حەمەدی مەولوودە چرچ

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 20 دقیقه  1835 مشاهده

دڵم بە دیداری ئەو هەموو دۆست و ئاشنایانە گەشایەوە. شەوانە تا سەعات یەک و دووی شەو دەورم چۆڵ نەدەبوو. کە خەڵک بڵاوەیان دەکرد، تازە حەمەی مەولوود سەرپیکی قسانی فت دەکرد و قەت نەیدەهێشت تا وڵات ڕووناک دەبوو چۆرتێک بدەم. قسەی ڕابردووی خۆی بۆ دەکردم؛ دەشیگوت: «نەوەک بمرم، تۆ لەبیرت نەچێ، بینووسە...». وا بیست و چوار ساڵ لەو دەمە ڕابردووە؛ حەمە مردووە؛ منیش زۆرم سەرگوروشتەی ئەو لەبیر نەماوە، بەڵام هەرچۆنێک بێ سەرچڵ بۆت دەگێڕمەوە.

جارێ با بزانین حەمەم لە کەیەوە ناسیوە: حەمەی مەولوود، پیاوێکی نەخوێندەوار، دز، زۆر سەرشێت و شەڕفرۆش بوو. سابڵاغی وە زاڵە هێنابوو. دزی بە ئاشکرای دەکرد. جارێک دەچێتە ژوور لە ماڵە جوولەکەیەک. جوولەکە دەگەڵ ژنەکەی نوستوون. حەمەد دەستە نوێنێک هەڵدەگرێ، پانەوپان لە دەرکەوە ناچێ؛ جوولەکە بانگ دەکا: «کاکە هەمەد گیان، تیلاوتیل! ئاوا بۆت دە دەرکەوە ناچێ!».

لە دامەزرانی «ژێ-ک» دا هاتە حیزبەوە. پیاوێکی بەبڕشت و موخلیس بوو. «ژێ-ک» کە دە پێشدا خەڵکی دەترساند، تفەنگ هاویشتن و ترساندن لە عۆدەی حەمەد بوو. دەگەڵ هێزی چەکداری کۆمەڵە لە هاوکارە هەرە ئازا و بە کارەکان، لە شەڕی مەکڵاوێی دەوری سەردەشت، لە ئەترافی سەقز ناوی دەرکرد. پڵینگێک بوو لەبەر هەزار کەس نەدەپرینگاوە. هەموو زۆرمان خۆش دەویست.

ئارەق خۆرێکی بێوێنە بوو. پیرە پێشمەرگەیەک بۆی گێڕامەوە کە حەمەد لە مەکڵاوێ، دە ناو ماڵێکدا قەتیس مابوو؛ دوژمن دەوری دابوو؛ ئاگریان بە ماڵەکەوە نابوو. چەند کەسێکی گیانباز خۆمان گەیاندێ. دیوارمان بڕی:

- حەمەد وەرە خۆت خەلاس کە.

- ئارەقتان بۆ هێناوم؟! ئەگەر نەتانهێناوە بڕۆن، من هەڵنایەم!

دوای ئەوە قازی خۆی تەسلیم کرد و بارزانی بەرەو شنۆ کشانەوە، حەمە ڕەگەڵیان کەوت و لە هەموو شەڕەکانی دەوری قاڕنە و دەشتی شنۆدا زۆر بە ئازا ناوی دەرکرد. ئەویش وێڕای شێخ ئەحمەد و بارزانییەکانی کە چوونەوە عێراق، خۆی تەسلیمی عێراق کرد و دوو ساڵ لە کەرکووک گیرا. پاش حەبس ماوەیەکی زۆر سەرگەردان مایەوە. بیستبووی کە شێخ لەتیف بۆ ناسریەی لای بەسرا دوور خراوەتەوە، خۆی گەیاندبوویە. بە خێری ناسەلامەتی ببووە چێشت لێنەر و پیاوی بازاڕی شێخ. شێخ لەتیف دەیگوت دە ماڵی کولی کردبووم و نەمدەوێرا هیچ متەق بکەم. زۆرم شێخە عەرەب و پیاوی گەورەی کورد لێ میوان دەبوو. چێشت یان زۆر سوێرە، یان زۆر بێخوێیە!

- کاکە حەمەد بۆ وات کردووە؟

- ئەو میوانانەم پێ خوێنتاڵ بوو!

کاڵەی دەکڕی، هەمووی قاش دەکردن، کامی بێتامە لەبەر من و میوانانی دادەنا!

ڕۆژێک ئیشتیای گونە بەرانم کرد. حەمە ڕۆیشت پڕی بوغچەیەکی هێنا.

- ئەو هەمووە چییە؟

- کوڕە هەر لێی گەڕێ! چووم بە قەسابەکەم گوت: «گون!»، تێم نەگەیشت. هەردووک دەستم کردە گوێ و باڕاندم و دەستم بۆ گونی کابرا برد! چەندین قەسابی بانگ کرد و بۆی گێڕانەوە. هەر کەسەیان چەندی گون لە لا بوو هێنایان و قەرارە هەموو ڕۆژ بۆم کۆ کەنەوە و پووڵیش نەستێنن!

لە بەغدا شاگرد عەکاس بووم؛ ڕۆژێک لەبەر دەرگای دووکان وێستابووم؛ حەمە پەیدا بوو:

- هەژار دینت وا لێ دەکەم! دنیات بۆ گەڕام. وازم لە شێخ هێنا!

بردمەوە مەنزڵەکەم کە دەگەڵ حەمەی ڕەشادی پێکەوە بووین. شەوێک حەمەی ڕەشادی چوار برادەری تری لەسەر شەرەفی حەمەی مەولوود دەعوەت کردبوو. سفرەی ئارەقیان ساز دا.

- کا حەمەد فەرموو.

- کاکە ئەم جیقنە جیقنە ئارەق خواردنەوەم بە کەیفێ نییە. ئێوە بخۆنەوە، تا نۆرەم هات بۆم دەو قاپە قووڵە بکەن!

پتر لە نیو بوتڵ ئارەقی بۆ کۆ ببۆوە. بە یەک بین بە سەریەوە نا و یەک جێ تەخت لێی کەوت و تا بەیانی درەنگ وەهۆش نەهاتەوە!

چەند ڕۆژێکی زۆر خۆشمان پێکەوە ڕابوارد. ئێوارەیەکی سەرما کە چوومەوە، حەمەد خۆی ساز کردووە دەڕوا. ڕەشادی گوتی: «دەترسم دڵی لە ئێمە ئێشابێ». گوتم: «نا، حەمەد چەند ساڵە دزی و چەتەیی نەکردووە، فیل کەوتۆتە یادی هیندووستان!». حەمەد گوتی: «ئای ڕەحمەت لە بابت، بەخودا بۆیە دەڕۆم!».

لە گوندی خەلان، لە نزیک سنووری ئێران ببووە میوانی شێخ عەلائەددین. وەزارەتی دەرەوەی ئێران چەند جارێک لە عێراقی خواستووە کە حەمەی مولوودە چرچ زۆری سەرباز و پۆلیسی ئێمە کوشتووە و دەگەڵ بارزانیان هاتۆتە عێراق، بماندەنەوە، فایدەی نەبووە. کە زانراوە وا لە خەلانە، قوڵی خانی قەرەپەپاغ و سەرهەنگێک دەنێرنە ڕەواندز، دەنێرن حەمەد دەگرن. حاکم لە ڕەواندز کوردێکە.

- کوڕە تۆ ئێرانیت؟

- نەخێر قوربان خەڵکی خەلانم و عێراقیم.

- ئەو قوڵی خانە دەڵێ دەیناسم و هاوسەنگەرم بووە.

- قوربان هەرسێک تەڵاقم کەوتبێ، بە حەیاتم نەفەسم لە تریاک نەداوە!

- یانی چی؟

- یانی ئەگەر ئێرانی بام وەک جەنابی سەرهەنگ ئاو بە لووتمدا دەهاتە خوار و ملم چرچ و باریک و ڕەنگ توڵخ دەبووم!

حاکم دەڵێ: بڕۆ، تۆ عێراقیت، ناتگرم!

کابرایەکی زینوەیی ناوی حەمەی مەولوود، دەچێتە دیوی ئێران چا بفرۆشێ؛ دەیگرن:

- ناوت چییە؟

- حەمەی مەلوود!

بیبە ورمێ و ڕۆژێ دوو جار دارکاری بکە تا دوو مانگ.

- ڕاستی بڵێ!

- نازانم.

قوڵی خان دەبەن کە: «ئەوە کوشتوومانە لەبن داراندا؛ دەڵێ ئەوە نیم کە ئێوە دەڵێن». قوڵی خان کابرا دەبینێ، دەڵێ: «خوا هەڵناگرێ ئەو بەدبەختەتان بۆ گرتووە؟». ئازادیان کرد و هاتەوە زینوێ. منیش وەک خەڵکی تر پێیەوە چووم.

- دەی کاکە حەمە چۆن گیرای؟

- کوڕە هەر لێی گەڕێ، نازانم چ سەگبابێک ناوی وەک ناوی منە، دەڵێن زۆری پۆلیس و ئەفسەر کوشتووە. دوای دوو مانگ لێدان و تێهەڵدان بەرەڵا کرام، ئاخ ئەو سەگبابەم گیر بێنایە و خوێنیم بخواردایەتەوە!

- چم دەدەیەی پێت بڵێم؟

- هەرچی تۆ بڵێی.

- بوغچە جغارەیەک بێنە!

- ها بەقوربان!

- کاکە ئەم برایەی خۆت بوو! منم ئەو حەمەدی مەولوودەی تۆیان لە باتیان گرت!

- دەک ماڵت بە سێ چەپی قوڕێ گیرێ! جا ئێستا بڵێم چی؟!

- هیچ مەڵێ، تۆزێکیش تووتنم بدەیە و چایەکەش بڵێ دەم کەنەوە!

لە کەرکووک شاگرد عەکاس بووم. حەمەم لێ پەیدا بوو:

- کاکە لە کەرکووک کاسبییەک دەکەم...

ماوەیەک فیشەکی بە قاچاغ دەبردە سلێمانی. بە هۆی مەجیدی کاکەوە کارێکم لە بیمارستانی گەورەی کەرکووک بۆ دۆزییەوە، شەوانە پاسدار بێ و بە ڕۆژ ئازاد. حقووقیش مانگێ دە دینار. زۆر زوو خۆی خۆشەویست کرد. دوکتور عەبدوڕەزاق (سەرۆکی بیمارستان) گوتبووی: «شەهادە جنسییەت بۆ وەردەگرم تا بتوانم حقووقت زیاد کەم».

ڕۆژێک گوتی: قەرزێکم لەسەر عەبدولخالقی حاجی ئەڵڵایە (کە سابڵاغییەکی قاچاغچی بوو) قەرار بوو دەمانچەم بۆ بکڕێ، پووڵەکەی خواردووە. ئێستا بە قەرار لە بەغداوە دێت. دەڵێی چی؟

- حەمەد شەڕ و هەرا ساز مەکە، تۆ بۆخۆت قاچاغی.

ڕۆیشت. هاتەوە گوتی: لە قەتار هێنامە خوار پووڵەکەم لێ ساندەوە.

جارێکی تر هات گوتی: من دەچمە ڕووسیا، تۆ نایەی؟

- نەخێر.

هەر ئەو شەوە تفەنگی دابۆوە بە بیمارستان و ڕۆیشتبوو. ئیتر لەو ساڵەوە کە هەزار و نۆسەد و پەنجا و یەک بوو، نەمزانی چی بەسەر هات. لە ساڵی شێست سەفەرەکەی بۆ گێڕامەوە:

«لە کەرکووکەوە هاتمە دزەی مەرگەوەڕ، حاجی سەید عەبدوڵڵا ئەفەندی گوتی: منیش پیاوێک دەنێرم خەبەرێکی سەید عەزیزی کوڕم بزانێ. کابرا سەیدێکی تووتنفرۆش بوو. بارێک تووتنی قاچاغی هێنا و ڕۆیشتین. لە ڕێ نسحەتی کردم: «تۆ شکاکی نازانی لێت دڕدۆنگ دەبن؛ خۆت لاڵ و کەڕ کەی باشە». دەچووینە هەر ماڵێک ببوومە بەزمی ژنان: ئاویان پێ دەکێشام؛ دەستیان بۆ قوونم دەبرد! بەو حاڵە بە ناو جەلالییاندا گەیشتینە نزیک سنوور. خانەخوێکەمان دەمانچەیەکی لێ ساندین کە شارەزایی سەر ئاراسمان بکا. دەگەڵ سەید، بەرە بەرە خۆمان لەناو گیشە گیادا شاردەوە کە بە ڕۆژ ئێرانی نەمانبینن. شەو کە خەبەرم بۆوە، عاسمانی پڕ لە ئەستێرە، نازانم چ وەختە:

- سەید! سەید!

نەخێر خەبەر نییە. بە تەنیا هاتمە سەر چۆمی ئاراز. جلکەکانم نایە نێو ڕانکەکەم، قوتووی تووتن و پەڕم دە کەناری سەرکڵاوە چەقاند، خۆم بە چۆم دادا. لە نێرینەی چۆم ماندوو بووم، ڕفاندمی، بێهۆش بووم. بەرەبەیانێکی تاریک چاوم هەڵێنا: ڕووت، نە ڕانک نە کڵاو، لە ڕان بەرەژوورم لە سەر ڕەمڵ و لاقم لە ئاودایە. چرا دیارن. «خوایە ئێرە ئێرانە یان ڕووسیایە؟». سەگبابێک جارێک فێری دوو کەلیمە ڕووسی کردبووم، ملم لێ نا:

- ئیدی سودا! (وەرە ئێرە)

لەپڕ شەش سەربازی ڕووس ڕووی تفەنگیان تێ کردم و دەستیان بەستم. دەلەرزیم، یەکیان پاڵتۆکەی خۆی بە شانم دادا. هاوارم دەکرد: «سیغار! سیغار!» چەند نەفەسێکیان بە دەمەوە کردم. بردیانمە باکۆ، دە حەبسێکی تاریکدا خۆم دیتەوە. تاقە یەک نەفەری تێدا بوو؛ لە سووچێک کروشمەی کردبوو. «سیغار! سیغار!» کابرا پاکەتێکی تووتنی ماخۆرکا کە هەمووی قسڵ و زەرنیخە بۆ هێنام. لەتە ڕۆژنامەیەکیشم دیتەوە، وەک چای بەقاڵان پێچامەوە و کابرا ئاگری بۆ پێوە نام. یەک مژ کێشام. هەر ڕاست بوومەوە و ملم دە ملی کابرا نا، یەکترمان وەبەر شەقان دا! پاسەوان لە فیتەی دا، هاتن:

- خەبەر چییە؟

- هیچ قوربان گاڵتەمان دەکرد!

کابرای هاوزیندانم جوولەکە بوو؛ گوتی: بە تۆمەتی دزی لە بانک گیراوم، ئەدی تۆ؟

- جارێ نازانم...

بردیانم بەر لە هەموو شتێک بە زەڕەبینی درێژۆکە لە قوونمەوە تماشای ناو ڕیخۆڵەیان دەکردم کە وەرەقەم نەخواردبێ.

- چ کارەی؟

نەقڵی خۆم گێڕاوە.

- دەی بۆ دەڵێی ڕووسی نازانم؟ ئەدی بۆ لەسەر چۆم بە ڕووسی دەدوای؟

- هەر ئەو دوو کەلیمەم دەزانی، ئەگەر ئەو کابرایەی فێری کردووم تووشی بم دەبێ بیکوژم!

- نەخێر تۆ جاسووسی ئینگلیسانی، شێخ عەبدوڵڵا تۆی ناردووە.

- دە ئێوە دە تەیارێکم نێن، بۆمبام بدەنێ؛ تا بچم بە سەید عەبدوڵڵای دادەم!

- ئەو قسانە بۆخۆت باشە...

جوولەکەی هەواڵم بەو شەڕەشەقە زۆر کەیفی هاتبوو؛ هەموو ڕۆژ حەڵوایەکی بە شەقانمان دەکرد. ڕۆژی یەکشەممە خزم و قەومی هاتبوونە دیتنی، گوتی: «هەمووتان بچن جغارە بێنن».

باوەشێک جغارەم بۆ هات و بوومە شای لەسەر تەخت!

لە باکۆڕا ڕایانگوێزتم بۆ زیندانی فڵان، لەوێوە بۆ فڵان شار... (ڕەنگە ناوی پەنجا شاری گوتبێ کە لەبیرم نەماون). لە زیندانێکدا ئەفسەرانی ئەڵمانیش هەبوون؛ زۆر خۆش دەژیان. لە تاو هەڵاتەوە دەهاتنە بەر تاو؛ وەرزشیان دەکرد؛ جگەرەی باشیان هەبوو. دوای ئەوان بۆ نیو سەعات ئێمە دەچووینە حەسار، قونجکە جگەرەکانیانمان هەڵدەگرتەوە. زیندانییەکی ڕووسمان دەگەڵ بوو، نەقیزەی دروست کردبوو؛ تا من دوو قونچکم هەڵدەگرتەوە، ئەو هەمووی دەچنینەوە. خاکەندازێکی ئاسنم لە سەری دا، نوقمی خوێنم کرد. لەوێش ڕایانگوێزتم. نزیکەی دوو ساڵ لەو زیندان بۆ ئەو زیندان ڕاگوێزرام، تا ستالین مرد. باریان کردم هێنامیانە سەحرای کەرەکەڵپاق، چەندین ملیۆن حەشامەتی تری لێ بوو کە لە سیبریا و هەموو زیندانەکانی شۆرەوییەوە هێنرابوون، دەتگوت حەشری نێرەکەرە! برسی و ڕووت و سەرگەردان بە ناو ئەو هەزارە زیلەدا دەخولامەوە بەڵکوو یەکێک پارچە نانێکم بداتێ. کابرایەکی ئەرمەنی، دیار بوو پووڵی زۆرە، گوتی: «ئەرێ تۆ لە ئاشپەزی دەزانی؟».

- عەجەب کەرێکی! بەدبەخت من ئاشپەزی کوڕی شێخ مەحموود پاشای کوردستان بووم!

چێشتم بۆ لێدەنا و خزمەتم دەکرد و لە خێوەتەکەی دەنووستم. گۆلاوێکی گەورەی لێ بوو، قاپەکانم لێ دەشووشت. هەتیوێکی قوتەم لێ پەیدا بوو، بە تورکی تێی ڕاخوڕیم:

- ناوت؟ کوێندەری؟ چ کارەی؟

هەر تۆقیم. ببێ و نەبێ ئەوە پۆلیسی سڕییە و دەمبەنەوە زیندان.

- برا من فەقیرم، کوردم، هاتووم بەڕێم کەنەوە بۆ عێراق.

بانگی کرد:

- مارف وەرە ئەوە حەمەدی مەولوودە لە من ترساوە!

قادری مەحموودزادە و مارفی فەرهادی، هەردووک سابڵاغی، کە سێ ساڵ پێش هاتبوون دەربارەی دروست کردنی حیزبی لاگری ڕووسان قسە بکەن؛ هەر لە سنوور گرتبوویانن و بردبوویاننە سیبریا. ئەو مابەینە بە ڕۆژ داریان پێ شکاندوون و بە شەو دە حەبسیان کردوون. ئەوانیشیان هێناوەتە لای من. قاپ و قاچاغم هەر لەوێ بەجێ هێشت و چوومە لای سابڵاغیان.

ئەوانیان قبووڵ کرد بچنە باکۆ، هەوڵیان بۆ منیش دا، بردیانمە ئازەربایجان لە گوندێک بە ناو (کووبا) لە سەد کیلۆمیتری باکۆ کرامە پاسەوانی باغاتی دەوڵەت. ئەوێم زۆر خۆش بوو. بەڵام ڕەحیم قازی ناچاری کردم بێمە باکۆیە. حقووقی پەناهەندگی وەردەگرم؛ خانووم دراوەتێ.

ئەوە تۆم لێرە دیتەوە...

- باشە کاکە حەمە، وەختێ لە بەغداوە چووینە خەلان، بە هەوای دزی و چەتەیی کردن چت بە چی کرد؟

- لە خەلانەوە تفەنگێکم پەیدا کرد، دە پێشدا بە تەنیا دەچوومەوە دەوری سابڵاغ. لە هەرکوێ ئەمنییەیەک، ئەفسەرێکم دەس کەوتایە دەمکوشت و کەلوپەلەکە و ئەسپ و چەکەکەم دێناوە بە دزی دەمفرۆشت. پۆلیس وەک چاوئێشە لێم دەگەڕان. ڕۆژێک خۆم کرد بە چایخانەی قازیاودا؛ کە لەوبەری چۆم بوو. قاوەچی گوتی: «نامە خۆت بشارەوە! دەستەیەک ژاندارم و شارەبانی هاتن لە تۆیان دەپرسی و ڕەنگە بگەڕێنەوە». غارم دا لە بن کەنداڵێک، لە ناو سپیداراندا خۆم درێژ کرد. شارەبانییەکی کوردی سابڵاغی هاتە سەر کەنداڵ، ڕاست بەسەر مندا میزت! لێی ڕاست بوومەوە:

- سەگباب دەتکوژم!

- حەمەد دەغیلە ڕاکە، ئەوە لە تۆ دەگەڕێین!

بۆ شەریکە چەتە، «بڵوت» ناوم ڕەگەڵ کەوت کە ئازەربایجانی و زەمانی پیشەوەری ناوبانگی هەبوو؛ قەدەرێکیش چەتەی مستەفا خانی خوێڕیاوا بوو. ئەویش لە حەبسی کەرکووک ئازاد کرابوو. ئەوجار دەگەڵ قالە تەگەرانی و چەند چەتەیەکی تر کە ببووینە هەژدە کەس لە ئێران کەوتینە کار. جارێک برایمە سووری قاچاغچیمان ڕووت کرد کە دەیانگوت خەبەر بە دەوڵەت دەدا. دوو باری بارگین کووتاڵمان لێ ساند، هێنامانە وزەندەرە، لە دەشت دە ناو گیشە گیامان خست. سبەی هاتینەوە بارمان کرد و چووینە پشتی دەرمانی. لەوێ زانیمان کە گیا خراوەتە جێگەی کووتاڵ و چەند تۆپێکمان لێ دزراوە. هاتمەوە تەشقەڵەم دە خەڵکی وزەندەرێ هاڵاند. ئاخری بە تفەنگێکی تاپڕ دەستم لە شەڕ بەردا. ماڵمان بردە قاراوا. دایکە دزێکمان پەیدا کرد کە لە بۆکان بۆمان بفرۆشێ. ماڵی برد و نەهاتەوە. مایەباش دەرچووین!

شەوێک لە پشت تورجان لە کێوی وەستا مستەفاوە ناردمانە ماڵی حاجی بابە شێخ کە نانمان بۆ بنێرێ. بۆ هەژدە کەس نۆ نانی ناردبوو! قەرارم کرد تۆڵەی لێ بکەمەوە.

بڕیارمان دا ئاغای زەلام زەلام ڕووت کەین. چووینە سەر شەهابی بەردەزەد، دەست و لاقمان بەست؛ بردمانە ئەشکەوتێک. «پەپوولە زێڕم دەیە بەرت دەدەم»، داوای پەنجا هەزار تمەنمان کرد. مەلا هات و پاش چەقەی زۆر پێک هاتین بە شەش هەزاری ڕازی بین. پووڵمان وەرگرت و ئاغا ڕۆیشت و پتر لە چوارسەد تفەنگچی کورد و ئێرانی دەوریان داین. کردمانە شەڕ، پیاوێکمان لێ کوژرا. لە تاریکایی شەودا کە دەورەمان گیرابوو، یەک لە دوژمنەکان گوتی: «وەرن لە لای منەوە دەرباز بن». ڕێگەی داین و کەلاک بە کۆڵەوە دەرچووین. ئیتر لێک بڵاو بووین. خۆم و سێ کەس هاتینە قاوەخانەی گردەبەردان. هەژ نۆ بارگین و ئیستر بە بارەوە بەسترابوونەوە. گوتیان جیازی بووکی حاجی بابە شێخە. دەمم هەڵبەست و بارمان برد و ڕۆیشتین. گەڕامەوە گوتم: «بە حاجی بابە شێخ بڵێن حەمەی مەولوود ماڵەکەی برد؛ چونکە ئەو بۆ هەژدە کەس نۆ نانی ناردبوو!». ماڵمان لە عێراق فرۆشت. نامەی حاجی بابە شێخ بۆ شێخ عەلائەدین هات. گرتیانم، ئاخر پووشکەیان لێ ساندمەوە. نەمدەزانی شێخ لەسەر یەکتری دەکەنەوە...

کاک هەژار من لە دنیادا زۆرم تاڵ و سوێری دیوە؛ با ئەوەشت بۆ بگێڕمەوە:

نازانم کام ساڵ بوو، ڕەنگە تۆ لەبیرت بێ، زۆریان سابڵاغی بە تۆمەتی قاچاغچییەتی بۆ شیراز دوور خستنەوە؛ منیش یەکێک لەوانە بووم. نە حقووق، نە بژیو، بەرهەڵدا، بڕۆ کار پەیدا کە... دەچووم لە مەیدان دەگەڵ فاعلان ڕادەوەستام، جاروبار کاری قوڕەکاریم دەست دەکەوت. لە ماڵێک فەعلە بووم؛ پیرێژنی خاوەنماڵ گوتی وەرە ببە نۆکەرم. ئیجازەی لە شارەبانی ساند و پێناسەکەمی لای خۆی گل دایەوە؛ بوومە نۆکەر. گەسک لێدە، کاروباری ماڵ بکە، پاشان دەگەڵ دوو منداڵان بچمە دەر بیانگێڕم. شاییەک پووڵی گیرفانی نەدەدامێ. منداڵ یەکی دوو قڕانیان ڕۆژانە دەدانێ؛ شتێکم لەوان دەدزی بۆ جگەرە. جگە لە ماندوو بوونی زۆر و بێپووڵی و ئاتاجی، بۆڵە و جنێوی پیرێژن لە گیان وەڕەزی کردبووم. بڕیارم دا خۆم لە پۆلیس بدزمەوە و ڕاکەم. خۆ ناشکرێ بە جادەدا بڕۆم. ڕێگەی لادێم گرتە بەر؛ نابەدڵە... بە خەیاڵ دەچمە ئیسفەهان، جارێک چوار شەو ڕۆیشتم، کۆچەری قەشقایی تێیان گەیاندم کە ڕێگەم هەڵە کردووە؛ گەڕامەوە. بە شەو دەڕۆیشتم، بە ڕۆژ خۆم دەشاردەوە کە ئەمنیە نەمبینن. لە دێهات سواڵی نانم دەکرد. بەیانییەک لە بن بەردێک نوستبووم؛ ئەمنییەک بە سواری تێی ڕاخوڕیم:

- تۆ چیت؟!

- ئاغا گیان دەگەڵ کابرایەک لە ئیسفەهان پێکەوە کرێکار و شەریک بووین، پووڵەکەی منی دزیوە؛ لەو دەگەڕێم!

- درۆ دەکەی! تۆ ڕەنگە لە هەڵاتووەکانی شیراز بی؛ بەڵام هێندە ڕووت و کەسیفی ناتگرم!

- ئاغا گیان خێرێکم پێ بکە!

- مردووت مرێ کێ بیستوویە سواڵ لە ئەمنیە بکرێ؟!

قرانێکی دامێ. جلەکانم هەمووی بە دڕووانەوە چووبوون. وا شڕ و شڕۆڵ ببووم هەموو لەشم بە دەرەوە بوو. ئەمجار نەمدەوێرا بچمە سواڵی نانیش. منداڵە ورکە بەردیان تێدەگرتم و بە شێتە شێتە شوێنم دەکەوتن. ئێوارەیەک لە لای هەمەدان گەیمە قاوەخانەیەکی سەر ڕێگا. کابرا خەریک بوو دایخا. هەرام لێ کرد: «دایمەخە»، دەرگای بۆ کردمەوە. گوتم: «چای دەم کە!». پتر لە دە چام خواردەوە. «نان و هێلکە بێنە، زوو بە!». نانم خوارد. کابرا گوتی: من دەچمەوە دێ، تۆ شەو لێرە بخەوە و دەرکە داخە.

- ناترسی دزیت لێ بکەم؟

- نەخێر ناترسم.

- بەیانی لەبیرت نەچێ قەیماغ بێنی، نانی تازەش خراپ نییە!

- بەڵێ بەچاوان!

بەیانی کابرا بە باوەشێک نان و قەیماغ و پەنیرەوە هاتەوە. تێر لەوەڕام و پتر لە دە چای شیرنم خواردەوە. ڕووم تێکرد:

- مەشەدی دەزانی چییە؟

- بەڵێ دەزانم، یەک شاییت پێ نییە و حوکم دەکەی بێنە بخۆم!

دە بوغچەیەکدا دوو نردوو نان و دوو سەلکە پەنیری بۆ پێچامەوە، دوو قرانیشی دامێ کە لە ڕێگە بە چای بدەم. هێندێکیش قەند و چای وشکی دامێ.

گەیبوومە ناو کوردان. ئێوارەیەک لە قەراغ دێیەکەوە لامدا؛ لە ماڵێک داوای کەتریم کرد. ژنەکە کەتری دامێ و لەسەر کوچکاورم دانابوو بکوڵی. مێردەکەی هاتەوە؛ شەقێکی لە کەتری هەڵدا و بە پاڵەپەستۆ دەری کردم.

سەرت نەیەشێنم، چل و پێنج شەو و ڕۆژ بە ڕووتی و سواڵکەری ئەو ڕێگایەم پێوا. چوومە گوندی دەرمان. گوتیان «میرزا قادر» کوڕی ساڵحی موشیری - ئەو هەرە پووڵدارە هەرە خەسیسە بەناوبانگەکەی سابڵاغ کە ئەو گوندەشی هەبوو - لێرەیە. هەر دوور لە دەرگای حەسارەوە دیتمی تمەنێکی بۆ ناردم؛ گوتی: «بڕۆ لێرە مەمێنە! لە عومرمدا هەر ئەو جارە فرمێسکم بە چاودا هاتووە... تمەنم بۆ فڕێ دا و دەرکەوتم. هاتمە گوندی زگدڕاو؛ کە ئاغاکەی میرزا کەریمی شاتری بوو. ئەویش وەک میرزا قادر سابڵاغی و دەیناسیم. مەیدان ئەسپێک منداڵی دێ بە قۆچەقانییەوە بە پیرمەوە هاتن: (شێتە شێتە) ڕاویان نام. لە تاوان خۆم بە ئاودەستخانەی مزگەوتا کرد. بەختی من کوێخا لە ئاودەست بوو، منداڵی لێ دەرکردم. چوومە باغ کە گوتیان ئاغا بە ماڵەوە لەوێیە. هەر کە دیتیانم مات مان. حوسنی خانمی ژنی ئاغا بانگی کرد.

- سەرت دە قوڕێ نێی! خۆ ئەوە گەڵ و گونت هەموو بە دەرەوەیە، بچۆ پشت دارێک!

جاجمێکیان بۆ هێنام دە خۆمەوە پێچا. هەر دەسبەجێ مەنجەڵێ پڵاوی هێنا. بە یەک هەڵپە خواردم. زۆر زوو یەکی تری لە پێش دانام؛ ئەوسا تێرم خوارد. خانم ناردی دەستێ جلکی تازەیان بۆ هێنام. ئاویان گەرم کرد؛ خۆم ششت. بەڕاستی حوسنی خانم لە هەموو پیاوان پیاوتر دەرچوو...

دە ڕۆژ وای بەخێو کردم، تەواو بووژامەوە. کە گوتم دەچمەوە سابڵاغ، جلکی ژن و منداڵەکانم و چل تمەنی پووڵ دامێ. لە سابڵاغ هەموو ڕۆژ پۆلیس لە منی پرسیبوو؛ کە هەڵاتووە دەبێ بگیرێت. هەر ئەو شەوە بوومەوە چۆڵ نشین و یاریدەی قاچاغچیانم دەدا و جار جاریش دزیم بە بەرەوە دەکرد. لەو ڕێگەیە فێرە گەداییش ببووم. ئەگەر لە گوندێک دەمزانی دزیم بۆ ناکرێ، سواڵم دەکرد. دەربەدەر مام تا ڕەزا خان تێک چوو. هاتمەوە و بوومە خزمەتکاری کوردایەتی و دەگەڵ تۆدا بوومە ئاشنا. هێشتا کۆمەڵەی «ژی-ک» دانەمەزرابوو، ڕۆژێک چوومە زگدڕاو. بەسەر تەقەدا کەوتم. ئاغایانی دەوروبەر هاتبوون زگدڕاو تاڵان کەن. تفەنگێکم وەرگرت و بەربوومە گیانی دوژمنان. هەڵم قەندن و کەوتمە دوویان. یەکیان هەرای کرد: «ئەو سەگبابەتان نەدیوە دەڵێی بەرگری لە ماڵی بابی دەکا!».

با ئەوەش لە حەمەد بگێڕمەوە:

لە کەرکووک چووبووە چاخانەیەک، گوتبووی کەباب دەخۆم. ناردبوویان کەبابیان بۆ هێنابوو. کە هەستابوو بە خاوەن چاخانەی گوتبوو:

- کاکە دەست خۆش!

- یانی چی؟

- لە وڵاتی مە، پیاو ئەگەر پووڵی نەبوو دەڵێ دەست خۆش!

- جوابەکەی چییە؟

- سەر خۆش!

- بەو شەرتە سەر خۆش، هەموو ڕۆژ بێیەوە لام «دەس خۆش، سەر خۆش» بکەین!

ڕۆژێک لە چاخانە دانیشتووە، پۆلیسێک دێتە بەردەمی:

- مام قادر دنیات لێ گەڕام، ئەم ئیحزارە ئیمزا کە.

- بڕۆ من مام قادر نیم!

- بە خوا دەتناسم، مام قادری و دەبێ ئیمزای کەی!

- کوڕە هەرسێک تەڵاقم کەوێ من حەمەدی مەولوودە چرچەم، بە تۆمەتی قەتڵی پۆلیس و ئەفسەری ئێران لە عێراق و ئێران لێم دەگەڕێن بمگرن!

کابرای چاخانەدا ڕاست پیلی پۆلیس دەگرێ:

- کاکە ئەوە برای منە، تازە لە شێتخانەمان هێناوەتەوە، تا نەیکوشتووی ڕاکە!

زۆر لۆمەی حەمەش دەکا کە ئەو سەرگەرمییە بە هیلاکت دەبا...

***