباران بوو. هەمیشە دوازدە تەیارە و پتر خولیان دەخوارد. ئێران و تورک دەگەڵ بەعس هاوکار بوون. دوو دەستەی ئێرانی و تورکی بنکەیان لە کەرکووک بوو. دەیانگوت ڕۆژانە تەیارەی ئینگلیسیانیش لە قوبرووسەوە دێن و بەشی خۆیانی تێ دەخەن. تەیارەی مێگ و هوکرهەنتەر و بە مارکی ڕووسی و ئینگلیسی و توکیمان دەدی. بە سەدان تۆپی گەورە و پچووکی سەحرایی وێکڕا دەتەقان و بە قسەی ئەفسەرێکی عێراقی چوارسەد تۆپیان وێکڕا ئاگر دەدا کە سەد و پەنجایان تۆپی گەورە بوون. ڕادیۆ مۆسکۆ هەموو شەو تاریفی لە بارزانیی پاڵەوان دەکرد و بە مەحتی پێشمەرگەدا دەهاتە خوار و دەیگوت: شۆرەوی ناتوانێ قبووڵ بکا ئەم شەڕە زاڵمانەیە دژی میللەتێک لە جیرانەتی ئەودا بکرێ. مەنگوولیاشی ڕاسپارد شکایەتمان بۆ بکا. وا دیار بوو تورک و ئێران لەو فڕوفیشە ترسابوون؛ دەستیان لە یاریدەی بەعس بەردا.