ڕۆژنامەی کوردستان

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  1154 مشاهده

جگە لە کاری ئیدارە یاریدەی پارتیم دەدا. پووڵم لە خەڵک بۆ کۆ دەکردەوە؛ نەشرەم بۆ بڵاو دەکردەوە. ڕۆژێک برایم ئەحمەد گوتی: «کاکە وەرە حیسابێک بکەین: خەڵک چاپخانەیەکیان هەیە، چەند ماڵی پێ بەخێو دەکەن؛ ئێمە پارتی دوو چاپخانەمان هەیە، بڕۆ ئیستیعفا بدە لە ئیدارەکەت؛ وەرە لای حیزب کار بکە. ڕۆژنامەی کوردستان کە جەلال تاڵەبانی وەریگرتووە، تۆ دەریخە. حەوتانەیە و لە هەشت ڕووپەڕ دا. حقووقت لە ئیدارەکەت پتر بێ».

بە مودیری کارگوزینی جەمال بابانم گوت حیکایەت ئەوەیە و ئیستیعفا دەدەم. گوتی: «تکایە مانگێک سەبر بکە. من لە نیوەڕۆیانەوە مەرەخەست دەکەم. ئەگەر نەتتوانی ڕۆژنامەکە لە حەوت پاش نیوەڕۆدا دەرخەی، ئەوسا ئیستعفا بدە».

لە دوازدەوە دەچووم تا شەو دەرنگ خەریک دەبووم. پێنج حەوتە پێنج ژمارەم دەرخست. ئەوەندەی ڕەمێن لەسەر بوو، کە لە ژمارە چوار هەزاری هەوەڵەوە، بوو بە هەشت هەزار و هەر بەشی نەدەکرد، هەر ژمارەش دەمەتەقەیەکم تێدا دەنووسی. لە ئەلف هەتا بێ، بە ئیعلانەوە خۆم دەمنووسی و کوڕێک «جەودەت» ناو پاکنووسی بۆ دەکردم. جارێک یا دوو جار زەبیحی شتێکی بۆ نووسی. ڕۆژێک جەمال شاڵی کە وەکیلی بڵاوکردنی نووسراوی پارتی بوو، لە سلێمانییەوە هات. بەوپەڕی شانازییەوە گوتم:

- ها؟ ڕۆژنامەی کوردستانت دیت کە لە خەباتە عەرەبییەکە زۆرتر مشتەری هەیە؟

گوتی: هیچ فەخر مەفرۆشە. بەخودا مشتەرییەکانی هەموو دێنشینی شارەزوورن؛ هیچیان سیوادیان نییە. دەمەتەقە بە زاراوەی ئەوانە، دێن دەکڕن؛ بە یەکێک دەڵێن بۆمان بخوێنەوە، قاقا پێدەکەنن. کەسیان ناڵێن ڕۆژنامەی کوردستان؛ هەر دەڵێن: ئا باوە دەمەتەقەیەکمان بەرێ!