مام عەلی عەجەم

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  813 مشاهده

لەو هەواڵە ئێرانییانە، «مام عەلی عەجەم» شتێکی زۆر سەیر و خۆش بوو. درێژێکی باریکی بە جووتێک سمێڵی شاعەباسیی سپی و چاوێکی سووری بریقەدار. وەک «متۆشالحی تەورات» کەس نەیدەزانی عومری چەندە! بە خەیاڵ بە هەشتا ساڵمان دادەنا. وا دیار بوو ڕۆژێک لە ڕۆژان ترکی ئازەربایجانی بووە. کوردییەکی زۆر چاکی دەزانی بەڵام ترکانەی دەگوت. ترکیشی باش لە بیر نەمابوو. خوا دەزانێ چەند ساڵ بوو لە کوردستانی موکریان و لە کوردستانی عێراق ژیابوو. لە کێو نەبا نەدەژیا. دەگەڵ پێشمەرگەی جمهووری سابڵاغ لە لای سەردەشت بووە. پاش شکانی جمهووری، دەگەڵ «عەلە گاور» و «سەمەدی چەتە» شەو بە کێو ژیاوە. لە سەرەتای شۆڕشی بارزانیشەوە هەر دەگەڵ بووە. قەت لە کارکردن ماندوو نەدەبوو. کاریشی چێشت لێنان و ڕێکوپێک ڕاگرتنی بنکە بووە. لە هەموو تەمەنی شەو بە کێویدا و هەموو گیانیشی هەموو دەم درۆ و فڕوفیشاڵ بوو. درۆی وای دەکرد کە دە قوتووی هیچ عەتارێکدا نەبێ. ناوی هەر کەسی بیستبا- جا با چوارسەد ساڵ لەوە پێشیش مردبا- دەیگوت دەمناسی و زۆری نەقڵی دۆستانە لێ دەگێڕاوە! بەڵام درۆکانی ئەوەندە بەڕێ و جێ دەکرد، زۆر کەسی پێ هەڵدەفریوا و تا درەنگانێک بەڕاستی دەزانین:

* لینین؟ ئەی بە ڕەحمەت بێ! لە مۆسکۆ دیتمی سەری چەنەگەی ماچ کردم؛ فەرمووی عەلی بەرنە مووزە بە کەیفی خۆی چی دەوێ هەڵگرێ! گەڕام، گەڕام، جووتێک کڵاشی هەورامیم هەڵبژراد. هەموویان بۆیان لە چەپڵە دام!

* گاگارین گوتی: میللەت باش نییە!

گوتم: ئەگەر تۆ لە عاسمان دەگەڕای لە کوێ دڵت خۆش بوو؟

- لە سەر مۆسکۆ.

- ها، ئەوە تۆش میللی!

لە چەپڵەیان دا!

* مارشاڵ تیتۆ؟ ئەوێ ساڵێ ئەمن لە وارشەو نوتقم دەکرد، منداڵێک بوو جلی مارشاڵییان دەبەر کردبوو. زۆر منداڵێکی خوێنشیرین بوو؛

* مۆشێ دەییان؟ ئەو سەگبابە ئێستاش تووتن و پەڕم پێ قەرزدارە! فەعلە بوو لە جادەی گەلی عەلی بەگ، گوتی: مام عەلی جغارە چ بکەم؟ تووتن و پەڕ و چەخماغم دایە. ئەمما ئەو دەم ناوی مووسا دایان بوو!

* کوێر بم، پاش سمایلاغای سمکۆ من گەدرم نەماوەتەوە! هەر پێی دەفەرموومەوە: «دایی ئەلی!». ئەو دەم ئەو تفەنگە بڕنۆیەم هەر بە دەستەوە بوو!

ئەوەی لە کن من و ئەحمەد دەگێڕاوە کە من تفەنگەکەم بۆ لە ئەحمەد ئەستاندبوو!

* باپیرم- بابەکی خوڕەم دیلی!- کورد بوو. شەشسەد، حەوسەد، هەشسەد ساڵ پێش، هیزبی سوسیاڵ دیموکراتی دروس کرد!

* لە تەورێز لەشکرچی سەتارخان بووم. ساچمەی تۆپمان نەمابوو. ڕەحمەتی مەشتی مەمەدالی خان، کۆڵی پەنجا حەنباڵی دوو گرانی و پێنج گرانی نارد، کردمانە ساچمەی تۆپ!

جارێک دەیگوت مودیر پستی ئەمنیە، جارێک سەرلەشکر؛ ئیتر هەرچۆنی بۆی هاتبا!

* جزیرەی خارک چوار بەحرە؛ پڕە لە تیمساح. کێ بچێتە دەم ئاو، تیمساح دەیخوا. تاقە پردێکی هەیە؛ تەنیا زیندانییەک لە دنیادا توانیویە لەوێ هەڵێ؛ ئەویش من بووم؛ دیتم یەکێک لە بن کامیۆن تەکەتەک دەیکاتەوە، منی بە لیباسی هەبسی دیت؛ گوتی: ئەلی! ئەوە لێرە چ دەکەی؟! جلی شاگردیی دامێ؛ دەگەڵی سوار بووم. هێنامی تا نزیک شیراز. لەوێوە بە پێ بە سەهرادا دوو مانگ بە ڕێزی دارتێلاندا هاتم تا گەیشتمە ئابادان. چوومە گاوەخانە؛ یەکێک گوتی: ئەلی! لێرە چ دەکەیەوە؟! گۆران بوو. بردمی دوو مانگ لە سەرداو- لە پەنا کووپە شەڕابان- بەخێوی کردم!

ئەم درۆ زلانە و هەزارانی دیکەی وای دەنەخشاند هەر حەزت دەکرد گوێی لێ بگری. گیانێکمان بەو درۆ نەخشینانەیەوە بوو. هەر باسێکیشی بکردایە کە لە زەمانی جمهووری سابڵاغدا با، دەیگوت: «ئەوە هەژار دەزانێ!»؛ دەموێرا بڵێم نا؟! کەلیمەی «سەگباب» لە کن ئەو قسەی خۆش بوو بۆ هەر کەسێ کەمترین ڕەخنەی لێ بگرتایە.

چێشتی لێدەنا، بەڵام دەگەڵی نەدەخواردین. ڕۆژێک برنجی سی کەسی لێنابوو، خوێی تێ نەکردبوو. کاکەحمەد گوتی:

- مام عەلی وا بزانم کەمێک بێخوێیە!

- ئافەریم! هەر دەمگوت بزانم سەگبابێک دەزانێ خوێم تێ نەکردووە؟ تەجرەبەم کردن؛ تۆ زۆر زیرەکی!

بەڵام بە پاڵ ئەو هەموو درۆ نەخشینانەشەوە، یەکجار زۆر چیرۆکی ناو کوردان و مەسەل و ڕابردەی گەورەپیاوانی دەزانی. زۆر جار وا بووە نەمزانیوە بە کوردی بە شتێک دەڵێن چی، ئەو دەیزانی. هەر ئەگەر دەمدی تۆزێک کزە، دەمگوت: خەم مەخۆ، با شۆڕش خەلاس بێ، دووبەدوو دەبینە چەتە بە شاخانەوە، هەر حاجییان ڕووت دەکەین! وە کەیف دەهاتەوە. ناتوانم هەموو باس و ڕەفتاری مام عەلی لێرەدا بنووسم، چونکە کتێبێکی گەورەی دەوێ. ئەمانەم بۆ چەند نموونەیەکی- کەم لە زۆر- گێڕاوە کە بزانی چەند وەروێرکە و ئاودەنگییەکی خۆش بوو لەو چیا و چۆڵە.