فەندەڵ-فێڵانی قاسم

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 8 دقیقه  846 مشاهده

چەند مەقالێکم تێدا نووسی دەنگی بڵاو بۆوە. ئەوی لەبیرم ماوە مەقالێکی درێژم لەسەر عەرەب و تورک و ئێرانی نووسیبوو کە هەرسێکیان دەڵێن کورد لە خۆمانە و تێرم گاڵتەی سەیر پێ کردبوون. مەقالێکم لەسەر بەرنامەی ڕادیۆ کوردی بەغدا هەبوو؛ زەعیم وەحیدی هەڵتۆزاندبوو. لەو سەروبەندانەدا عەبدولکەریم قاسم لێمان کەوتبووە فەندەڵ فێڵان: دنەی ڕۆژنامەی (الثورە)ی دەدا ئیسباتی بکا کورد بنیچە عارەب بن، پیسی بەگژدا چووم و دەمەتەقەکانم قاسمی دەگرتەوە. پاش پێنج ژمارە داخرا.

ڕۆژێ کە چوومە بارەگای خەبات، زەبیحی لە دەرگا گوتی: «مەلا بۆ هاتووی؟ خۆ ڕۆژنامەکەت نەماوە!».

تاسێک بردمییەوە: جا بەس نەبوو جەمال بابان نەیهێشت ئیستیعفا بدەم، ئێستا چیم بکردایە؟ سبەی چوومە ئیدارە. سەعات چواری پاش نیوەڕۆ هەر لەوێ مام. جەمال بابان هات:

- ئەوە بۆ ناڕۆی؟

بۆم گێڕاوە. گوتی: من خۆم دەستم بە کار و حقووقی حیزبانەوە سووتاوە، چاکت نەجات بوو...

بەداخەوە ژمارەکانی کوردستانەکەم نییە؛ بەڵام دەمەتەقەکانی لە بۆ کوردستاندا چاپ کراوە. دوو بەستە شیعریشم لە ڕۆژنامەی (دەنگی کورد)بڵاو کردەوە کە یەکێکیان بە ناوی (خالیدە)دەستم نەکەوتەوە و فەوتا.

لەسەر داوای یەکیەتی فێرکارانی سلێمانی، مەقالێکی شازدە ڕووپەڕیم لەسەر باری ئەدەبی کوردی و شیعری کۆن و تازە نووسی. لە لایەن هێندێک لە شاعیرانی تازەوە چەند جنێوێکی جانانەم بۆ هات. ئەویشم لە مەجەللەی ڕووناهیدا کە خۆم بەسەری ڕادەگەیشتم چاپ کرد. بەڵام مەقال هەرایەکی نایەوە، ڕۆژنامەی ژین و قانیع و زۆر کەسی تر لەسەر منیان کردەوە، جنێودەرەکانیان کردە کەری نیوەزەڕ.

بۆ مانگی ڕەمەزان بارزانی چووبۆوە بارزان. قاسم زۆری بۆ حیزب هێنا؛ نەیدەهێشت ڕۆژنامەی خەبات لە وڵاتەکانی جەنووبدا بڵاو بێتەوە. ئەندامانی پارتی لە ڕێگەوبانان ئەزیەت دەکران. ڕۆژنامەی خەبات شکاتی دەنووسی، کەمتری گوێ دەدرایە. حیزب قەراری دابوو بە هیچ جۆرێک دەگەڵ دەوڵەتی تێک نەدا و تا زۆر تەیار و ساز و ئامادەی کار نەبێ، پشووی سوار نەبێ. حیزبی شیووعیش لە بەغدا ئەو کوڵ و کەفەی نەمابوو. بەعسی لێی وەخۆ کەوتبوون، ڕۆژ نەبوو یەک و دوانیان لێ ترۆر نەکەن. هەر ئەوەندەیان بە دەستەوە مابوو لە ڕۆژنامەکەیاندا دەیاننوسی: «چۆن وا دەبێ؟ هەموو ڕۆژ شەهید دەدەین، سیاسەتی ئێمە مارکسیستان پیاو کوشتنی تێدا نییە!».

وەک لەبیریان چووبێتەوە لە وەختی دەسەڵاتداریاندا چییان دەکرد...

لەسەر خۆپێشاندانی خەڵک لە دێهات، بە دنەدانی شیووعییەکان کە لە کوردستاندا هەر خۆیان حیساب بوون و پارتی زۆر کەم هێز بوو، زۆریان لە خەڵکی سەیدسادق گرت کە شێخ قانعیش بەرکەوت و خەبەریان دامێ لە بەغدا گیراوە. بارزانی لە ماڵ نەبوو. ڕۆژێ کە هاتەوە، هەر سەلامی کرد و دانیشت، گوتم قانیع گیراوە؛ دەست بەجێ هەستا، چووبووە لای ساڵح عەبدی ڕەئیسی ستاد گوتبووی یان ئێستا منیش حەبس دەکەن یان قانیع بەردەدەن. قانعیان هێناوە. لە جیاتی سوپاس دەڵێ:

- بەخوا لەم حەبسە هەموو ڕۆژ لاوەکان پرتەقاڵ و مۆزیان دەدامێ، تۆ نەتهێشت تێر بخۆم!

قاسم لە لاسارە سەیرەکانی دنیا بوو؛ ببووە تەیرێکی عەجایب. دڵی هەڵینەدەگرت ناوی هیچ کەس بە هونەرمەند و ئازا بێنن. بۆ نموونە: منداڵێکی پۆلی پێنجی سەرەتایی بە ناوی فەیسەڵ شەعلان، خەڵکی شاری کووت لەسەر تەلەفزیۆن نیشان درا؛ کە مێشکی وەک کامپیۆتەر ژمارەی لێک دەدانەوە. زۆر تاجر بە تەلەفۆن دیارییان بۆ نارد؛ کە کوڕە بێوەژنێکی فەقیر بوو. قەرار وابوو چەند شەوی تریش لە تەلەفزیۆنەوە ئیمتیحان بکرێ. لە سبەی ئەو ڕۆژەوە ناوی نەما. قاسم بەغیلی پێ بردبوو.

بارزانی کە هاتەوە گوتی من بە سەربازێکی خۆت حیساب کە؛ قاسم سوور دەیزانی بارزانی درۆ ناکا و هاوکارێکی پاڵەوانی بێوێنەی دەبێ؛ هەر وەک شەڕی شێخ ڕەشید و هەرای شەووافی بۆ لەناو برد. بەڵام ئیحساساتی خەڵک بەرانبەر بە بارزانی و بژی بژی دەستەجەمعی، قاسمی پڕ کردبوو لە ڕک و کینە، بۆ دەرفەت دەگەڕا کە ئەو دڕکە لەسەر ڕێی خۆی لابەرێ. بارزانی زۆر خاکی و بێدەعیە بوو؛ خۆپەرستی ڕووی تێ نەکردبوو. هەر لەو ڕۆژەوە کە هاتەوە، لە هەموو کۆبوونەوەیەکدا زۆر لەوانە قەڵس بوو کە تاریفی دەکەن. جارێک لە جێژنێکدا کە بە هۆی هاتنەوەی لە ساڵۆنی گەل (قاعەی شەعب) گیرابوو، جەلال تاڵەبانی بە وتارێک و من بە شیعرێک باسی هاتنەوەی ئەومان کردبوو؛ بە تاریفەوە. گوتیان بارزانی گوتوویە هەردووکیان تەنبێ دەکەم؛ خۆتانی نیشان مەدەن. ڕاست چووینە بەردەستی، زۆری لۆمە کردین و بەخێر گوزەرا...

عەشایری زێباری زۆر لەمێژ ساڵە دوژمنی سەرسەختی بارزانن. هەرچەند کچی مەحمووداغای مەزنیان ژنی بارزانی و دایکی کاک مەسعوود بارزانییە، بەڵام دیسان هەمیشە دژایەتی هەر هەبووە. لە شەڕی بارزان و دەوڵەت لە ١٩٤٥دا، بارزانی هەواڵیان بە دوژمن فرۆشت. قاسم لە بنەوە چەک و پووڵی بۆ زێبارییەکان نارد کە بە بارزان هەڵڕۆشێن. بۆ جێژنی ئۆکتۆبر، بارزانی دەگەڵ چەند وەزیر و پیاوماقووڵی عێراقی بۆ مۆسکۆ دەعوەت کرا. لە هاتنەوەدا قاسم گوتبووی: «بیستوومە غەیبەتی منت کردووە»، بارزانی گوتبووی: «حەز دەکەم ئەوی بۆی گێڕایەوە بێتە ڕووبەڕووم؛ چونکە من لەبیرم نەبووە بە چاکەش باست بکەم. هەر ناوی تۆم وەبیر نەهاتەوە...». جارێک بە قاسمی گوتبوو: «تۆ لە خۆتەوە دوو ملیۆن و نیو دینار بە شێخی زوفار دەبەخشی، گەلی عێراق ڕازییە؟...». ئەو تەرزە ڕەفتارە و قسانە قاسمی تەواو شێت و هار کردبوو، چۆنی لە کۆڵ خۆی کاتەوە؟!

زێباری وەک عەشایر ملیان لە شڕەخۆری و دەستدرێژی بۆ بارزان دەکرد. مەلا مستەفا ماوەیەک بوو لە بارزان بوو. لەم بەینەدا دەزگای دەوڵەت زۆری تەشقەڵە بۆ پارتی نایەوە. ڕۆژنامە داخران؛ برایم و جەلال خۆیان لە بەغدادا شاردەوە؛ بەڵام کاری حیزب پەک نەکەوت.

حیزبی شیووعی دنەی فەلاحانی سلێمانی دا کە دژی ماڵیاتی زەوی خۆپێشاندانێک ڕێک خەن. زانیمانەوە کە حیزبی پارتی لە سلێمانی سەرۆکایەتی خۆپێشاندەرانی کردووە و هاتوون ڕێگەی دەربەندیخانیان گرتووە و بۆتە تەقە و پیاو کوژراوە و حیزب و خۆپێشاندەر شکاون. قەدرێک پاش ئەو شکانە، نووری شاوەیس هاتە بەغدا کە لە لایەن حیزبەوە وتووێژ دەگەڵ قاسم بکا. دەگەڵ عەبدوڵڵا کانی مارانی چووینە لای. چۆنمان لێ بیست، پوختەکەی دەگێڕمەوە:

«بە هەزاران وەرزێر و خاوەن موڵک بە چەکەوە کۆ بوونەوە، دژی باجی زەوی شیعاریان دەدا. حیزب هەرچەند بڕیاری دابوو خۆی تووشی شەڕ نەکا، مەلا مستەفاش هەرگیز بە شەڕ دەست پێکردن ڕازی نەبووە، بەڵام دیتمان ئەگەر ئێمە سەرکردایەتی ئەو گەلە کۆمەگییە نەکەین، حیزبی شیووعی دەیباتەوە و ئێمە بە یەکجاری شکست دەخۆین. ناچار خۆمان لێ کرد بە ساحیب. کەچی هەر دەگەڵ تەقە قەوما و پیاو کوژرا، هەرچی ئاغا و ڕەعیەتن، هەر کەسە بوونە دزی گای خۆیان و غەیب بوون. حەفتا کەس ئەندامی پارتی نەبێ کە لە مەیدان چەقین و لە تاریکایی شەودا سەنگەریان چۆڵ نەکرد. شەڕێکی خۆتڕێن بوو، بە زۆر بە ملماندا هات...».

بیستمەوە کە شەوی شکانەکە، جەلال تاڵەبانی و نووری ئەحمەد تەها، بە سواری جیپ بە دەشتی سلێمانیدا گەڕابوون، جوێنیان بە مەلا مستەفا دابوو: «خۆی لە بارزان مانگێ پێنجسەد دینار وەردەگرێ و ئێمەی فرۆشت، ئەدی بۆچی نایە شەڕ بکات؟!».

قاسم هەلی بە دەرفەت زانی و لە ناخافڵ بارزانی بۆمباران کرد. بە ئەمری شێخ ئەحمەد، بارزانی لە دەوڵەت ڕاپەڕی، هەمەباهەم سێسەت و پەنجا پارچە چەکی کۆنی لە سێ تیر و پێنج تیر و کەوکوژی ژەنگاوی بە دەست بارزانییانەوە بوو؛ بەڵام وەک ئاگری بە قودرەتێ کەوتە گیانی دوژمن. ڕۆژ نەبوو مەڵبەندێک ئازاد نەکا، ڕۆژ نەبوو سەتان ئەسیر و تفەنگ و تۆپ نەگرێ. هەرکی شێخ ڕەشید و عەشایری زێباری لە وڵات تەرە کرد، وڵاتی زاخۆ و دهۆک و برادۆست و باڵەکایەتی و دەشتی بێتوێنی خستە دەست. هەرچی پۆلیسی کوردە لەو کوردستانە، بە هەزاران بە چەک و هەموو کەلوپەلەوە ڕایان کرد و چوونە پەنای بارزانی. لە هەموو کوردستاندا هەمیشە دووکەڵ داوەستان بوو؛ تۆپباران بوو؛ تانکشکان بوو؛ بۆمبارانی تەیاران بوو. تەنانەت ڕۆژێک قاسم داوای جۆرێ مووشەکی لە ڕووسیا کردبوو کە ئەگەر بە چوار سەعات نەمگاتێ حاڵم شڕە. لە ئەرمەنستانەوە بە عاسمانی تورکیەدا بۆیان نارد و لە بەرانبەر تووڕەیی تورکیەدا عوزریان خواستەوە.