بەهائیگەری و عیلمی ئەرواح

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  806 مشاهده

لە ئیدارەی مەبانی عام کوڕێکی کورد بە ناوی «زیا خورشید» ڕەواندزی کارمەند بوو؛ گوتی: تۆ کتێبی ئەرواح دەخوێنییەوە؟

- دیارە...

زۆر کتێبی دەربارەی عیلمی ئەرواحەوە بۆ هێنام. کتێبەکان زۆر بەنرخ بوون؛ بە من نەدەکڕدران. زۆر زۆرم بەهرە لێ دیتن. بەڕاستی مەوزووعەکانی بۆ داستانی گاڵتە نووسین شتی وا نەبوون! کاک زیا بە دڵ و گیان عەقیدەی پێ بوو. قەت نەیدەگوت: «فڵان مرد»، دەیگوت: «نەقڵ بوو». بە پێی ئەو عیلمە، ڕووحەکان کە لە لەش دەردەچن، دەچنە حەوا و لەوێ بە ئازادی دەگەڕێن؛ باخچە دەچێنن؛ شیعر دەڵێن؛ ئیختراعات دەکەن؛ خۆشی ڕادەبوێرن...

لە جێگەیەک تووش بووم: «ڕووحی کەشەیەکیان حازر کرد؛ لێیان پرسی: حاڵت چۆنە؟

- زۆر شڕ بوو؛ ئەوا خەریکم باش دەبم. کە مردم دیتم هەرچی لە عومرمدا بە مریدانی کلیسام گوتووە، هەمووی درۆ بووە. هەر یەکیان کە مردووە، چووم عوزرم لێ خواستۆتەوە و عەفوویان کردووم. تاقە کەسێک لەسەر زەوی ماوە، ئەویش ئەوا لە حاڵی مردندا، ئەویش بمبەخشێ حاڵم خۆش دەبێ و لە عەزابی ویجدان ڕزگار دەبم!».

شەوێک لە خەونمدا هەشت کەس هاتنە سەربانی ماڵێ کە منداڵەکانم نووستبوون. گوتیان:

- ئێمە ئەڕواحین؛ یەکیەتیمان هەیە. تۆ مانگانە یاریدەیەکمان بکە.

گوتم: مانگێ نیو دینار باشە؟

یەکیان گوتی: زۆریشە، زۆر سوپاس!

گوتم: دەغیلە با منداڵەکانم هەست نەکەن کە ئێوە لێرەن؛ وا دەچم میوەتان بۆ دێنم.

گوتیان: ئەوە میوە!

لابارێک سێو هەڵڕژا!

بەیانی ئەو خەونەم بۆ کاک زیا گێڕایەوە. هەر دەیگوت: «ئای لەو بەختەی تۆ هەتە! چەند ساڵە من حەول دەدەم هێشتا ئەوەندەیان بەسەر نەکردوومەوە!».

ئیعلانێکی پەیدا کردبوو: «کۆمەڵی سێ زەنگوڵە لە شاری ئۆکسفۆردی بریتانیا لە بەرانبەر هەژدە شلینگدا ژیانی ڕابردووی خۆت پێ دەڵێ کە چەند جار قالبت گۆڕیوە». کاک زیا پووڵی نارد و بۆی هات، دەڵێ: «تۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر موغی زەردەشتی بووی، مردی، ئەمجار بووی بە ڕاقیسە لە مەعبەدی فیرعەونانی میسر، پاشان مردی، بووی بە کاهنێکی بوودایی لە چین، جاری چوارەم لە کوردستان پەیدا بووی، ئێستا کارمەندی!». گوتی: «ئیمانم پێ هەیە، تۆ چی؟».

گوتم: «ڕەنگت سوورە. ڕەنگە ئەگەر ڕاقیسە بووبی کەس لە چنگت نەجاتی نەبووبێ!».

گوتی: «هەیهوو تۆ هەموو شتت پێ گەمەیە!».