مەعشووقە ئاگای لە مەحموودی بێزەواد نەبووە!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  887 مشاهده

بۆیان گێڕامەوە کە پیشەوەری لە ئێران ڕەویوە، ڕێگەی نەدراوە بچێتە مۆسکۆ. نامەیەکی گەیاندۆتە ستالین، باسی شکانی ئازەربایجانی ئێرانی بۆ نووسیوە. ستالین پرسیویە: «نەقڵی ئازەربایجان چییە؟ من قەت نەمبیستووە، بۆ چی لەوێ چی ڕووی داوە؟! با ئەو پیشەوەرییە بێتە لام؛ زۆر بێخەبەرم». پیشەوەری کە ساز بووە بڕوا، بە فەرمانی باغرۆف کامیۆنێک لە ڕێگەی فڕگەدا خۆی لە ترۆمبیلەکەی داوە و کوژراوە و ئێستاش ستالین هەر بە بێخەبەری ماوە تا مردووە. ئای بە کلکی خێوییەوە! وا دیارە من و مام هێمن کەری تەواو بووین: نە ستالین زانیویە چییە حاڵمان و نە فەرموویەتی: «یەمان پرسیسکی، کوردیسکی خەرەشۆ: فارس خراپە و کورد باشە!» ئێمە لە عیشقا سووتاوین و مەعشووقە ئاگای لە مەحموودی بێزەواد نەبووە...

وەک باسی باغرۆفیان دەکرد، قەت چەنگیز هێندە خوێنڕێژ نەبووە. گۆیا لە محاکەمەدا بێپەروا گوتوویە: «پەنجا و سێ هەزار کەسم بە دزییەوە بە دەستی خۆم کوشتووە و بە شوفێرەکەم ناشتووە». هەر ژنێک کە ئەو ویستبێتی و نەچووبێتە لای، بە مێرد و منداڵەوە حەواڵەی سیبریا کراوە و فەوتاون. ئەو زوڵم و زەڵاڵەتەی لە دەزگای باغرۆف و یارانیدا کراوە، سەد کتێبی دەوێ. جا ئەگەر کڵفەت وا جوان بووبێ، دەبێ خانم چۆن بێ؟! دبێ فەزایحی زەمانی ستالین گەیبێتە کوێ؟!...

جارێک لە ئاسایشگا، نایبێکی شوورای عالی شوکرانەی ئازادی زەمانی خرۆشۆفی دەکرد. دەیگوت: «ئێستا نامە بۆ باکۆ بنووسم جوابم بۆ دێتەوە. ئێستا دەتوانین شەوانە بچینە ماڵی دۆستان. قەدیم نەماندەوێرا نامە بنووسین کە سەد جار تماشای دەکرا. هەر ئێوارە سەعات پێنج، هەر کەس نەچووبایەوە ماڵە خۆی، دەگیرا و شرت و گوم دەکرا...».

چەند کەسێک لە نووسەرانی باکۆ دەیانگوت ئێمە کوردین و کوردی نازانین. کە یەکیان «ڕەحیمۆف» شاعیرێکی بەقەدر بوو. ڕۆژێک لە ماڵی میزرا برایمۆف بووین، گوتیان: «ئێستا «بولبول» (ئەو گۆرانیبێژە بەناوبانگەکە) دێتە ئێرە. ئیستاکە لەقەبی پرۆفسۆری دراوەتێ. گۆرانی ناڵێ؛ داوای گۆرانی لێ مەکە». بولبول هات. پیرەمێردێکی حەفتا ساڵەی زۆر جوان و باڵابەرز بوو.

گوتم: ئوستاد ئەگەر منیش داوا بکەم گۆرانییەک ناڵێی؟

- هەژار من دایکم کوردە و کوردم زۆر خۆش دەوێ. دادەی دەفێکم بۆ بێنن!

بەڕاستی دڵی سیسی تێراو دەکرد... میرزا برایمۆف گوتی: هەژار لەوەتا هاتووی، نیوەی نووسەرانت لێ کردووینە کورد، تەنانەت نیزامیشت لێ ساندووین. تکایە زوو بڕۆوە تا منیشت نەکردۆتە کورد!

لەو مەجلیسەدا قسە کرا؛ یەکێ گوتی: کوردستان ئازاد دەبێ؛ ڕەحیم قازی ڕەئیسە و هەژار وەزیری فەرهەنگە.

گوتم: ڕەنگە ڕەحیم بەوە دڵی خۆش بێ؛ بەڵام من دەزانم تا چینی من و دوای منیش لەم ڕێگەیەدا نەمرین ئەو خەونە وەدی نایە. هەرگا کوردستان ئازاد بێ، پیاوی وەکوو من و ڕەحیمی بە پووشێک ناوێ. ئێمە خۆمان کردۆتە بوتی زەمانی جاهلی. وا من هەر لە ئێستاوە ئیستیعفام لە وەزارەت دا...