وختانی دەوڵەت بۆ من و چەند کەسێکی تر

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  725 مشاهده

کە بارزانی لە شەڕەکانیدا سەرکەوت، ئەندامان و لاگرانی حیزب لە لێواری سلێمانی و هەولێریش بووژانەوە و بە چەکەوە دایانە چیا و شەڕ هەموو وڵاتی گرتەوە. کەسانێ کە نەناسرابوون، لە بەغدا مابوونەوە و کار لە بەغداش زۆر باش بەڕێوە دەچوو. من مانگانەم لە کوردەکانی ئیدارە کۆ دەکردەوە؛ خەبەرێکم هەبا دەمنارد. جارێک گوتیان کۆمەڵێک لە کۆنەژنەراڵ و پیاوماقووڵانی بەغدا پەیامێکی گرینگیان بۆ حیزب هەیە؛ ناوێرن بە نامە بینووسن. دەبێ یەکێک تەواوی قسەکانی بێ زیاد و کەم لەبیر بێ و بە شوێنی خۆی بگەیەنێ، تۆ بۆ ئەو کارە باشی. پەیامم وەرگرت و چوومە کەرکووک. زەبیحی مەسئوولی کەرکووک بوو، لەوێ نووسیمانەوە و ناردییە چەمی ڕێزان بۆ مەکتەبی سیاسی. بۆ سبەی ئێوارە جوابی هاتەوە، هاتمەوە بەغدا. هەر گەیمەوە گوتیان: ڕۆژنامەت نەخوێندۆتەوە؟

- نا، چی تیدایە؟

- لە زمان تۆوە نووسراوە: «بارزانیم پێ پیاوەێکی خراپە، پارتی پیاوی ئیستیعمارن و دژی جمهوورین، من حاشایان لێ دەکەم».

- هەی نەبێ!

سبەی برادەرانم دیتەوە؛ جوابەکەم گەیاند. گوتیان: «ئەو بوختانە بۆ چەند کەسێکی دیکە نووسراوە؛ دەتوانی ئینکاری بکەی». چووینە ڕۆژنامەیەک. گوتی: «بەڵێ بۆت دەنووسین. بەڵام دەبێ بنووسی من موخالیفی جمهووری قاسمم». گوتم: «بوختانێکم پێ کراوە، ویجدانم ناڕازییە. بەڵام ئەگەر ئەو درۆیە بنووسم، هەمیشە ویجدانم عەزابم دەدا، ئینکاری ناکەم...».

دووبەیانی، بەیانێکی چاپ کراوی حیزبی پارتیم نیشان درا کە نوسیبووی: «دەوڵەت بە حیلەسازی دەیەوێ پیاوە چاکەکانمان لەکەدار بکا، نووسراوی دەربارەی هەژار ڕاست نییە و لەو دەمەدا ئەو لە سەفەردا بووە و کاری حیزبی ڕاپەڕاندووە...». گوتیان بڵاوی دەکەینەوە.

- ئای دەغیلە! ئەگەر دەتانەوێ لە بەغدا بمێنم و فایدەیەکم هەبێ، ئەوە مەکەن. چونکە هەر ئەمڕۆ دەمگرن!