چەند قسەی خۆش

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  1733 مشاهده

چەند قسەی خۆش: دەڵێن والییەکی تورک هاتۆتە بەغدا، ویستوویە خۆی دەوڵەمەند کا، بزنێکی زین و لغاو کردووە، لە ژوورێکی ڕاگرتووە. ناردوویە تاجری شار هاتوون، یەک یەک بردوونی نیشانی داون:

- ئەمە چییە؟

- قوربان بزنە.

- ها، بە کەرم دەزانی؟ زین و لغاوت نەدیوە؟ نازانی ئێسترە؟ بیگرن دووسەد لیرەی جەریمە بکەن!

یەکی تر گوتوویە: قوربان ئێسترە!

- ها، بە کەرم دەزانی؟ ڕیش و شاخ و گوانت نەدیوە؟!

هەروەها پێدا چووە. جوولەکەیەک هاتووە، بە دەوری بزن - ئێستردا سووڕاوە.

- ها خواجە! ئەمە ئێسترە، یان بزنە؟

- قوربان بە سەرت قەسەم نە ئێسترە، نە بزنە، بەڵای ڕەشە و خوا بۆی ناردووین!

لە «چێوە» مەلا مستەفا گوتبووی ئەسپێک بۆ هەژار بکڕن! ئەسپێکی سپیلکی پولیسانیان بۆ کڕیم. ئەسپ نەبوو، بەڵای ڕەش بوو! تووشی هەر ئەسپ یان ماین یان ئێستر یان کەر بوایە، سواری دەبوو؛ حیلەحیلی دنیای گێژ دەکرد. ناچار ببوومە گولی دووراوایە، دەبوایە شووڵی ئەستوور بە دەستەوە و هۆگانە جووتێک، لەپێش یان لەدووی هەموو کەسەوە بڕۆم. لەناو قوڕێکی زۆر چەقدا تووشی فڕانسوا بووم کە بە پێخواسی قوڕی دەشێلا.

- وەرە سوار بە!

- کۆنتڕۆڵ و ڕۆڵەکەی چۆنە؟!

- هەتیو ڕۆڵی چی و کۆنترۆڵی چی؟ من لەسەر بەردی بڵندەوە خۆی داوێمە سەر، ڕکێف نادا؛ ئەویش دەبێ سەرێک سەر هەڵگرێ تا ماندوو دەبێ؛ جا وەک ئەسپی موسوڵمانان بە ڕێدا دەڕوا. ئەگەر تووشی بەردێکی بڵند بووین، لەوێوە خۆت باوێ سەر تەرکی!

لەو قوڕەوە وزاقی بەست، ڕاست لەپشتمەوە سوار بوو. گوتی: من سواری چاک نییم، ژیمناستیکی چاکم!

* شەوێک لە گوندی هەروتیان میوانی ماڵێک بووین. ناوی کابرا «مەلا سەیید عیساموددین» بوو. تەکیە کەلامی «مەخت عەیب نەبێ» بوو. مەسەلەن: مەخت عەیب نەبێ کەرەکێم جل کرد! مەخت عەیب نەبێ چوومە قەڵادزێ! مەخت عەیب نەبێ شەککرم کڕی!

- کاکە تۆ مەلای؟

- نا!

- سەییدی؟

- نا!

- عیساموددینی؟

- نا!

- دەی ئەو ناوە درێژە چییە؟

- مەخت عەیب نەبێ، بابیم مەلا سەیید عوساموددینی، مەخت عەیب نەبێ خۆش دەویست. منی مەخت عەیب نەبێ بە ناوی ئەوەوە کردووە!

* مەلا مستەفا زۆر لە هەر لەقەبێک و بەتایبەتی لە وشەی مامۆستا تووڕە بوو. دەیگوت: ناوم مەلا مستەفایە و هیچی تر. ئەویش بە منداڵی ناوم نراوە مەلا مستەفا، دەنا مەلاکەشم قبووڵ نەدەکرد.

شەوێک لە گوندی «خەتێ»، ژیگای «مەلای خەتێ» کە دەڵێن فتوای ئەو بۆتە سەبەبی ڕووخانی دەوڵەتی میری گەورەی ڕواندز، لای مەلا مستەفا بووم. مەلایەک پێی گوت: «مامۆستا»، بارزانی خۆی لێ تووڕە کرد. کابرا لەرزی و زۆر ترسا. گوتم: دەگەڵ منی بوو!

گوتی: تۆ بە مامۆستا تووڕە نابی؟!

- نا، حەز دەکەم پێم بڵێن شاهەنشاهی موعەززەم!

مەلام لە ترس نەجات دا.

* مەلا ڕەحمانی حاجی مەلای عەزیزکەند - کۆنە هەواڵەکەی زەمانی تەرەغەم؛ کە ئێستاش ماوە و لە بۆکانە و مەلای کۆسەی پێ دەڵێن - هاتە سرێشمە. لام وایە نامە و پووڵی بۆ مستەفا و کاوە هێنابوو. گوتی: قەتم بارزانی نەدیوە؛ دەشلێن ناتوانی بیبینی. زۆر حەزم لێیە چاوم پێ بکەوێ.

- وەرە با ئەمشەو بچین.

گوتم: ئەوە کۆنە ڕەفیقێکی منە. بارزانی تماشایەکی کرد:

- مەلا من تۆم لە کوێ دیوە؟

- قوربان قەت بە خزمەتت نەگەیوم.

- هەووەڵ جار کە هاتینە ئێران، شەوێک لە ماڵی کەریماغای قونقەڵا تۆم دیوە.

مەلا وە بیری هاتەوە: بەڵێ قوربان من لەوێ بووم!

* شەوێک لە گوندی «بناویە» دەگەڵ برا کوردەکانی ئێرانی چووینە ئێرانی چووینە مزگەوت. گەرم بوو؛

شلە ساواریشیان بۆ هێناین؛ بەیانی کەیفمان لە چایی بوو. دەروێشێکی سوورچی لە سەربانێک بە دەفەوە شتێکی دەگوت کە تاریف لە شێخ ئەحمەدی چاوبەڵەکی سوورچی بوو.

گوتم: دەروێش دەنگ هەڵێنە، زۆر خۆشە. گوتی: برا دنیا دوو عرووفە: «بی، تی»!

- ئای هەزار ئافەرین بۆ فەرموودەت!

- چات خواردۆتەوە؟

- نە بە سەری تۆ! هەواڵەکانیشم وەک منن...

دەروێش چایی و نانێکی حیسابی داینێ. دیار بوو ئەو قسەی لە مەلایەک بیستووە کە دنیا «بەدء» و «تەم» پتر نییە: دەست پێکردن و تەواو بوون.

* سەیر ئەوە بوو هەموو خەڵکی گوند حاجی بوون. منداڵ مووی لێ نەهاتووە، کەشیدەیەکی زەرد بە سەرەوە! هاتمە لای مەلا مستەفا، گوتی: ئەم گوندە حاجی زۆرە؛ وە نییە؟

- کاکە ئەوانە فێڵبازن. پیرێک، دوانیان چوونە حەج، هێلکە حاجی زۆریان کڕیوە و لێرە لەسەری کورک بوون و جووچکیان هەڵێناوە!

***