لەناو ئەشکەوتانی چیای براندۆست

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  780 مشاهده

چیای براندۆست ئەشکەوتێکی زۆر گەورەی هەبوو، ساڵۆن ساڵۆن، لە شوێنێک ئاوی تێدا بوو. نەمانزانی تا کوێ ڕۆییوە؛ چونکە پیاو ئەگەر زۆر چووبا نەفەسی تەنگ دەبوو، پشووی لێ دەبڕا. پتر لە سەد پێشمەرگەیەک لەو ئەشکەوتەدا دەژیان؛ کە ئەگەر ناچاری با، جێگەی چوارسەتیشی تێدا دەبوو. دوو سێ ئەشکەوتی پچووکی تریشی لێ بوو کە زۆر تەنگەبەر و لە بارانەدا دڵۆپەیان دەکرد. لە تاوساودا لە دەرێ دەژیاین و هەر چەند کەسێک لەبن دارێک، سیپاڵی بە زەویدا دەدا. ڕووناکاییی شەومان ئاگر بوو. لەبەر ئاگر نانمان دەخوارد و ڕۆدەنیشتین تا خەوتن. بە نزیکەی چوارسەد پێشمەرگە، فانووسێکی کەچمان هەبوو؛ بێشوشە. نەوتی تێدابوو؛ سەری جێ نەوتەکەش نەبوو. هەر کەس چەخماخی ئاگری جگەرەی بێنەوت بووایە، دەچوو لە کونەوە دە نەوتەکەی هەڵدەکێشا. سەیر لەوەدا بوو ڕادیۆ بەغدا بەیانیی ڕەسمی بڵاو دەکردەوە کە بە حیسابی کیلۆمیتر بەنزین و بە حیسابی خێزانی ماڵ نەوت بدەن؛ نەوەک یاغییەکان بەهرەی لێ ببینن!

ڕۆژێک باران دایدا. با بگەڕێین و ئەنوا پەیدا کەین. دەگەڵ مستەفای کاکە ڕەحمان بۆ ئەشکەوت دەگەڕاین؛ مەلا باقیش دەگەڕا. کونێکم دۆزیەوە بە حاڵ جێگەی هەڵترووشکانی دوو کەس دەبوو؛ ئەویش دڵۆپەی لێ دەهات. گوتم: وەرە با بە لای مەلا باقیدا بڕۆین و تووڕەی کەین! بە سرتەیەکی وا کە گوێی لێ بێ گوتم: ئەوە شوێنی من و تۆ، نابێ کەسی تر بێ!

مەلا باقی گوتی: بەڵێ، ئێوە نەجیمزادەکان جێتان هەبێ، ئێمە بە جەهەننەم! شەرتە لە داخی ئێوە ئەمشەو لەبەر باران بنووم!

- مامۆستا مەلا باقی بە قورعان دەبێ ئەو ئەشکەوتە ئی تۆ بێ؛ تووڕە مەبە!

پیلمان کێشا، ماڵی نەجیمزادانی دیت. لە داخان پێکەنی:

- ئەگەر خێری تێدابا وە بەر منوو نەدەخست؛ ممبارەکی خۆتان بێ!

دەگەڵ دوو هەواڵان- ئێستە نازانم کێ بوون- کونە بەردێکمان دیتەوە؛ تێی خزاین. زۆر نەوی بوو. جارێک هەستام دانیشتم، سەرم شکا.

مەلا مستەفا خزابووە کونە ئەشکەوتێکی لەوەی گوتم خراتر؛ دڵۆپەی دەکرد؛ خۆی هەڵوێزنیبوو دڵۆپەی وێ نەکەوێ. لەو دەمەشدا کابرایەکی ڕانندە تاکسیی هەولێری دەینەڕاند:

- دەبێ هەر بچم شکایەت لای مەلا مستەفا بکەم؛ زوڵمم لێ کراوە.

لە دەرکی ئەشکەوتەوە گوتم:

- ئاخر گاڵتەی لەوە خۆشتر چۆن دەبێ؟ بارزانی دەیەوێ شکایەت لە دەستی دڵۆپە بکا و ئەم کابرایەش شکایەت لای بارزانی.

بارزانی زۆر ڕۆژان بەوە پێدەکەنی

لە زۆر لە مێژەوە کە سوورچی و سۆفی شێخ ڕەشید دوژمنی بارزان بوون، شێخەکانیان مریدی خۆیان وا تێگەیاندبوو: هەر کەس تووشی مێزەر سووران- یانی بارزانی- ببێ و بتوانێ و نەیکوژێ، کافر دەبێ. ئەو شوێنەی ئێمەی لێ بووین ناو جەرگەی سوورچی بوو. نەیاندەتوانی بمانکوژن، لێمان دەترسان؛ بەڵام لە شەیتانیان ناخۆشتر دەویستین. گوێم لێ بوو ژنە سوورچییەکی ڕەوەند ددان کەوتووی چرچ دەیگوت: خوایە بۆ خاتری مەرقەدان و شێخی چاوبەڵەک! تەیارە بێن و ئەو کافرانە بکوژن؛ با حەویانی دەمیش بەرکەون!

سروودێکم لە زمان جاشانەوە نووسی کە لە دیوانەکەمدا چاپ کراوە و سەربەندەکەی «جاشین کوڕی کەرانین»ە. بۆیان گێڕامەوە کە جاشەکان داوەتیان بووە و ئەم شیعرانەیان بە گۆرانی گوتووە و لەبەری هەڵپەڕیون!

ڕۆژێک لەگەڵ ئەحمەد چووینە جل شوتن؛ شوانێکمان بەلادا هات:

- کاکە! بڕێک شیرمان نادەیەی؟

- دەفرم وێ نییە.

- ئێمە وێمانە!

- نازانم بدۆشم.

من ملی مەڕێکم گرت و ئەحمەد ملی لە دۆشین نا؛ قەت ژنە بۆڵی وای حەیوان نادۆشن.

- ئەویش دەزانی؟!

ئەحمەد تەوفیق دەستە پیاوێکی بەلەباریکی جوان چاک، سپیلکەڵە، مووی لە ڕەشییان بریقەی دەهات. قەت لە کارکردن ماندوو نەدەبوو. زۆر پاک و خاوێن و مورەتتەب بوو. کەس بە پێ دەگەڵی دەرنەدەبرد. ڕۆژ و شەو بێوچان بە شاخ و کێو هەڵگەڕابا، نەفەسی تەنگ نەدەبوو. نەیدەهێشت بەردەستانی ساتێک بێکار و تەنبەڵ ڕایبوێرن. لە غارداندا پێم وا بوو کەورێشکی لە بەر دەرناچێ. جارێک جاشێکی دیل هەڵاتبوو. جاش وەک تاژی ڕایدەکرد؛ ماوەیەکی زۆریش دوور کەوتبوو. ئەحمەد کەوتە سەری؛ گرتی، تفەنگچیی چاک بوو؛ نەیدەزانی ترس چییە. هەموو گیانی هونەر بوو. عەیبی ئەوە بوو زوو تووڕە دەبوو. زۆر سەختگیر بوو؛ خەتایەکی چکۆڵەی لە ژێردەست قبووڵ نەدەکرد؛ نەیدەبەخشی. بە چاوی بەدبینیی دەیڕوانیە زۆر لە هەواڵەکانی ئێرانی؛ زۆر دەترسا کە ساواک ناردبنی. کە لە سەر ئەو وردە عەیبانەی لۆمەم دەکرد؛ جاری وا بوو لە سەر ئەو لۆمەکردنە لێم دەڕەنجا؛ بەڵام زۆر زوو ئاشت دەبووینەوە. پێشمەرگەکانی بارزانی و هی تریش- کە دەیانناسی- زۆر لەبەر ئازایەتییەکەی خۆشیان دەویست. ئەگەر پشووکورتی و زوو تووڕەبوونی نەبوایە، بۆ کاری زۆر گەورە زوو ئامادە بوو. دیسان لام وا بوو لە ئایندەدا دەبێتە پیاوێکی گەورە؛ بەڵام زەمان مۆڵەتی نەدا...