چاپی مەم و زین

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  746 مشاهده

کە من ڕۆیبووم بۆ ڕووسیە، بارزانی بە قزڵجی گوتبوو: «حیسابی بکە چاپی مەم و زین چەندی تێ دەچێ بتدەمێ». حیسابی کردبوو؛ سەد و بیست دیناری وەرگرتبوو. تا من هاتمەوە شێست و چوار سەفحە لە چاپ درابوو؛ پووڵیش خەلاس ببوو. پێشەکییەکی بۆ نووسیبوو زۆر جوان بوو؛ بەڵام نووسیبووی خانی لاسای مەجنوون و لەیلای نیزامی کردۆتەوە، بەوە ڕازی نەبووم. لەیل و مەجنوونم لەسەرڕا خوێندەوە. هەر کەس هەردووکیان لەبەریەک ڕاگرێ دەزانێ خانی زۆر بەهێزتر لە نیزامی ئەو بەیتەی گوتووە. دیارە خانی حەوسەد ساڵ لە دوای نیزامی هاتۆتە دنیا و ئەدەبیات ڕێگەیەکی زۆری بەرەو چاک بوون بڕیوە.

مەم و زینم چاپ کرد و شێست دینارم لەسەر دانا. چوارسەد دانەیەکم بە دیاری دا بە ئاشنایان؛ دووسەدێکم دا بەو ئێرانییانە کە لە سلێمانی کۆمۆنەیان هەبوو (کە گوتیان لە ڕۆژێکی ترس و لەرزدا حەمامیان پێ گەرم کردبوو!!) ئەوی تریش لە سەدا حەفتای کتێبفرۆشان خواردیان و لە عەسڵی مایە چل دیناری خۆشم زەرەر کرد!

جەلیل ناوێک خەڵکی پیرۆلی باغی نزیک سابڵاغ، ئەفسەری مخابەرات و بازنشەستە کرابوو؛ بساز بفروش بوو. بە زمانێکی زۆر لووس پووڵەکەی دام بە خانوویەک. پاش ماوەیەک کە فرۆشتمەوە، تێگەیشتم دووسەت دینارێکی لێ دزیوم. دەستی زۆر کەسی دیکەشی بە زمانی خۆش بڕیبوو کە یەک لەوانە عەلائەددین سەججادی بوو. بەڵام پاشە ڕۆژێک دیتمەوە ژنەکەی ڕەدوو کەوتبوو؛ ماڵ و زێڕی بردبوو، بۆخۆشی لەرز ببوو؛ بەزەییم پێدا دەهاتەوە. دەستی زەمانە تۆڵەی خوار و خێچی لێ کردبۆوە...

بارزانی گوتی: «دێمە ماڵەکەت»، گوتم: «ڕاستی من تاقەتی حەلۆ و جەلۆی تۆم نییە؛ بە چل پەنجا حەرەستەوە دێیە کوێ!؟»، گوتی هەر دێم. شەو هاتە ماڵەوە. دیتی جێگاکەم تەنگەبەرە. پاش چەند ڕۆژ خانوویەکی دەوڵەتی لە سی خانووی کە بۆ پارێزەرانی ئەو دیاری کرابوو دامێ و گوێستمەوە گەڕەکی (ئیسکان) لە دەرەوەی شاری بەغدا. خانوویەکی چل و نۆ میتری، چوار وەتاغ لەسەر یەک، وەتاغێکی گەورە و درێژ بۆ نشیمەن و میوان تێدابوو؛ حەسارۆکێکی چکۆڵەشی هەبوو. دەبوو تا بیست ساڵ، ساڵێ سەد دینار بدەم و ببێتە موڵکم، وەتاغێکیشم لێ دروست کرد. قیستی پێنج ساڵم مابوو کە بەعسی داگیریان کرد.