وەخۆکەوتنی بەعسی و کارقاییمی پێشمەرگە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  664 مشاهده

لە سرێشمەوە بارزانی ناردیە جەڵدیان کە بیگەننە سەفارەتی فەڕانسە لە تاران. لە جەڵدیانەوە بە خەتی لاتینی و بە کرمانجی نامەیەکی بۆ نووسیبووم تەواو ڕێکوپێک بوو. نووسیبووی: زۆرم تۆ خۆش ویست. ئەگەر هاتییە پاریس بەم ئادرەسە بمدۆزەوە. دایکمت لێ مارە دەکەم؛ جوانە!

چەند ڕەمزێکی بێسیمی دەوڵەتی ڕاگەیاند کە: «ئێمە هەموو ئەسپابی هێرش بردنمان سازە و دەبێ لەپڕ بە سەر بارزانی دادەین». لە ڕەمزێکا دەڵێ: «ڕۆژی نۆی مانگ ئامادەی هجووم بن». پێشمەرگە کار قایمیی خۆی کرد و لە گوندان دەرکەوتن و چوونە پشت بەرد و سەنگەرانەوە. لەو بەینەشدا دەستەی وتووێژکەرمان لە بەغدا هەر ڕۆژە بە جۆرێک تەفرە دەدرا: فڵان وەزیر نەخۆشە، فڵان لە ماڵ نییە، دەبێ عەرەبی دیکە ڕازی بن کە ئێمە حەق دەدەین بە کورد... جەلالیان بردە قاهیرە، نیشانی ناسری بدەن. جاروبارەش لە بەعزە شوێنێک عەسکەر و پێشمەرگە تووشی یەکتر دەبوون و تەقەیان لێکتر دەکرد؛ کە یەکێک لەو جارانە «هاجەر» ناوێکی بارزانی لە سەر کێوی «گولەک» لە نزیک جادە نوێژ دەکا، «بێجان جندی» - کە شکاکێکی عەبدوویی بوو؛ دەگەڵ ڕەوی بارزانییان لە کوتوڵەوە دەگەڵیان چووبووە ڕووسیا و لە دانشگای تاشکەند زمانی ڕووسی خوێندبوو؛ لە بەغدا ببووە مامۆستای ڕووسی لە دانشگا و هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە دەگەڵ لەشکری بارزانی بوو - لە دیاری هاجەر دانیشتووە تا نوێژ خەلاس دەکا. چەندین کامیۆنی پڕ لە عەسکەر بە جادەدا دێن؛ دەیانبینن. دادەبەزن و بەر تیرباریان دەدەن. بێجان لێیان دێتە دەست؛ خۆی دەگەیەنێتە پەنا جادە؛ جا وەرە بکوژە! سێ کامیۆنی سووتاندبوو؛ پەنجا و سێ تفەنگ و دوو تیرباری گرتبوو؛ باقیی هەڵاتبوون. لە پەنجا پتر کوژرابوون. [بێجان لە شەڕ دەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران، ساڵی ١٩٨٣ (١٣٦٢) لە سەلماس کوژرا] لە چەند شوێنێکی تریش لەو تووشبوونانە ڕووی دابوو؛ کە هەموو جار دەوڵەت زیانبار ببوو.