لانکی نیازە، تفەنگی دەوێ!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 6 دقیقه  779 مشاهده

«بێجان جندی» بە چەند پێشمەرگەیەکەوە لە نزیک ئێمە بوو. ڕۆژێک منداڵێکی یازدە دوازدە ساڵانەی وردی بە دواوە و هات:

- کاک هەژار! ئەم هەتیوە هاتووە دەڵێ بمکە پێشمەرگە. ئەگەر لانکێکتان هەیە بمدەنێ تا تێیدا بخەوێ!

منداڵ گریا، گوتی: ناوم حوسێنە؛ بابم نییە؛ هەتیوم. لە قاوەخانەی دیانا شاگردم. هاتووم بمکەنە پێشمەرگە؛ مامە بێجان گاڵتەم پێ دەکا!

گوتم: لێرە بمێنەوە و نان و ئاوێک هەیە؛ بەڵام ناتوانین تفەنگت بدەینێ. تۆ هێشتا زۆر منداڵی...

کوڕەکە بە دڵشکاوی ڕۆیشت. وا بزانم شەش یا حەوت ڕۆژی پێ چووبوو، کێشکگری لای دیانا هەرای کرد:

- یەکێک بەرەو ئێمە دێ، تفەنگی پێیە و کورتە باڵایەکە.

- چاوەدێری بە و دەنگی مەدە! با بزانین...

حوسێنی چکۆڵە بە تفەنگێکی بڕنۆی درێژ و دوو فیشەکدان بە سەر شانەوە، هانکە هانک پەیدا بوو:

- کوا مام بێجان؟

- چۆتە بارزان.

- بە خوا چووبێتە عاسمانیش دەبێ خۆمی نیشان دەم. لانکم دەوێ؟! ئەدی ئەو تفەنگە چییە؟!

- ڕاستی لە کوێت بوو؟

- چوومەوە سەر کارەکەم لە قاوەخانە. ئەم بەیانە تازە سەماوەرم ئاگر کردبوو، گەسکی قاوەخانەم دەدا، سۆفییەکی جاشی شێخ ڕەشید هات گوتی: ئاگرێک پێکە دەچم لە کانی مەلە دەکەم؛ ڕۆیشت. بانگم کرد: مامە ناترسی چەک و جلەکانت لەسەر عەرز تەڕایی بکێشن یان خوا نەخواستە یەکێک پڕیان پێداکا؟ بۆ لە قاوەخانەیان دانانێی؟ ئەگەر هاتییەوە بە کاوەخۆ دەبەریان کەوە! ئەوە چاش دەگەیەنمێ. گوتی خەبەری تەیە. هەر ئەو جارێک خۆی لە کانیدا قوم کرد، دوو فیشەکدان و تفەنگەکەم هەڵگرت و دامە چیا. تا سۆفی پێی زانی زۆر وە سەر کەوتبووم. چەند تفەنگێکیان پێوە نام؛ بەڵام من دەرباز بووم و ئاوا بووم و ئەوا هاتووم. دەی بەڕێم کە بگەمە بێجان!

خۆی گەیاندبووە بێجان لە بارزان و زۆر بە دڵخۆشی دەگەڵیا هاتەوە. دوای ئەوەش کە لێک هەڵبڕاین، تا بێجانم دەدی زۆری تاریفی ئازایەتیی حوسێنی دەکرد. دوایی خەبەرم لێ نەما.

ماوەیەک بوو لە ئەحمەد تەوفیق و هەواڵانی تۆزێک دوور بووم و کەمتر یەکترمان دەدیت. لە هاودیانەوە بەرەو پشتی خەلیفان هەڵکشام و تووشی یەکتر هاتینەوە. هەر لە چەندێک پێشەوە کوڕێکی سابڵاغی بە ناوی قادر- کە ئێمە پێمان دەگوت «قەدۆ»- لە سەر فەرمانی ئەحمەد تەوفیق ببووە پاسەوانی من. زەلامێک، جووتێک سمێڵی بابڕ، مێزەرێکی سووری بارزانییانە لە سەر، سەرتاپا نوقمی چەک؛ پیاو کە ئەو سەروسیمایەی دەدیت لای وا بوو بەفر بە کاڵی دەخوا! قسەشی بارزانییانە دەکرد تا بە ئازای بزانین. قرۆشکەیەکی چاخواردنەوەی لەباتی ئیستیکان بە قەدەوە بوو، قۆرییەکی چا دەبرد.

ڕۆژێک کە بەرەو بەرزاییی چیای «براندۆست» سەردەکەوتین، وەک هەمیشە من لەبەر تەنبەڵی بەجێ مابووم؛ قەدۆم دەگەڵ، سەردەکەوتین. چەند جارێک تەقەی کوللە دەهات. گوتیان: چاکێکە لە بڵنداییی کێو بە ناوی «پیری خەڵ»؛ زەمانی خۆی ڕاوچی بووە. هەر کەس بە لایدا بڕوا دبێ تەقەی بۆ بکا. ماوەیەک سەرکەوتبووین، دوو تەقە لە سەر یەک هات. شتێکی وەک گریانم بیست؛ کەمێک بەپەلەتر سەرکەوتم. بریندارێک لەبن دارێک ڕیخۆڵەی ڕژاونە سەر عەرز و ژنێک بۆی دەگریا.

- چ بووە؟

- ئەو پیاوە خاڵمە، هۆو دوو کەسە کوشتیان و ڕایانکرد.

ڕاکردووەکان هێشتا نەدیو نەببوون.

- قەدۆ ڕاکە، ئەگەر ڕانەوەستان بیانکوژە.

قەدۆ ڕایکرد و لەپڕ گەڕاوە:

- کاک بە خوا لەوانەبوو منیش بکوژن، نەموێرا!

ڕەنگە بڵێی ئەدی بۆ خۆت بۆ هیچت نەکرد؟ من چەکم پێ نەبوو. تا درەنگیش هەر بێ چەک ڕەگەڵ کەوتبووم. خەڵکی تریش کۆبوونەوە. کابرامان بە داربەست ناردە خەلیفان و لە ڕێگە گیانی دەرچووبوو. هاتینە سەری چیا. دەگەڵ هەواڵان شوێنمان گرت. گوتم: مام عەلی (مام عەلی عەجەم کە بە تەنیا باسێکی دەوێ) بچۆ پیری خەڵ تاڵان کە! لەسایەی تەقەکردن بۆ ئەوی پیاوێکی فەقیر کوژرا.

مام عەلی هاتەوە. کۆلکە و چەکوچ، کەللە و نیوێک قەند، توورەکەیەک شەککر، دینارێک و سەد فلس پووڵ، یەک دوو مست چا، قۆری و ئیستیکان و ماشە و مقەڵی و چەند وردە کەلوپەلێکی هێنا. گوتم: قەدۆ هەر ئەم جەمە دەگەڵ منی! کاک ئەحمەد ئەو خێروبێرە هەر بۆ خۆت!

پیرەمێردێک بە ناوی «مەلا باقی» لە عەسڵی خۆیدا خەڵکی سنە، پەڕەوازەی وڵاتی موکریان، لای سەردەشت بووە؛ هاتۆتە دیوی پژدەر. زۆر ساڵان میرزای شێخ حوسێنی بۆسکێنی و پژدەری دیکە بوو. تەواو بە زاراوەی پژدەری قسە دەکا. کاری بۆ حیزبی دێموکراتی ئێران کردووە. لە کۆمۆنەی ئەحمەد تەوفیقدا لە سلێمانی ژیاوە. بۆ حورمەت لە پیرییەکەی ناویان ناوە «باوکی کۆمۆنە!». فارسی دەزانی. بەڕاستی جوغرافیایەکی زیندووی کوردستانی موکریان و ئەردەڵان و بەشە سۆرانییەکەی عێراق بوو. هەموو شوێنێک و هەموو ئاغایەک و بن و بنەچەکەی هەموو عەشیرەت و هەموو ماڵانی دەناسی. کەسی واشم نەدیوە ئەوەندە بەرگەی ناخۆشی و برسییایەتی و بە پیادە ڕۆیشتن بگرێ. کەواوپاتۆڵی خاکی دەبەردا، کورتەباڵا و چاوێکی داقڵیشابوو. ڕادیۆیەکی دە بەرگی خاکی گیراوی هەمیشە بە لاشانەوە بوو. لاواز، ڕەنگزەرد، مووی پێشەوە وەریو، کڵاو و جامانەیەکی پژدەرییانە لە سەر، لایتێکی سێ پیلی دە بەرگی خاکی گیراوی دەگەڵ خەنجەرێکی کڕوز بە قەدەوە بوو. قوتوویێکی شوکوڵاتی دەبەر پشتێندە شڕە چوارقەفەکەی دەچەقاند. ئەو قوتووە وەک عاسای مووسا وا بوو: تووتن و پەڕی تێدا بوو، چای تێدا لێ دەنا، گۆشتی دەست کەوتایە تێیدا سوور دەکردەوە. لە پاش چا یان چێشت، بە دەسرەیەکی چوارگۆشەی زەلامی سووری قەت نەشۆراو دەیماڵییەوە و تووتن و پەڕی تێ دەکردەوە. قرۆشکەیەکیش بۆ چا خواردنەوە بە خۆیەوە هەڵواسیبوو. توربینێکی قوماشی خاکیشی هەبوو لە کۆڵی قایم دەکرد. پێشمەرگە ناویان نابوو «ئیزگە شڕە». زۆر دەمشڕ بوو؛ هەمیشە غەیبەتی خەڵکی دەکرد و پاشملە جوێنی دەدا. زۆر دڵناسک، بە کەمترین شت تووڕە دەبوو. منیش گیانێکم بەوە بوو؛ سەرم دەخستە سەر، قەڵسم دەکرد؛ بەڵام بە تێکڕایی زۆری خاتر دەگرتم.