لە کۆڕی شاعیران و نووسەرانی ئازەربایجان

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 6 دقیقه  1095 مشاهده

دەوڵەت زۆری قەدری نیزامی شاعیر گرتووە. کۆتەڵێکی زۆر بڵندی لە مەیدانێکە و مووزەی نیزامی هەیە. بردیانمە سەیری مووزە. یەکجار زۆر ئاسەواری نیزامی لە خەتی و چاپی زۆر بەقیمەت تێدا هەڵگیراوە. کیژێک شارەزایی دەکرد «دلارا» ناو؛ بەڵام لە ڕاستیدا دلارا بوو، دەتگوت عیزراییل لە گۆشەی چاوە ڕەش و بادامییەکانیدا خۆی مات داوە گیانی لاوان بکێشێ... من لەبەر تماشای ئەو باوەڕ ناکەم دە هیچ گەیبم! تماشای نوسخەیەکی خەمسەم دەکرد، بە دەنگ لە نزیک کچەکە خوێندمەوە:

دل شیشه و چشمان تو هر گوشه برندشفارسی
مستند، مبادا که به شوخی شکنندشفارسی

زانی دەگەڵ ئەومە، ئادرێسی لێ خواستم. ئێوارێ تەلەفۆنی کرد گوتی: «ناوێرم بێمە ئوتێل». گوتم: «وەرە ماڵی عەبدوڵڵا ڕەزماوەری کە لەوێ دەعوت کراوم». هات. بەڵام ژنی عەلی گەلاوێژ گاڵتەی پێ کرد و تۆراندی. دوایی کە لۆمەی ژنی عەلیم کرد گوتی: «بۆ تۆ نابێ؛ سووکە!».

لە کۆڕی شاعیران و نووسەران بانگ کرام. زۆرم قسە کرد؛ مێشکی سەریانم برد! هێندێک خەونووچکە دەیبردنەوە! سەر لە هەوەڵەوە ڕەحیم قازی موتەرجیم بوو؛ دەری نەبرد؛ عەلی گەلاوێژ جێگای گرتەوە. گوتیان بە ئازەربایجانی قسە بکە، دەمزانی ناتوانم وەک پێویستە مرازی خۆم دەربڕم. بە کوردی دەمگوت و تەرجەمەی ئازەری دەکرا، لەبیرم نەماوە لە ماوەی سەعات و نیوێکدا کە بێوچان چەنەم لێداوە چم گوت؛ بەڵام پوختەکەی بە سەرچڵی ئەمە بوو:

«جارێک لە شیعری خۆمدا گوتوومە: خوێنی کورد و ئازەری بۆ پارێزگاری نیشتمان دەڕژێتە تەشتێکەوە؛ جارێکی تر گوتوومە: ئێمە وەک دوو کاکڵە بادام لە تێکوڵێک داین؛ ئێستا کە زۆرتر شارەزاتر بووم، دەڵێم: ئێمە دوو گەل نین، یەکین. ئێوە لە تاریخی خۆتاندا دەڵێن لە عەولادی مادی بچووکین؛ زەردەشت لە خۆمانە، کوردیش هەر وا دەڵێن و مێژوو نووسان و ڕۆژهەڵات ناسانیش بۆ کورد وا دەڵێن؛ کە وابوو دەبێ بێژین: ئێمە لە بنەڕەتدا یەک بووین. جا یان ئێوە کوردیتان لەبیر براوەتەوە؟و بە ترکی قسە دەکەن، یان ئێمە ترکیمان وەلا ناوە و بەو زمانە کوردییە داخێوین. بەر لە زەمانی سەفەوی گەلێک لە مێژوودا بە ناوی ئازەری و زمانێکی تورکی بە ناوی زمانی ئازەربایجانی نەناسراوە؛ بەڵام لە زەمانی گەزەنفونی یۆنانییەوە ناوی کورد هەیە کە لە دانیشتوانی چیای زاگرۆسە و زمانێکی سەربەخۆیان هەیە. دەشزانین کە سەفەوی بنیچە کورد، ئەم ترکییەیان کردۆتە زمانی مەزهەبی و بەسەر خەڵکی بەردەستی خۆیاندا سەپاندووە. تەنانەت شێخ سەفی بۆخۆی شیعری بە زاراوەیەکی کوردی گوتووە. جا ئێستا قسەی ئێمەی کورد ڕاست بێ یان قسەی ئێوە، بە هەردووک باراندا ئێمە یەکێکین و لێکیان هەڵاواردووین. ئەگەر مامۆستا سەمەد ورگون ئەو هەموو زەحمەتەی کێشاوە و دەڵێ: «نابێ بڵێین دایکی نیزامی کچە ئاغای کورد بووە؛ دەبێ بڵێن ناوی (ڕەئیسە) بووە، لە برسان دەمرد؛ لە ناچاری ڕازی بووە مێرد بە یووسف کوڕی زەکی موئەیەد بکا؛ کە ئازەربایجانی بوو. دەنا ئێستاش نە هەر ئاغا، هیچ کوردێک کچی خۆی نادا بە بێگانە. ئەوسا دەبێ بڵێین باوکیشی هەر کورد بوو؛ کە نیزامی لە ئازەربایجانەتی دەشۆرێ»، پێم وایە خۆی بەخۆڕایی زەحمەت داوە. ئەگەر وەک من لێکی داباوە کە ئێمە هەر یەکین و زمانمان گۆڕاوە، ئەوسا تێدەگەیشت کە ئەلیاس ناوی کوردانەیە و جگە لە پێغەمبەرەکەی ناو قورعان، نەمبیستووە ئەلیاسێکی غەیرە کورد هەبێ. تەنانەت لام وایە دایکی نیزامی کوردی یەزیدی بووە؛ چونکە دەڵێ: «خاڵۆ عەمێ ئەو خاڵی من بووە»، «عەمێ» ناوی یەزیدیانە. قەتیش نەبیسراوە ژنە کوردێک ناوی ڕەئیسە بووبێت. لە هەموو مێژووەکانیشدا هەمیشە (گەنجە) و (ئاران) بە کوردستان ژمێراوەن. نەخێر، نیزامی کوردە و ئازەربایجانی؛ کە ئەو دوو ناوە ئێستا بەسەر گەلێکی لێک هەڵاواردوو دابڕاوە. وا من یەکێک لە خۆتانم و ئێوەش دەتوانن کتێبی خۆتان چاپ بکەن. داواتان لێ دەکەم لەو بەشە بەرەبابەتان بێخەبەر مەبن و هاوکارێکمان بۆ بکەن...».

نازانم چەندی دیکەشم ڕست. هەرچەند ڕەحیم بە ترسەوە تەرجەمەی دەکرد و لای وابوو زۆریان پێ ناخۆشە، بەرعەکس یەکجار زۆریان پەسند کرد و چەپڵەی زۆریان لێ دا و ڕۆژی دوایی نامەیەکم بۆ هات کە بە تێکڕایی کردمانییە ئەندامی فەخری لە کۆڕی شاعیران و نووسەرانی ئازەربایجاندا. لە پاش قسە درێژەکەم، وچانێک درا و چامان دەخواردەوە. چەند کەسێک چەند پرسیارێکیان لێ کردم؛ بە ئەندازەی ئاقڵی خۆم جوابم دەدانەوە. یەکێ پرسی:

- بیر و ڕات دەربارەی سمکۆ چییە؟

گوتم: سمکۆ ئاغایەکی کوردی سەرڕەق بووە. بەزەی بەوانەدا نەهاتۆتەوە کە لای وابووە چونکە سەر بە دوژمنن نابێ بیانکوژێ. زۆر کەسی بێتاوانی ترک زمانی کوشتووە کە هیچ لەو کارەی ڕازی نیم. بەڵام لەم قەڕنەدا ئەو ڕچەی بۆ کێشاین کە دەکرێ چاو دەگژ شووژن ڕاچێ و بیشیشکێنێ. ئەگەر عەقڵی سیاسی تەواو با، بۆ یەکجاری ڕیشەی دەوڵەتی لاساری پادشایانی ئێرانی لە بنەوە دەردێنا. کە وابوو قەدری ئەو مامۆستایەتییەی دەگرم.

یەکێ تر پرسی:

- لە تاریخی ئەرمەنیدا نووسراوە: دوژمنی ژمارە یەکمان کوردن؛ کە لە قەتڵ و عامەکەدا ئەوان یاریدەی سوڵتانی ڕۆمیان داوە. تۆ دەڵێی چی؟

- من باوەڕ ناکەم شتی وا هەبێ. ئەوە لەوە دەکا ڕووس لە تاریخی خۆیاندا بنووسن: دوژمنی هەرە گەورەمان ئەمڕۆ تاتارن؛ چونکە مۆسکۆیان گرت و قەتڵ و عامیان کرد. ئەو سوارە کوردانەی لەشکری حەمیدیە بوون و بە فەرمانی سوڵتان شەڕیان کردووە، چی بەسەر کوردی ترەوە داوە؟! دەشبێ ئەرمەنی ئەوەیان لەبیر نەچووبێ کە زۆر خانەدانە کورد، هەزاران ئەرمەنی هەڵاتوویان ئەودەم پەنا داوە و ڕزگاریان کردوون. چەند تەتاری ئەمڕۆ تاوانباری تەتاری پێشوون، کوردی ئەمڕۆش هەر ئەوەندە...

پرس و جوابەکانی ترم لەبیر نەماون.