ڕەحیم قازی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  993 مشاهده

بێ جێی نازانم کورتەباسێکی ڕەحیم قازی بکەم:

بنامۆزای پێشەوا قازی محەممەد، برای حەمە حوسێن خانی سەیفی قازییە؛ لە سابڵاغ دەمناسی. لاوێک بوو، ئەویش دەگەڵ چەند لاوێکی دیکە هاتبوونە باکۆ کە فێری ئەفسەری بن یان بخوێنن. کە سابڵاغ شکا زۆریان هاتنەوە. چەند کەسێکیان وەک کەریم ئەییووبی، مستەفا شڵماشی و عەلی گەلاوێژ و سوڵتان وەتەمیشی و ڕەحیم قازی نەهاتنەوە. دەپاڵ دەرس خوێندندا بە ناو حیزبی دیموکراتی کوردیان بۆ ساز داون و ڕۆژنامەیەکی دوو پەڕی بە کوردی و ئازەرییان حەوتانە نووسیوە. نازانم ڕەحیم چی خوێندووە؛ بەڵام ناوی دوکتور ڕەحیم بوو.

بەر لەوە بێمە مۆسکۆ نامەیەکیم پێگەیشت؛ دەڵێ: «وەرە ئێرە، پووڵی تەرجەمەی شیعرەکانیشت کە نزیکەی بیست و هەشت هەزار ڕووبڵە وەردەگری...». بۆم نووسی: «دەعوەتێکی سەیرە! تۆ لە عاسمان سفرە ڕادەخەی و ناردیوانیشت سووتاندووە، چۆن دەتوانم بێم؟!».

لە ئاسایشگا هاتە لام. پاش چاردە ساڵ یەکترمان دیتەوە. هەردووکمان قەڵەوتر ببووین و ئەو زگی لە من زلتر بوو. لە قسانی بۆنی ئەوە دەهات کە لەجێی پێشەوا بکرێتە سەرۆکی کورد. گوتم: «کاکە! بارزانی لە مۆسکۆ بوو؛ لە جزیرەی سووریا ڕۆژێک شوانێکی یەزیدی و خاوەن مەڕێک چەققەیان بوو کە فڵانە مەڕت دزیوە، درۆ دەکەی گورگ نەیخواردووە. شوانەکە زۆر سوێندی بە شێخ هادی و بولقاسم خوارد، بەهرەی نەبوو، گوتی: «سوێند بە سەری مەلا مستەفا بارزانی، من نەمدزیوە»، کابرا گوتی دڵم پا بۆوە... ئەمڕۆ لە سەرانسەری کوردستاندا ناوی بارزانی لە سەرووی هەموو ناوانە، باوەڕ ناکەم تۆ بتوانی ئەو شوێنە بگرییەوە...».

دەعوەتی باکۆیەشم هەر ئەوە پێکی هێنا. هەر گەیمە باکۆ، ئازەربایجانی و کورد باشیان باس نەدەکرد. دەیانگوت پیاوی دەوڵەتی مەرکەزییە و زۆر کەس لە هاووڵاتییانی ئازەربایجانی بەگرتن داوە کە لە حەبسدا فەوتاون. سەرەڕای ئەوەش، ئەو ئازەربایجانییانەی کە لەبارەی نامووس پارێزییەوە زۆر شێلگیرن دەیانگوت: ژنەکەی جوولەکەیەکی ڕووسە؛ ئابڕووبەرەیە. تۆ نسحەتی بکە با دەست لەو ژنەی بەردا. دەمگوت: من حەقم چییە؟ خۆ من قازی مەملەکەت نیم.

پاش سوبحانە خواردنێک، یەکێ هات گوتی: ژنەڕاڵ غولام یەحیا دەیەوێ بتبینێ. خستمییە ترۆمبیلێکی سەرداپۆشراو. لە ماڵێک دابەزی. تاوێک بە داڵانێکی تاریکدا ڕۆیشتم؛ بردیانمە ژوورێکی زۆر تاریک. غولام یەحیا لەوێ بوو. گوتی: «لە ترسی ڕەحیم ئاوام تۆ هێناوە. هەر بزانێ منت دیوە واوەیلا بە حاڵم!». زۆری دەردی دڵ لە حیزبی توودە هەڵڕشت: «ئەگەر جارێکی دیکە بگەمەوە ئێران و چەکێکم بە دەستەوە بێ، هەر چی بڵێ توودەم بۆ بابی تەنبێ دەکەم...».

چەند پەیامێکی بۆ مەلا مستەفا نارد.

لە ئوتێلەکە خەبەرێک لە من درابوو کە ئەوسا باوەڕم کرد ڕەحیم چاودێری بزووتنەوی خەڵکی باکۆیە و کە لێی دەترسن بەخۆڕایی نییە. خەبەریش ئەوە بوو: پاش ئەوەی ژنی عەلی گەلاوێژ دلارامی لێ تاراندم، ڕۆژێک تەلەفۆنی کرد:

- دڵت لێم ڕەنجاوە؟

- کارێکی نالەبارت کرد...

- دەسا وا دێم ئاشتت دەکەمەوە.

- کەنگێ؟

- سەعات چوار دێم، بەتەنیاش دێم.

نەهات. شەو دەگەڵ عەلی هات؛ زۆریش کز و تووڕە دیار بوو. حەمەد گوتی: ڕەحیم گوێی لە قەول و قەرارتان گرتووە، هەڕەشەی لە سیویل کردووە بۆیە نەیتوانیوە بێتە لات.

- چۆنی زانیوە؟

- هەرکەس لە تەلەفۆنی ئوتێلەکە قسە بکا دەبێ ئەو بیزانێ.

لە یەکەم دیتنەوەیدا، زانایی و عیلمێکی وام لێ هەست نەکرد کە بەرچاو بێ. بەڵام کە عەلی گەلاوێژم دیت، وای بۆ چووم کە عەلی وەک مەولانای ڕۆمی زمانی شەمسی تەبرێزییە و بە دەردی بەشیر موشیری بەغدایە گۆتەنی: «تۆ بنووسە و من تەئلیفی دەکەم!»، عەلی هەم شاعیر، هەم نووسەر، هەم کوردیزانی باش، دوکتورای لە ئیقتیسادی سیاسی هەبوو.

شەوێک ڕەحیم تا سەعات دوازدە لام بوو. گوتی: «ئەگەر تەلەفۆنم بۆ کرا با لە ماڵەوە قسەم دەگەڵ بکەن». سەعات یەک، سوڵتان وەتەمیشی بە تەلەفۆن گوتی:

- هەمزە عەبدوڵڵا دەگەڵ جەمال حەیدەری چوونە لای سولسۆف، زۆریان خراپەی بارزانی کوتووە! مزگێنی بە ڕەحیم بدە!!

- هەر خۆت بە تەلەفۆن پێی بڵێ...

لە ئاسایشگای گێرتسن نامەی ڕەحیمم بۆ هات، بیست و هەشت هەزار ڕووبڵەکەم ببووە بیست و دوو! لە نامەیەکی دیکەدا هەژدە بوو، جاری سێهەم ببووە دوازدە، تێنەدەگەیشتم چییە؟! بەڵام کە لە باکۆ دیتم و باسیان کرد کە چۆن هەموو ژیانی سەرفی ژنان و مەشرووب دەکا، پێم سەیر بوو کە دوازدەکە بۆ نەچۆتە ژێر سیفرەوە!!

من هەر ڕۆژە حەقی نووسینی مەقال لە ڕۆژنامەی ئازەری و ئەرمەنی دام بۆ دەهات، پووڵ وەک کا وابوو. کە دەهاتمەوە بۆ مۆسکۆ، شەش هەزار ڕووبڵم دایە خزمەتی و ئەوی تریشم بۆ حەمەدی مەولوودی بەجێ هێشت، کە ڕەحیمیش چەند پارچە دیاری جوانی دا بە من و دیار بوو بە گرانی کڕیون.