چەند پاڵەوانی نەناسراو

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 6 دقیقه  733 مشاهده

لە بیرمە ڕۆژی ١٩٦٣/٦/٧ تێلێگرافێکی ساڵح یووسفی هاتبوو کە: «ئێمە لە بەغدا زۆر سەرکەوتووین و کارمان بە ئارەزووی دۆستانە. تاهیر یەحیا لە بەریشم هەستاوە؛ چاشم دەگەڵ خواردۆتەوە. دەستی بۆ بە قورعاندا داوم کە نیەتیان دەگەڵ کورد باشە. تکایە ئەم تەقەتەق و گێرەشێوێنییە ڕابگرن تا خۆم دێمەوە». بەیانی ئەو ڕۆژە سەیدای ممبارەکیان گرتبوو؛ لەباتی چا و سوێندی بە قورعان، دە زیندانیان پەستاوتبوو؛ بە پانکەیاندا کردبوو؛ پانکەیان سووڕاندبوو؛ دوو هەزار شەقیان تێ هەڵدابوو. ئیتر گیرا کە گیرا!

ڕۆژی نۆی شەش، عەسکەری هێرشبەر - بەبێ ئەوە بزانێ کەسی لە سەر ڕێگەیە - لە سپیلکەوە حەرەکەت دەکا. دەستەویەخە تووشی پێشمەرگە دێت و تەقە دادەمەزرێ. «حوسێنی حەمەداغای مێرگەسووری» دەگەڵ پێشمەرگەیەکی ئێرانی، خەڵکی ڕەحیم خان - کە دەیگوت ناوم عەبدوڵڵایە - بێخەبەر بە ڕێدا دێن و هەست دەکەن لە پێشیانەوە شەڕ و تەقەیە. لە دوای عەسکەرەوە ئەوانیش مل لێ دەنێن. من ئەوەم دیت کە عەبدوڵڵا نۆ سەربازی عەرەبی وە پێش خۆی داوە، وەک گاڕان لێیان دەخوڕێ و هێنانیە بنکەکەمان لە «هاودیان». لەشکری هێرشبەر شەق و شڕ کرابوو.

- دەی کاکە عەوڵا تۆ چۆن بە تەنیا ئەم نۆ کەسەت هێنا؟!

- دەگەڵ حوسێناغا لێک هەڵبڕاین؛ نازانم ئەو بە کوێندا چوو. من لە پشت بەردێکەوە شەڕم کرد. نازانم چەندم کوشتوون؛ بەڵام ئەوانە کە دەستیان هەڵێنا و تفەنگیان دانا، چەخماخی تفەنگەکانم دەرێنا؛ ئەوەتا لەو دەسرەیەدان، گوتم هەر کەسە تفەنگی خۆی دەشان کاتەوە و پێشم کەوێ و لە دواوە لێمخوڕیون.

با بزانین ئەو پاڵەوانە بێناوە نەناسراوە کێ بوو: وەرزێرێک لە ڕەحیم خانی نێوان بۆکان و میاندواو، پیاوێکی بە دەست زایە بووە؛ هەڵاتووە خۆی گەیاندۆتە لای شێخ ئەحمەد لە بارزان: «غەریبم و دەمەوێ لێرە بژیم...»، داری سووتانی بۆ ماڵی شێخ هێناوە. داوای تفەنگێکی کردووە، شێخ ئەحمەد گوتوویە تفەنگ نادەین بە غەریبە؛ ئەگەر بۆ خۆت پەیدا کەی قەیدی نییە. لە بارزان ڕۆیشتووە چۆتە لای شێخ ڕەشیدی لۆلان. لەوێش کاری دارکێشی و نۆکەری کردووە. لە ڕێگەی هاوینەهەواردا سۆفییەک تفنگی بە بەردێکەوە هەڵپەساردووە، میز دەکا. عەوڵا پڕی پێدا کردووە؛ سۆفی کوشتووە؛ تفەنگەکەی ڕفاندووە و هاتۆتەوە بارزان؛ بە چەکدار قبووڵ کراوە. لە شەڕی سەر عەقرە زۆری ئازایەتی نواندووە. لە سەنگەریشدا تا یەکێکی لە دوژمن کوشتووە، هەرای کردووە: «خولامی حوسێنی حەمەداغام!»، وەک ئەو نۆکەرانەی تەماڵی کەروێشک دەبیننەوە. حوسێن ڕەگەڵ خۆی خستووە. ئیتر تا ما، ئازایەتی و بەجەرگیی ئەو کوڕە ببووە چیرۆکی ناو پێشمەرگە. لە شەڕی «چیای پیرس» شەهید کرا. زۆر مرۆیەکی سادە بوو. جارێک لە بارزان هاتە لای مەلا مستەفا، گوتی: قوربان نیازێکم هەیە.

- بڵێ، هەرچی بڵێی بۆت دەکەم.

- با کەس ئەو کڵاشینکۆفەم لێ نەستێنێ؛ زۆرم خۆش دەوێ...

بە هۆی هاووڵاتی بوون، زۆر جار دەهاتە لای ئێمە، زمانەکەشی گۆڕابوو. کە دەمانگوت: «کاکە عەوڵا خەبەر و باس چییە؟»، دەیگوت: «خودێ ئەز مرۆیەکە سەوریمە، عەقڵ مەقڵ نینە؛ تو تشتا نزانم!».

من کەوتبوومە بنکەیەک لە چاڵایییەکدا لە پشت «گەڵی عەلی بەگ»، کە شەڕی زۆر سەخت لە سەر پادگانی گەورەی خەلیفان بوو. کانی و ئاوێکی خۆشی لێ بوو؛ تۆپی لای ڕەواندز و دیانا نەیدەگرتەوە. کەچی وەک مامەندی چواردیواری گوتەنی: «زیندەوەر بە حەنجەڵە»، ڕۆژێک نیوەڕۆ لەبەر تاو، کۆزیلکەیەکی چاردە نەفەری خەریکی چێشتلێنان و جلشوتن بووین و یەکێک ڕانکەکەی خۆی پینە دەکرد، گوللە تۆپێکی قەوس هات - لە ناوەڕاستی هەمووانماندا - کابرا ڕانک پینەکەری پێکا و ئێمە هیچمان لێ نەهات. لەناو هەموو پێشمەرگەدا، دوو تۆپی خومپارەئەندازی دوو گرێ و سێ گرێ هەبوو؛ کە تەنانەت یەک گوللەشیان نەبوو. ئەگەر هەر تاقە تۆپێکمان بە گوللەوە هەبا، بە هاسانی پادگانی خەلیفانمان دەگرت، کە ئێمە لای سەروومان لێ گرتبوو.

ئێوارانە خەبەری شەڕی ئەو ڕۆژەم کە لە نزیکمانەوە دەکرا دەنووسی و دەمنارد. ڕۆژێک ناوی چوار شەهید هەبوو کە یەکیان «شەرۆی خەربەندە» (کاروانکەر) بوو. نووسیم خوا عافوویان کا و نامەم نارد. ڕۆژی دوایی نزیک نیوەڕۆ دوو پێشمەرگە هاتن، لاشەی بریندارێکیان بە سەر شانەوە. شەرۆیە و بینێرە دەرمانگای شۆڕش. شەرۆ چا بووە، بەڵام لە ڕانیدا دەشەلی. جا با بۆخۆی بیگێڕێتەوە:

- باری ئێسترێک فیشەکم برد، دام بە پێشمەرگە. ویستم گوریس هەڵوێزنم و بڕۆم، لە خرمەی شێست تیر ئێستر ڕەویەوە؛ دەرپەڕی. گوریس دە لاقم هاڵقا. سەرەکەی بە کورتانی ئیسترەوە بوو. ڕایکێشام بە سەر بەردەڵان و بە ناو دارستانی گەڵیدا. بێهۆش بووم و ئاگام لە دنیا بڕا. لە شەودا هۆشم هاتەوە بەر خۆم. کراسەکەم بە لەشمەوە نووسابوو، خوێنی پێوە وشک هەڵاتبوو. ویستم هەستم، لاقم لەدوو نەهات؛ بنی ڕانم ژانێکی دەکرد نەبێتەوە. زۆرم تینووە؛ خوڕەی زێ دێتە گوێم؛ بەڵام چۆنی بگەمێ؟ دەستم کوتا ڕێزەڵە مارانەم وە بەر دەست هات: «دەمرم!... با بمرم!». ملم لە ڕێزەڵە خواردن نا، تینواتیم شکا. وردە وردە بە قوونەخشکە خۆم بەرەو زێ خزاند. ژانی ڕان بڕستی لێ بڕیبووم. بە قنگەخشکێ گەیمە سەر لاتەبەردێک زۆر بڵند؛ دەمڕوانیە چۆم: «دە جا با بمرم، ئەو ژانە هەر دەمکوژێ...». خشکەم کرد و سەرەونخوون دە زێیە کەوتم. بێهۆش بووم. بەرەبەیان چاوم هەڵێنا: نیوەی خوارووم دە ئاودا تەکەتەکیەتی، لە سنگەوە لەسەر ڕەمڵم. ژانی ڕانم کەم بووە، بەڵام پشتم دەزوورێتەوە و چڵک دەدا. دەمەوێ لە ئاو بێمە دەر، ڕانم لەدوو نایە. ئاوا مام. تاو تازە هەڵدەهات گوێم لە غەڵبەغەڵبێک بوو. نزیک بۆوە، بە کوردی قسەیان دەکرد. «دیارە جاشن کە دوێنێ لەم ناوەدا بوون». من کە لە ژیان وەڕەزم، ملم لە جنێودان نا: «هەی جاشی بێنامووس! بێشەرەف وەرن! ئەز شەرۆمە، شەرۆ بارزانی! وەرن ئەگەر حیز نین بمکوژن!».

هاتنە سەرم؛ هەواڵی خۆمان بوون. دیار بوو لە شەڕی دوێنێدا سەرکەوتبوون و لە زۆر جێگە گەڵی کەوتبووە دەست خۆمان.

جەعفەر ناوێک، لاوێکی کەڵەگەتی زۆر جوانچاک، بیست و پێنج ساڵە، بە ئێسترەوە لە سەر پردی گەڵییەوە شەو کەوتبووە ناو زێیە، ئاو بردبووی. ئێستر هەر چوو، بەڵام جەعفەر بە ساغی دەرکەوتبوو. پاش چەند ڕۆژێک ئەو جەعفەرە لە ئێوارە درەنگێکدا چۆتە سەر بەردێکی بڵند بڕوانێتە شەڕگە، گوللەیەکی وێڵ پێکای و کوژرا!