قوڕشێلانی ڕێگای «سرێشمە»

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  833 مشاهده

لە بیرم نەماوە ئەسپە سپیلکم لە کوێ بەجێ هێشتبوو. بە پێ دەڕۆیشتم و دنیا زۆر تاریک بوو. خەوم دەهات؛ هەر ڕەتم دەبرد. بە سەر ڕوودا کەوتم و خەو بردمیەوە؛ کەسیشم لە دواوە نەبوو. وەخەبەر هاتم: بەجێ ماوم، نەشارەزام، دنیا پڕە لە پنچک، ڕێگە و مێگە نییە، بەرەو کام لا بڕۆم؟ ڕووم لە کام لا بوو کە خەوتبووم، بەرەو ئەوێ چووم. لەپڕ شتێکی بۆر لەبن پنچکێک سەری هەڵێنا:

- کێی؟

- هەژارم.

- کاک هەژار بەجێ ماوی؟ وەرە بێرەدا بڕۆ.

تا لە چەم پەڕیمەوە سەر جادە، لە چوار جێگەی تر بۆری شارەزام بۆ پەیدا بوو. کە لە چیا سەرکەوتم، بارزانی و جەماعەت لەوێ بوون، چەند کەسیان ناردبوو پەیدام کەنەوە. دیار بوو ئیحتیاتی گەورە لە دەوری پادگان کرابوو کە هەر دەست ببزێون تێیان سرەوێنن.

- دەی قۆڵ قۆڵ بن و هەر قۆڵ بە ڕێگەکەیدا بگەنە «سرێشمە».

ئێمە ڕەگەڵ قۆڵی «عەمەراغای دۆڵەمەڕی» کەوتین. شەو زۆر تاریک و قوڕ بوو؛ ڕێگەش نەبوو. زۆر ڕۆیشتین؛ ماندوو ببووین. لەپڕ عەمەراغا گوتی: ڕێگەمان هەڵە کردووە؛ کەوتووینە ناو سوورچیان - کە دوژمنی سەرسەختمانن - لا بگەڕێینەوە؛ گەڕاینەوە. لە گوندی «سەرچیا» کابرایەکمان لە خەو ڕاست کردەوە:

- کوا ڕێگەی سرێشمە؟

گوتی: چارەگەسەعاتێکە لێرەوە بڕۆن

- جا ئەگەر وا نزیک و هاسانە وەرە پێشمان کەوە!

- ئەی بە خوا دوورە و لەو قوڕە ناتوانم!

- دێی یان بتبەین؟!

ناعیلاج پێش کەوت. لە قوڕ و سەرەوژێرێک هاتینە خوار. کەس نەبوو دوو جار نەکەوێ. هەر هەڵخلیسکان و سەر بەرەوژێر بوو. بۆ خۆم هەر سێ جار کەوتم. لەو تاریکییەدا کابرایەکی پیری بارزانیم لە پێشەوە دەڕۆیشت، کراسێکی سپیی درێژی لەسەر جلانەوە دە بەردا بوو. ئەها خدری زیندەم دیتەوە! ڕاست لەدوو قوونی دەڕۆیشتم؛ لە کوێ ئەو دەکەوت لام دەدا. هەڵدەستاوە، دەچوومەوە پشت قوونی. دەردە دڵی لەو هەموو قوڕ و تاریکییە بوو. گوتم: مامە خۆزگە ئێستا تەرزەیەکی درشتمان لێ باریبا، کەیف بوو! وەک من مەلایکەتە مێشوولەکەی باران بم، لای وا بوو ڕاست دەبارێ. زۆر بەتووڕەیی:

- کوڕۆ تشتێ ڤە نەبێژە، خودێ ئەمێ بمرن!