نەقڵی ئەسعەد خۆشەوی لە ڕادمەنیش و ژنەکەی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  795 مشاهده

«ئەسعەدی خۆشەوی» کە لە مۆسکۆ دەگەڵ بارزانی لە ماڵێکدا ژیابوو، گێڕایەوە:

«ڕادمەنش و ژنەکەی کە زۆر جوان بوو، چەند جارێک هاتنە لای مەلا مستەفا و بوونە ئاشنا. ڕۆژێک ژنەکەی بەتەنێ هات. پاش تۆزێک لەپڕ دیتم مەلا مستەفا دەرکەی کردەوە و پاڵێکی بە ژنەکەوە نا، وەخت بوو لە پلەکانان ملی بشکێ. ژنەکە داوای لە بارزانی کردبوو، بیلامانێ حەزی لێ بکا، تا بە یەکجاری ببێتە دۆستی ڕادمەنشی ڕەئیسی حیزبی توودە». وەباڵ بەستۆی ئەسعەد...

لە نێوان پەردەی کۆبوونەوەکەدا مووزیک و ڕەقس و گۆرانیش هەبوو. سارا قەدیمۆفای بەناوبانگ کە ئەوسا تۆزێک پیر ببوو، ڕەقسی کرد، گۆرانی گوت. شەوێکیش چوومە ئۆپیرای «لەیل و مەجنوونی فزوولی» کە «ڕووبابە» ناوی گۆرانیبێژ دەوری لەیلای دەگێڕا و بە دەنگی خۆشی خۆی دنیای ئیحیا کردەوە.

جەعفەر خەندان ڕۆژێ زۆری تاریفی بابا تایەر کرد، بەتایبەتی ئەو بەیتەی کە دەڵێ:

ئەگەر با موو سەری یاری نەدێری
چڕا هەر نیوەشەو ئایی بە خوابم؟

گوتم: «مامۆستا، شاعیری عاشق دەڵێن من خواردن و خەوم لێ حەرامە، بابا تایەر دەیارە شەو تا ڕۆژ پرخەی هاتووە؛ بۆیە خەونی بە یارەوە دیوە!».

گوتی: ڕاستی بیرم لەوە نەکردبوو!

لە حاڵی «بێریا» شاعیری تەورێزی زەمانی پیشەوەریم پرسی، گوتیان لێرە ببووە مەزهەبی؛ دەیگوت: «دەبێ لە جێگەی کۆتەڵی ژنەراڵ کیرۆف، کۆتەڵی پێغەمبەر دانێن!». بە تۆمەتی شێت بوون بەرەو سیبریا براوە.

شاری باکۆ لە سێ لاوە دەریا باوەشی پێدا کردووە. دەیانگوت ملیۆنێک خەڵکی تیایە.

کۆتەڵی کیرۆف لەسەر گردێک بەرەو دەریا چەقیوە. بەداخەوە گەنجەی ژیگای نیزامی کە بە «گەنجەوی» مەشهوورە، بە ناوی ئەو ژنەڕاڵەوە کە لە شۆڕشدا فەرماندەی قەفقاز بووە، ناوی نراوە؛ ئێستا (کیرۆفاباد)ی پێ دەڵێن.

باکۆ تا ڕەشەبای نەیە شارێکی خۆشە؛ بەڵام ڕۆژانی ڕەشەبا دەبێتە سندان و ژەهری مار. گۆیا ئەو ناوەش(بادکووبە)یانی(با دەیکوتێ)یە.

لە ئوتێلەوە تەلەفۆنم بۆ کابرای ئەرمەنی کرد کە سەڵماسی سەلامی هەبوو.

- بەڵێ ئێستا دێم!

- دێیە چی؟ سەلام و بڕایەوە!

دیتم هات. گوتی:

- ئەو دەمانچەی بدەیە؛ فیلم و یاقووتیش جارێ ساز نەبووە!

- هەتیو دەمانچە و یاقووتی چی؟! بڕۆ وازم لێ بێنە!

لە ڕۆژێکی ڕەشەبای زۆر سەختا، لە فڕگەی باکۆ خواحافیزیم کرد و هاتمەوە مۆسکۆ.

بەر لەوە باکۆ بەجێ بێڵم، ئەو جۆکە دەگێڕمەوە:

ئەحمەدۆف ناوێک کە وەزیرێکی باکوویی بوو گوتی:

- ماڵمان لە گوندێکی نزیک تەورێز بوو. من منداڵێکی هەشت ساڵە بووم؛ دەگەڵ بابم و خانەوادە هاتینە تەورێز سەری خزمان بدەین. شەو بوو. ئەو زەمان دەبوو ناوی شەو بزانی دەنا دەگیرای. ئەمنیەیەک لەوسەری کووچەیەکەوە هەرای کرد:

- گێلان کیم؟ (کێیە دێت؟)

بابم گوتی: ئاشنا!

- ئیسمی شەب؟

بابم - کە ئاگا لە هیچ نا - دەستەپاچە ببوو، لەخۆیەوە گوتی: تەبریز!

- زڕت! بیلمەدن: تیهران! (زڕت! نەتزانی: تاران!)

گوتی: بەڵێ، تاران!

- ئافەریم، وەرن بڕۆن!

جێگەی ئەم جارەم لە ئوتێل ئوکراینا بوو؛ کە وەک لەبیرم بێ بیست و سێ نهۆمە و من لە نهۆمی هەشت بووم. سەڵماسی خۆی گەیاندمێ.

-کوڕە هیچ شەرمت نەکرد قاچاغچییەتیم پێ بکەی؟ ئەو سەلامەت زۆری مانا هەبوو!

- دەی جا چ بوو؟ چەمەدانی تۆ ناپشکنن!

تێلگرافم بۆ سێدا ڕۆدینکۆ لێ دا؛ هات و چوار ڕۆژ شێخی سەنعانیم دەگەڵ خوێندەوە.