بەرەو بارزان، کە شەڕی تێدا توند بوو

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 7 دقیقه  740 مشاهده

تا بارزانی بۆ خۆی لە چیای براندۆست بوو، بنکەی فەرماندەییی باڵا بو. هەموو باسوخواسی شەڕ- کە لە هەموو ئاقاران گەرم بوو- دەهاتە ئەوێ و فەرمان لەوێوە دەدرا. وەک هەمیشە بەیانییەک دیتمان بارزانی و هەواڵانی چەکداری پاسەوانی نەماون. شەڕ لە بارزان توند ببوو، بۆ خۆی چووبوو. هەر چەند هێشتا زۆر بنکەی لەوێ مابوون و کاری جەبهەی ئەو ناوەیان بەڕێوە دەبرد، دەگەڵ ئەحمەد بڕیارمان دا ئێمەش بچینە بارزان. ڕۆژێک چوومە گوندی خەلیفان. دووکانێکی لێ بوو، هەشت پاکەت قاوە و قاوەجۆشێکم کڕی و هێندێک کەلوپەلی تر کە نەوەک دەسمان نەکەون. شەو هەموو هەواڵە ئێرانییەکان لە ئەشکەوتێک کۆ بووینەوە کە چۆن بڕۆین و چ بکەین؟ «سولەیمان موعینی» کە ناوی «فایق» بوو، زۆر بە دڵگەرمی باسی فیداکاری دەکرد و دەیگوت: دەبێ ئێمە خۆمان لەو شەڕەدا نیشاندەین.

ئەحمەد بە سرتە پێی گوتم: فایق ناوێرێ بێ، ئێستا بە فێڵێک خۆی دەدزێتەوە.

گوتم: دیسان بەدبینی؟! بەسیە...

پاش وتووێژێکی زۆر، فایق گوتی: کاک ئەحمەد، ئێمە هەموومان بچینە بارزان و هێندە لە ئێران دوور کەوینەوە، کێ دەرمانێک، قەند و چایەک، جلکێک، شتێکمان بۆ بنێرێ؟

ئەحمەد چاوی لێ داگرتم:

- ڕاست دەکەی؛ جا کێ بچێ ئەو کارە بکا؟

- من دەگەڵ چەند برادەرێک دەچینەوە قەڵادزە. ئاگامان لێتان دەبێ، کە زۆر لازمە.

ئەحمەد گوتی: فایق زۆرم تەجرەبە کردووی! پیاوێکی زۆر خوێڕی و ترسەنۆکی! ئەو جارەی کە دەگەڵ هەباساغا دەمەقاڵەم بوو، جنێوم پێ دا. ئەویش سێ کەسی ناردبووە سەر ڕێگەم کە لێمدەن. تۆ دەزبەجێ هەڵاتی و بەجێت هێشتم. من دەگژیان ڕاچووم و تفەنگم لە یەکیان ستاند و بە پاڕانەوە دەستم لێ هەڵگرتن. ئەوە جگە لە چیرۆکی هاتنەکەت بۆ عێراق کە مینەشەم و کاوە باشی دەزانن... بڕۆ لە قەڵادزە دانیشە! ئێمە دەڕۆین. بەڵام برادەرە ئازاکانمان مەبە!

فایق سەری داخشت و بێدەنگ بوو. ئەحمەد دوو کەسی دەگەڵ بەجێ هێشت و هەستاین.

- برا خواحافیز!

فایق دەستی دە دەستی دەناین و دەیگوت: «هەر خوایە نامرێ»!

ئەوەش من بۆ قەبری مەحموود کاوانیم نووسیبوو؛ یانی ئیوە بەرەو کوشتن دەچن.

دوایی لە کاوەم پرسی چیرۆکی هاتنی فایق چۆن بووە. بۆی گێڕامەوە و ئۆباڵ بە ملی خۆی:

«چەند کەسێک بووین دەگەڵ فایق بەرەو عێراق دەهاتین. لە ڕێگە ڕەمزمان دانا کە بە لایت یەکتر لە شەوا تێبگەیەنین ئەگەر لێک بڵاو بووین. شەو لە کێوێک بووین؛ خرمەی وڵاغان هات، دەنگمان دان، لە چەخماخی تفەنگیان دا و ئێمە لێک بڵاو بووین. تەقەیان لێ کردین و ئێمەش تەقەمان کرد. ئەسپێکیان لێ کوژرا، یەکیان بریندار بوو. هاواریان کرد: ئێمە قاچاقچین، لێمان گەڕێن دەڕۆین. ڕۆیشتن. بڵاوبووەکان هاتنەوە. فایق دیار نییە. زۆرمان هەرا لێ کرد، پاش تاوێ جوابی داوە:

- ئێوە کێن؟

- چۆن؟ ئێمە هەواڵی خۆتین و دەنگمان دەناسی و ئەوەش ڕەمزی لایت.

هەرچی کردمان لە کون نەهاتە دەر. بەجێمان هێشت. مینەشەم بۆی گەڕاوە، هەڕەشەی لێ کردبوو:

- نەیە دەر دەتکوژم!

بە هەزار گیڕەونیڕە و سوێند کە ئێمە هەواڵی خۆتین، دەریهێنا و هاتەوە لامان!»

بەرەو دوای یەک لە چیای براندۆستەوە داگەڕاین؛ دامانە سەر کاروانەڕێ. لە گوندێک بە ناوی «سۆران» دوو پیرەمێرد پێکەوە داوەتیان دەکرد. گوند چوار ماڵە. جحێڵ لە جەبهەن. کوڕێک هاتۆتەوە بووکی بۆ بگوێزنەوە. کوڕ خەریکی ئامادەکردنی نانی میوانە؛ دەگەڵ ژنان و باب و مامی داوەت دەکەن. یەک دوو گەڕیان دەگەڵ هەڵپەڕین و ملی ڕێمان گرت.

لە تیئۆری «داروین»دا ئاڵقەیەکی گوم هەیە کە بۆی نەدۆزراوەتەوە. وەختە بڵێم ئەسپە سپیلکی منیش لە مێشکمدا ئەو ئاڵقە ونەیە! لە ناو خۆشناوەتی پێم بوو. لەو شەوەوە کە لە جادەی خەڵیفان پەڕیومەوە، پیادە بووم تا لە چیای براندۆست هاتوومە خوار. ئێستا ئەسپە سپیلک بەبێ ئەوە هیچ عاقڵ بووبێ لە لامە! خۆزگە برادەرێکی هاوڕێی ئەو دەم ئەو ئاڵقە گومەی بۆ بدۆزیبامەوە کە ئەم شەخسییەتە گرینگە کام دەوری گێڕاوە؟!

حەسەن برازای ئەحمەدتەفیق دەڵێ: ئەسپەکەت درابوو بە مەلا باقی، پێی چووبووە دەرگەڵەی گوندی سلێمان بەگ؛ پاش چوار ڕۆژ بۆیان هێنایەوە؛

شەو لە دەشت ماینەوە. بەیانی لە گوندی «سلێمان» ساوارێکمان خوارد و- بە تێری- لای نیوەڕۆ، گەینە «ڕێزان»؛ کە ماڵە مەلا مستەفا- یان دەبێ بڵێم ئیدریس- لەوێ دەژیا. دێ- وەک هەموو دێهاتی بارزان- بە ڕۆژ چۆڵوهۆڵ لە ترسی تەیارە؛ کە هەمیشە بە عاسمانەوە دەخولانەوە و هەر جانەوەرێکیان دیبا، بەر بۆمبا و مووشەکیان دەدا. لە قەبرستانێک چووینە بن دارمازوویێکی زل. مێشوولە وردە کارێکی دەکرد نەعووزووبیللا! هێندێک تەرسی وشکمان کۆ کردەوە و ئاگرمان دا کە دووکەڵ مێشوولە بڕەوێنێ و بتوانین چاو هەڵێنین. ئەحمەدتەوفیق و حەسەنی برازای ڕۆیشتن. ئەحمەد گوتی: ئێوە لێرە بن بزانم کەسێکی وا پەیدا ناکەم خەبەر و باسێکی لێ پرسم. هەر ئێستا دێمەوە. ئەو ڕۆیشت و نەهاتەوە. مستەفا و من و خدر ناوێکی گەورک بە دیار دووکەڵی تەرسەوە چاوەنۆڕ ماین. زەلامێکمان لێ پەیدا بوو:

- مەمنووحە ئاگر. تەیارە دەتانبینێ.

ئاگری پێ کوژاندینەوە، مێشوولە هێرشیان هێنایەوە.

- برا تا کوێر نەبووین با بچینە ناو ئەو ماڵە چۆڵانە.

- تەیارە لێمان دەدا.

گوتم: کاکە! یان تەیارە لەو خانووە دەدا، یان نادا. ئەگەر لێی دا، چوزانن لەو شوێنە دەدا کە ئێمەی تێداین؟ئەگەر لەوێی دا، چوزانین ڕاست وە ئێمە دەکەوێ؟ هەر چییەک بێ بۆمبام پێ لەو مێشوولە کوێرانە باشترە. ئەوا ڕۆیشتم.

مستەفا و خدریش هاتن. لە پشت خانووەکەوە- کە دەرگاکانی داخرابوون- کونێکمان پەیدا کرد. چووینە ناو وەتاغێک، تەختە دامەی لێ بوو. «با دامە بکەین». گڕەی تەیارەش ناپسێتەوە. کا خدر لەو لاوە کروشمەی کردووە. بایەکی توندی هەڵکرد؛ لوولەی کوورەی بەشی سەربان وڕەی دەهات؛ گوڕەی تەیارەی زیاد دەکرد. لەپڕ با دەرگایەکی شەق پێوەدا.

گوتم: ئەها! بە خوا لێی دا!

کا خدر قوت بوو، گوتی: بۆ نەچینە دەم چۆم؟ نان و چا لەوێ بخۆین!

مستەفا دەیزانی چ باسە:

- لە دەم چۆم مێشوولە زۆرە و تەیارەش دەمانبینێ. تۆزێکی تر...

دیسان لوورەی لوولە کوورە و تەقەی دەرکە هات. خدر گوتی: دەچمە سەر چۆم بۆ دەسنوێژ! ڕۆیشت تا شەو نەهاتەوە. پاش نوێژی شەوانێک درەنگ، ئیدریس و پێشمەرگە و ئەحمەد تەوفیق و مەلا باقی داوەرینەوە. تا سەعات دووی پاش نیوەشەو چەقە و هەرا بوو. باسی دروێنەی بە شەو، سووتای دەخڵان بە تەیارە و خۆ شاردنەوەی بە ڕۆژ بوو. لەبیرمە پیرەمێردێک گوتی: «سوێند بە خودا هەر کەس بەدڵ ماڵی خۆی بە هی شۆڕش بزانێ و دەخڵەکەی بە نیەتی نانی پێشمەرگە بدروێتەوە، بەر تەیارە و سووتان ناکەوێ...».

درێژ بووین کە بنووین، دوای سەعات دوو ڕاستیان کردینەوە:

- بڕۆن لە دەرەوە خۆ بشارنەوە.