چەند بیرەوەریی ئەو چیاوچۆڵە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  756 مشاهده

سەلاحی موهتەدی (مستەفا) زۆری شیعری فارسی لەبەر بوو. کاوە سەرەڕای زۆر ئازایەتی و بەکاری، لە لاساکردنەوەی هەر کەسی دیبووی وێنەی نەبوو. بەو دووانەش زۆر کەیفم دەهات.

ڕۆژێک «مەلا حەسەن ڕەستگار» و «مەلا ڕەسووڵی پێشنمازی» دوو کەسیان دەگەڵ خۆیان هێنا کە تازە لە سابڵاغەوە هاتبوون. دوو جحێڵ بوون، یەکیان ئاوڵاوی بوو، گوتیان گوێ بگرە زۆر خۆشە. یەکیان بە تووڕەیی هەڵیدایە:

- ئاغا گیان ئەمە بە شەو، بە بیراهە، بە هەزار جان کەندەن، بە نێو دڕواندا هاتووین، لاقمان زەخمی بووە، ئەو گاندەرانە پێمان پێدەکەنن!

منێکی ئەو هەموو ساڵە لەو زاراوە خاوە دوور، چۆن پێنەکەنم؟!

لای کابرایەکی سورچی دانیشتبووم. لەپڕ پرسی:

- ئەتۆ خدری مە ناناسی؟

- نا.

- کو؟ خدر، خدر، کو نایناسی؟!

- بەڵێ دەی...

- خدر جنێوی بە سەیید دابوو ببووە گورگ. پاش بیست ساڵان شەوەکی دە قوڵکەی کەوتبوو، ببۆوە بە خدری جاران. بەرام ددانەکانی هەر گورگی بوون؛ هەستی ستووری پێ دەشکاندن. خواردنی هەر هەستی بوون!

- ئەی ماشەڵڵا!

هەر ئەو سورچییە گیایەکی دامێ، لاسک درێژی گەڵا وەک کەوەری درێژۆکە، تای لاسکەکەی زۆر ترش و خۆش. گوتی: ئەوە مام ڕێواسە، دەرمانی هەموو کرمانە. بۆ دوکتور مەحموودم برد و پێم گوت؛ گوتی: کەرە، درۆ دەکا! هەر جۆرە کرمە دەرمانی تایبەتی خۆی هەیە. پاش چەند ڕۆژێک دوکتور گوتی: بەڕاستی کابرا ڕاست دەکا؛ هەموو کرمێک دەکوژێ.

مەلا باقی کونە ئەشکەوتێکی پەیدا کردبوو، بەتەنیا تیا دەژیا. نازانم بۆ کوێیان نارد. دوو داری وشکی سەر دووفلیقانەی ئەستوورم لە دەرگاکەی چەقاند و دارەڕام کرد و گیامان خستە سەر، تەواو خۆش ببوو. ناوم نابوو «کونە باقی»، کردمە ماڵی خۆم. تا نیوەڕۆ بەر سێبەرێکی خۆش بوو؛ دەنووستم، دەمخوێندەوە، دەمنووسی. دوو سەرمازەڵە کە «خەمەگڕو» یان «قمقمۆک»ی پێ دەڵێن دەهاتنە بەرانبەرم و بە بەر دەرکەوە سەریان ڕادەوەشاند، دەتگوت دەروێش زیکر دەکەن. تەواو سەبووریم پێیان دەهات. ڕۆژێک دوو بارزانیم لە لا بوون، چاویان پێ کەوتن:

- های دەبێ بیانکوژین!

- ئەوانە دۆستی منن، هەر چی دەستیان بۆ بەرێ خوا هاوار!

دەبێ ئەوە بزانین کە بارزانی لایان وایە کوشتنی سەرمازەڵە خێرێکی گەورەیە و کێ دە سەرمازەڵە بکوژێ، وەک کافرێکی کوشتبێ وایە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەر چیرۆکێک کە لە هێندێک کتێبێ قەدیمدایە: ئەگەر برایم پێغەمبەریان خستۆتە ناو ئاگر، سەرمازەڵەی فاسق فووی لێ کردووە تا ئاگر خۆشتر کا! تەنانەت وا بزانم شێخ مارفی نۆدێیی کردوویە بە شیعریش، دەڵێ:

فاسقی خەمسە دیارە:
دووپشک و مشک و مارە
سەرمازەڵە و کۆللارە

بە ڕیوایەتێکیش:

قەلەبازەڵە و کۆللارە

کە قەلەبازەڵە قشقەڵەیە و بۆ خۆشم کە فەقێیەکی منداڵ بووم، قشقەڵە کوشتنم بەخێر دەزانی. ڕۆژێک بە بارزانیم گوت: ئەگەر شۆڕش خەلاس بێ، کەرێک و دوو سەبەتە دەبەمە لای کۆیە. هەر سەرمازەڵە دەگرم و دێنم لە بارزان دەیفرۆشمەوە، دانەی بە نیو دینار!

کوڕێکی مەلا مستەفام دی ڕاوی سەرمازەڵەی دەکرد. گوتی: هەر تەنیا یەکێکم کوشت. گوتم: هەر باشە کەپۆی کافرێکت دە خوێن هێناوە!

ئەوا لە ئەشکەوتی کونە باقیدا خەریکی نووسینەوەی شیعری مەلا ئەحمەدی ناڵبەندم، ئاگام لە دنیا بڕاوە، تەپەی پێ لە سەربانەکەمەوە هات، هەرام کرد: تێدەکەوی مەیە! لەپڕ دەستە کەرێک شۆڕەوە بوو. دیار بوو بۆ دەست کوشین درێژ کراوە! کەر هاتبوو گیای سەربانەکەم بخوا، تێکەوتبوو. تا ڕامانکێشا چەقی مەرگمان کرد.

پاش نیوەڕۆیان تاوی تێ دەکرد، دەچوومە ئەوبەر کە سێبەر بوو. لەبن دارێک جێگەم خۆش کردبوو؛ کاری نووسینەوەم لێ دەکرد. ڕۆژێک خشەیەک لە پووش هات؛ ڕوانیم مارێکی ڕەشە. سەرم داخست. قەدەرێک دوودڵ ما؛ پاشان هات بە بەر دەممدا، نزیک میترێک دوور ڕۆیشت. پاش ماوەیەک هاتەوە؛ ڕاست بە شوێنەکەی خۆیدا گەڕاوە. دەگەڵ مار بوومە دۆست. هەموو ڕۆژ سەعات چوار پێنج دەقیقە کەم دەهات؛ سەعات چوار و حەوت دەقیقە دەگەڕاوە. قەت شوێنەکەی تێک نەدەدا. دەچوو ئاوی لە شیوەکە دەخواردەوە. ئەمەم بۆ مستەفا گێڕاوە -کە ئاشنایەکی وام پەیدا کردووە- هاتە لام. دەمانڕوانیە سەعات، سەری وەخت مار هات. مستەفای نامبارەک پلارێکی تێگرت و مار چووە بن وشکە دارێکەوە. هەرچی گوتم فایدەی نەبوو. پووشی کۆ کردەوە و داری ئاگر دا. تڕێکیشی پەیدا نەکرد؛ بەڵام ئاشناکەمی تۆراند.