دەعوەت بۆ کۆ بوونەوەی دەوڵەتی ئازەربایجان

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  785 مشاهده

دەعوەتنامەیەکم بۆ هات کە: «دەوڵەتی ئازەربایجان کۆبوونەوەیەکی ساز داوە و تۆش دەبێ لەوێ بی». دەعوەتێکی زۆر گەورە بوو. سەرانی حیزبی توودە: ڕادمەنش، ئیرەج ئەسکەندەری، ئەمیری خیزی، جەودەت لەوێ بوون. دەبێ ئەوەش بزانی کە لە پێشدا هەر وەک بە ناو کۆمەڵی کوردان هەبوو، فیرقەی ئازەربایجانیش بە ناو تەشکیلاتێکی لە باکۆ هەبوو. بەڵام کە من لەوێ بووم، ڕووسیە لێی مەنع کردبوون و خستبوونییە سەر حیزبی توودە کە زۆربەی ئازەربایجانییەکان لەوە ناڕازی بوون و نەیاندەوێرا قسە بکەن. سەرۆکایەتی کۆ بوونەوە درا بە ڕەحیم قازی؛ ئەو نۆرەی قسەکەرانی دیاردە دەکرد، گوتی: لە دوای هەمووان نۆرەی تۆ دەدەم. چەند کەس لە ئازەربایجانییە ئێرانییەکان قسەیان کرد. هەموویان وتاریان بەوە دوایی دێنا کە: «ئازەربایجان یەکپارچەیە و دەبێ ڕۆژێک ببینەوە یەک، لە ژێر حوکمی هاوبەشی شۆرەویدا...». نۆرە گەیشتە ئیرەجی ئەسکەندەری. بەوپەڕی فەساحەت و بەلاغەت نوتقێکی زۆر ڕێک و جوانی کرد و چەندین شیعری حافز و سەعدیشی دەناودا بە شایەت هێنایەوە. لە باسی کورد گوتی: «قازی ها لە ڕێگەی ئازادی ئێراندا گیانیان فیدا کرد». دەربارەی ئازەربایجانی گوتی: «ئێمە فارس و ئازەری و کورد وەک سێ منداڵی بێباب واین، نانەکەمان لە سندووقێک دایە، لاسارێکی ملەستوور قفڵی داوە و لەسەری دانیشتووە. دەبێ هەرسێکمان پێکەوە لەسەر سندووقی فڕێ دەین و ئەوسا نانەکەمان دەست کەوێ و پێکەوە تێر ببین. ئێستا باسی جیابوونەوەی ئازەربایجان و کوردستانێک نابێ بکرێ. ڕۆژی خۆی باسی دەکەین و بزانین دەبێ چۆن دەبێ...».

کاتێ نۆرە درا بە من گوتم:

- مامۆستا ئەسکەندەری کارێکی کرد کە پیاو شەرم دەکا لە ڕووی ئەودا هیچ بڵێ؛ بەڵام دوو ملاحەزەم هەیە: لە فیداکاری کورددا هەر فەرمووی «قازیان»، چونکە ڕەحیم لێرەیە و خاتری گرت؛ بەڵام ئەو سەدان کارگەرە کرماشانی و لوڕانەی لەبیر چوو؛ ئەو هەموو لاوانەی سابڵاغی هەڵبوارد کە لە پێناوی حیزبی توودەدا کوژراون. چەند شەو لەوە پێش چوومە ئۆپیرای کۆرئوغڵوو، هاوکارانی دەستیان ڕادەکێشا و سوێندی وەفاداریان دەخوارد، کوردێک هات جگە لە دەست ڕاکێشان، چۆکی دادا و سوێندی خوارد. بەڵێ کورد سوێندی وەفاداری لە لا زۆر پیرۆزە و هەرگیز پاشگەز نابێتەوە. هەزار ساڵ پتر، بە سەد هەزاران پاڵەوانی کورد لە ڕێگەی ئیسلامدا خۆیان فیدا کرد؛ گوتیان عەرەب و ئێرانی و تورک کە موسوڵمانن هیچ قەدری کورد نازانن، کۆمۆنیستی زۆر باشە کە فەرقی نەژادی لە لا نییە. زۆرمان بەو بانگەوە هاتین؛ زۆرمان خۆمان بە کوشت دا. ئەوا ئێستا دەبینین کوردی عێراقی لە یەریوان قسە دەکا؛ لێی دەپرسن: کورد چۆنن؟ کۆمۆنیستە؛ بە گوناهی دەزانێ بڵێ کورد هەیە، دەڵێ: لە عێراق جگە لە عەرەب، ئەرمەنی و تورکمان هەن کە زۆر حاڵیان خۆشە... لێرەش جەنابی ئەسکەندەری دەفەرمووی: «جارێ باسی ئازەربایجان و کوردستان مەکەن، وەختی نییە». من دەڵێم: نا هەر ئێستە وەختە! با بڵێین ئەگەر نانمان لە بن کابرای لاسار دەرێنا، هەر کەس بەشی خۆی پێ دەگا. ئەوسا ئەگەر زانیان کەس تەما دە بەشە نانی ئەوی تر ناکا، پێکەوە لەسەر سفرەیەک دادەنیشین، بەڵام ئەگەر یەکێک دە بەشی ئەوانی تر ڕۆبێ، حەقیان هەیە نانی خۆیان بەرن و هەر کەس لە ماڵە خۆی بیخوا، کە عەداڵەتیش هەر ئەمەیە...

بوو بە هەرایەک لەو کۆڕەدا:

- هەژار ڕاست دەکا! دەمانەوێ بەشمان هەر لە ئێستاوە دیار بێ! نامانەوێ توودەش وەک شا بەشمان بخوا!

لە پاش تەواو بوونی قسان و دیتنی فیلمی ئارشین ماڵاڵان، مامۆستایانی توودە هاتنە ژوورێک کە ڕەحیم و من لەوێ بووین. ڕەحیم گوتی من دەڕۆم. من مامەوە و ئەوان. ڕادمەنش گلەی کرد:

- لەو مەجلیسە گەورەدا نەدەبوو قسەی وا بکەی.

- ئێوە دەبوو کارێک بکەن من قسەی وام بۆ نەیە.

- هەژار ڕێگەی ئێمە ڕاستە. بۆ بە ڕێگەی ئێمەدا ناڕۆن؟ دەردی قاسملوو کە ئێستا بۆتە دژمان و لە ڕێگەی ئێمە لای داوە، گۆیا مللیەت دەکا...

- مامۆستا، مەرحوومی خالید بەکداشیش هەر ئەو فەرمایشاتەی دەفەرموو!

- بۆ خالید بەکداش مرد؟!

- ئەدی ئەگەر نەمردووە کوا؟! مامۆستا گیان، ڕووپەڕی مێژوو هەڵدەوە، هەمیشە عەشایری غەرب سەربەخۆیی ئێرانی پاراستووە. ئەو عەشایری غەربە ئێمە پێیان دەڵێین کورد؛ ئێستا زۆر تینووی ئازادین. ئەگەر ئێوە بە هیچیان نەگرن، ئەمریکایی و ئینگلیس بیانەوێ تەشقەڵە بە دەوڵەتی ئایندەی توودە بکەن، هەر بەوانە کە تۆزێک دڵخۆشیان بکەن هەڵتان دەدێرن. لەو گوێ بە کورد نەدانە هەزاران قاسملووتان لێ پەیدا دەبێ. ئێوە ئێستا تەنیا کەچە ڕادیۆیەکتان لە بوڵغار هەیە، بەرنامەی بە فارسی و ئازەری هەیە؛ بەشێکی عەشایری غەربی تێدا نییە کە هیچ نەبێ بە درۆ دڵخۆشی کورد بدەنەوە. هەر لەبیریشتان نییە کورد هەیە...

- لە ڕادیۆی پەیکی ئێراندا، نە وەختی زیادیمان هەیە، نە گوویەندەمان هەیە!

- قسە بۆ منداڵ دەکەی! لە سەعاتێک فارسی، چارەگێک و لە سێ چارەگ ئازەری پێنج دەقیقە ببڕن، ئەوە وەختی فەننی. کوردیبێژیش، هەزار بێکار لە ئورووپا هەیە بە حەقێکی نەمرنەژی کارتان بۆ بکا. ئەگەر کەستان دەس نەکەوت من دێم بە نانەزگ قسەتان بۆ دەکەم.

- باشە حەول دەدەین ئەو گلەییەش لابەرین.