بێسیمی شۆڕش

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  780 مشاهده

لەو ئەسیرە کوردانەی کە زەمانی شەڕی قاسم لە سوپای عێراق گیرابوون، یان بە ئانقەست خۆیان بە گرتن دابوو، دەزگای مخابەراتێکی زۆر ڕێکوپێکمان هەبوو؛ کە بەشی لای پارتی و مەکتەبی سیاسیی «سمایل سەرهەنگ» و بەشی لەشکری دەگەڵ بارزانی، «شەوکەتی مەلا سمایل» - کە ستوانێک بوو - سەرپەرشتی دەکرد. ڕۆژێ چاودێری بێسیم بوو، هەرچی ڕەمز و جفرەی عێراق بوو دەستبەجێ حەلی دەکرد. ڕۆژی وا بووە موخابەراتی دەوڵەت دە جار ڕەمزی خۆی گۆڕیوە، ئەو لە بەری حاسیە نەدەبوو. هەمیشە بارزانی لە هاتوچۆی لەشکریانی عێراق خەبەردار دەکرد، کە گەیوونە فڵان، لە فڵان جێن... دەوڵەت بە ڕەمز فەرمانی تۆپ یا بۆمبارانی فڵان شوێنی داوە؛ زووتر شوێنەکە چۆڵ دەکرا. وا دیار بوو خەبەرێک هەبوو کە شەوێک بە لەشکریان گوت بێدەنگ و مات لە جادەی «خەڵیفان» بپەڕنەوە. ئەو شەو عومەراغا ناوێکی سوورچیمان دەگەڵ بوو. لە ڕێگە گوتی: زگم دێشێ دەچمەوە ماڵە خۆم. دوای ڕۆیشتنی ئەو بە دە دەقیقە دەنگی تفەنگێک هات؛ بێدەنگیی شەوی شەق کرد. ئەو جێگەش نزیکی پادگانی گەورەی خەڵیفان بوو. نەزانرا کێ هاویشتی. من لام وا بوو عومەراغای سوورچی بووە بە بیانووی زگئێشە خۆی وە دوا داوە و خەبەری بە پادگان دا کە بزانن ئێمە لە جادە دەپەڕینەوە. گوتیشم، گوتیشیان زۆر وێ دەچێ، بەڵام باسیان نەکرد. هەر ئەو عومەراغایە زۆر زوو هەڵات و بوو بە جاشێکی زۆر پیس.