شەڕ هەڵگرسا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  710 مشاهده

شەڕ هەڵگیرسا. من هەر لە بەغدا مامەوە و کاری نهێنیم بۆ پارتی دەکرد. یەک لەو کارانەم: گوتیان دەوری سەفارەتی میسر هەمووی بە جاسووس گیراوە؛ دەمانەوێ سەفیر ببینین و ڕێگە نییە. گوتم من دەچم. عەریزەیەکم نووسی کە: «بیستوومە ڕادیۆ قاهیرە گوویندەی فارسی دەوێ؛ ئەگەر حقووقێکی باشم بدەنێ ئامادەم». نامەم نا ناو پووشەیەکەوە. لە دەرگای سەفارەت پرسیان: بۆ دەچی؟ عەریزەم نیشان دا. سکرتێری یەکەمی سەفیریم دیت. لە زمان بارزانییەوە ڕامگەیاند: «ئەگەر ناسر کارێکی وا بکا شەڕی قاسممان لە کۆڵ کاتەوە، تۆزێکیش چەکی دژی تانک و فڕۆکەمان بداتێ، دەگەڵ ئێران شەڕ دەکەین و ئەو بەشەش لە پەیمانی بەغدا تووشی سەرێشە دەکەین..». چوار جاری تریش هاتوچۆم کرد. هەر گوتیان: «بە ناسری ڕادەگەیەنین، داوای تەوفیقتان بۆ دەکەین». هیچی لێ شین نەبوو.

جارێک لەو جارانە دەبوو بچمە ماڵی وابەستەی نیزامی؛ لە عیمارەتێک بوو. دەمزانی سەرایدارەکە جاسووسی قاسمە. چوومە لای سەرایدار: «سەلام مامە! سەگبابێکی میسری دەڵێن لێرەیە. من فەقیرم؛ عەکسم بۆ شتۆتەوە پووڵەکەی نەداومێ. بۆم بستێنە!». سەرایداریش چەند جنێوێکی تەڕ و تازەی بە میسر و ناسر دا، ڕۆیشت و هاتەوە گوتی: « ئابڕووم برد، بڕۆ پووڵی خۆتی لێ وەرگرە!». کابرا پێی سەیر بوو! جارێک لەو جارانەی سەفارەتی میسر، ئەحمەد ئەوفیقیشم دەگەڵ بوو کە دوایە باسی دەکەم.

لە ئیدارەکەدا بەعسی، شیووعی و پارتی هەبوون؛ بەڵام کەس خەبەری لە یەکتر نەدەدا. نەشرەی هەرسێک لا دەدرا بە هەمووان، هەموو پێکەوە نێوانمان خۆش بوو؛ شەڕە چەققەشمان نەدەکرد. فەرمانی گرتنی «فواد عەسکەری» ناوی بەعسی دەرچووبوو؛ خۆی شاردبۆوە. داوام لە برادەرێکی کرد بیبینم. باوەڕی پێم هاتبوو، چووم لە ماڵێک دیتم، گوتم: «فواد تۆ بەعسی، کەس بیر نابا لە ماڵە کورد خۆت شاردبێتەوە؛ وەرە ماڵە من». زۆر سوپاسی کرد؛ گوتی ئێرەشم باشە.

عوبەیدوڵڵا، کوڕە گەورەی مەلا مستەفا خۆی شاردبۆوە. تووشی کابرایەکی هەولێری بووم کە ماڵی لە بەغدا و کارمەندی ئیدارەی ماڵییە بوو؛ بە ناوی عەبدولواحید، زۆر دڵگەرم لە کوردایەتیدا. گوتی: «حەز دەکەم عوبەید بێتە ماڵە من؛ کەس فکری ناکا؛ دوورە لە هەموو شتێک». بە سەید عەزیزم گوت، عوبەید گوتی: «من نایەم؛ دوو هەواڵم هەیە با ئەوان بچن». چووینە لای کابرا. کە زانی عوبەید نایە گوتی: «ماڵە من لە هەموو شوێنان خرابترە، هەمیشە پۆلیسی نهێنی لە کۆڵانەکەماندایە؛ ڕێو نادەم!!».

شەوێک دووربین و فلاشم هەڵگرت، دەگەڵ سەید عەزیز شەمزینی چووینە ماڵەکەی عوبەید لە (مدینە السلام)، کە عەکسی بۆ بگرم و کارتێکی ساختەی بۆ ساز کەین و لە بەغدا دەرچێ.

عەکسم گرت؛ هاتم بڕۆم، ڕوانیم سەرێک لەسەر دیوارەکەوە دەڕوانێتە حەسار. گەڕامەوە:

- پێتان زانراوە، خۆ خەلاس کەن!

بێنە بەر چاوت: دوانی زگزل، بترسن، بە دیوارێکی بەرزی حەسار هەڵگەڕێن، یەک بچتە سەر شانی ئەوی تر و لەپڕ بەربنەوە؛ بە هانکە هانک چنگ لە دیوار قایم کەنەوە. بەزمی وام قەت نەدیوە! لەبەر پێکەنین هۆشم نەمابوو. بە ناهومێدی مانەوە. گوتم: «کار هاسانە. من دەچمە دەر، بەهانەیەک دەگرم و دەگەڵ کابرا بەشەڕ دێم و توند ملی دەگرم. ئێوە لەو دەرفەتەدا ڕاکەن». بۆ ئەو شەڕە چوومە دەر. سەرە پۆلیس، پشیلەیەکی ڕەش بوو لەسەر دیوار ماتەی دابوو! هاتمەوە گوتم «نەخێر زۆرن؛ چاریان نایە!». دیسان نیو سەعاتێک ئەو مەشقەم پێ کردن و پێم گوتن!

بەعسی زۆر شڕ و دڕ بوون. زۆریان شیووعی تیرۆر دەکرد؛ زۆریان ڕق لە کوردان بوو. دەوڵەت پێی بەربەست نەدەکران. شەوانە سەردەرکی ماڵە کوردانیان سوور دەکرد؛ یانی دەبێ بکوژرێن. دەرکی ئێمەش سووری بەرکەوتبوو. چەندین شەو زۆر بە ترسەوە پاسی ماڵم دەگرت و لەسەر هەست بووم. تفەنگێکی ڕاوم لە دوکتور مراد ڕەزماوەری وەرگرتبوو؛ لەبن سەری خۆم دادەنا.

ڕۆژێک لاوێکم لێ پەیدا بوو گوتی: «خەڵکی تورکیەم. لە ماڵە حاجۆ کوڕێک ئادرێسی تۆی داومێ کە بمنێرییە کەرکووک». ڕێگە زۆر سەخت بوو. هەرکەس لە بەغدا بەرەو کوردستان ڕۆیبا لە چەند جێ دەیانپشکنی. کارتی شناسایی دەبوو پێ بێ. عەکسم بۆ گرت. بە خەتی خۆم کارتی شناساییم بۆ نووسی؛ مۆری کارخانەی خشت سازیم کە لە لا بوو لێدا؛ ئیمزای ڕەئیسی کارخانەم کرد و دامێ. ڕۆیشت.

- ئەر بێچارە! خۆ من هەر بە خەتێک ئیمزای خۆی و ئیمزای ڕەئیسی کارخانەم نووسیوە، کە دەبوو ئیمزای ڕەئیس بە مەرەکەبی کەسک بێ و لە خەتی ناو کارت جیاواز بێ. یەقین دەیگرن...

پاش ماوەیەک کوڕ کە ناوی یووسف بوو، هاتەوە گوتی:

- هویف لەو کارتەی تۆ، بەخوا شتی چاکە؛ هەر دیتوویانە گوتوویانە بڕۆ! لە کەرکووکەوە چوومە لای بارزانی. گوتم: تفەنگم بدەنێ.

گوتی: ئەگەر هەژار بۆت بنووسێ دەتدەمێ. دەی بۆم بنووسە با بچمەوە!

- کاکە من ناتناسم؛ ناتوانم. ها ئەوە سێ دینار و بچۆوە سووریە.

لە سووریەوە نامەی سوپاسی نووسیبوو بۆ ئەو کارتە باشەت!