قرمەی خۆم بە بڕنۆیەک نادەم!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  680 مشاهده

گەیشتینە «چێوە»؛ پڵنگێکی تازە کوژراو لە هەیوانی ماڵی کوێخا سەعید هەڵواسرابوو؛ کای تێ ئاخنرابوو. کابرایەک بە تفەنگێکی شینکەی زۆر قەدیمەوە (ئەوانەی بە بارووت و پەڕۆیان دادەگرتن)، هەر دەیگوت: قرمەی خۆم بە بڕنۆیەک نادەم.

ئەو ڕۆژە شوانێک لە ڕەوەزبەردێک پڵنگ دەبینێ، دێ بەو کابرایە - کە هاتۆتە ڕاوە کەو- دەڵێ: بچۆ ئەو منداڵانەی هاتوونە گیا دۆکڵیو دوور خەوە، پڵنگ هەیە.

- کوا پڵنگ؟

- وا لەو ڕەوەزە.

بە تفەنگی قرمەوە بۆی دەچێ، چاوی لێ دەگێڕێ. لەپڕ پڵنگ لە ژوورەوە خۆی داوێتێ. - لەبەینی عاسمان و عەرزا تۆپە پەڕۆی دە نێو چاوانی پڵنگ دەکا، وە سەر یەکی دەگێڕێ. نازانم ئەو غیرەتە لە کام جەرگەوە هاتبوو؟! «کافی نەبەوی» - کە ئەفسەرێک بوو - لێی کڕی بە پێنج دینار کە بیخاتە سەر زین. مەلا مستەفا پەیدا بوو، تماشایەکی کابرای کرد؛ گوتی: حەیفە ئەو بەهرەی پاڵەوانەتییە بفرۆشێ. گوتی: دە دیناری بدەنێ و کەوڵیش هەر هی خۆی بێ.

یەکێکمان دەگەڵ بوو «مەلا قادری لاچینی»، شەو دانیشتبووین، قالۆچەیەکی پێ هەڵگەڕا؛ لە زیرژنی دا و دڵی بووراوە. هەمزاغا گوتی: شۆڕش ئەمەی خۆشە: یەک بە قرمە پڵنگ دەکوژێ، یەک لە قالۆچە دەترسێ! جا هەر ئەو مەلا قادرە لە ئێران گیرا و بردیانە «جەڵدیان» شایەتی لە سەر هەزار کەس پتر دا کە یاریدەی حیزبی دێموکراتیان کردووە.

پێشنیوەڕۆ لەو گوندە لای مەلا مستەفا بووم، بە چاییچییەکەی (یاسین)ی گوت: دەزانی چ دەکەم؟

- چزانم؟

- ڕێگەی سپیلکی دەگرم. سوورچی ڕوحیان لە حەیواناندایە. ڕێگەی کوێستانیان نادەم، مەگەر...

لەگەڵ منا دەدوا، گوتم: کورد جگە لە حوکمی زاتی (خودموختاری) بۆی مەسڵەحەت نییە داوای زیاتر سەربەخۆیی بکا.

فەرمووی: بۆچی؟

- چونکە لەسەر بەحر نییە. دەوڵەتێکی لەسەر بەحر نەبێ و وەک ئێمەش فەقیر بێ، ناتوانێ بژی.

- کێ دەڵێ لەسەر بەحر نیین؟

- من و هەموو دونیا.

- هەژار! تۆ هیچ نەبێ شەرەفنامەت خوێندۆتەوە. کوردستان لە تەنگی هورموز و لە ئەسکەندەروونە دەکەوێتە سەر دەریا، ئێمە دوو ڕێگەی دەریاییمان هەیە.

***