کار لە ئیدارەی مەبانی عام

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  714 مشاهده

وەک دە پێشدا باسم کرد، برای جەلالی شەریکم ملی لە تەشقەڵە و فێڵ و فەرەج نا. بەشە دووکانی خۆم بە پووڵێکی هەرزان پێ فرۆشت. لە ئیدارەی (مەبانی عام) ڕۆژێ بە دینارێک دامەزرام. کارەکەم لە سەعاتی هەشتی بەیانەوە تا دووی پاش نیوەڕۆ بوو، ڕۆژێ ئەوپەڕی کارەکەم سەعاتێک بوو. نامەی وارد و سادرم لە مل بوو. دەبوایە تا سەعات دوو بێکار دانیشم. ملم لە کتێب خوێندنەوە نا. ڕۆژێ بە لانیکەم داستانێکم دەخوێندەوە. ڕۆژێک گوتیان مودیرکول دێ. کارمەندان کە قەت کاریان نەدەکرد وەخۆ کەوتن؛ هەر کەسە پەروەندە لە پێش و چاویان بەسەردا گرتووە؛ من نەبێ. مودیرکول هات، گەیشتە من. گوتی: «تۆ کارت چییە؟».

- ڕۆژێ نیو سەعات نووسین و پێنج سەعات و نیو وێژنگ دان بۆ دەوڵەت!

پێکەنی و ڕۆیشت.

هێشتا لە دووکانەکەم بووم، پیاوێک بە ناوی عەبدولکەریم کە زۆر ساڵ کارمەندی شرکەتی نەفت بوو، ئینگلیسی زۆر باش دەزانی هاتوچۆی دەکردم و دەرسی پێ دەگوتم. جارێ گوتی:

- حەز دەکەی کتێبی دینی بەهایی بخوێنییەوە؟

- بەڵێ، هەموو شتێک دەخوێنمەوە.

زۆری کتێب بۆ هێنام. تەواو شارەزایم لەو بارەوە بۆ پەیدا بوو. ڕۆژێک گوتی:

- ئێستا عەقیدەت پەیدا کردووە کە دینێکی باشە؟

- مامۆستا من ئەگەر دەست لە ئیسلامەکەم هەڵگرم و لام وابێ بەتاڵە، چۆن عەقڵت باوەڕ دەکا لام وابێ ڕۆژی قیامەت عەبباس ئەفەندی شەفاعەتم بۆ دەکا؟! نا، فریوت نادەم. مەمنوونتم کە شارەزات کردووم؛ بەڵام وەک دین قبووڵم نییە.

مامۆستا لێم ڕەنجا؛ ئیتر هاتوچۆی نەدەکردم. چەند مانگێکی پێ چووبوو، ڕۆژێ لە ماڵەوە گوتیان پیاوێکی درێژ، کاڵەکێکی ئاڵتوون کۆپری بۆ هێناوی و لە ماڵ نەبووی. بە نیشانە مامۆستاکە بوو. ئێوارەیەک لە چاخانەیەکی ئەبوونەواس یەکێک بانگی کردم؛ خۆی بوو. گوتی: فڵانی من بەهایی بووم؛ بەخوا منیش وازم لێ هێناوە، با ئاشت بینەوە!