لە فڕگەی باکۆدا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  730 مشاهده

لە نیوەڕۆیەکدا لە فڕگەی باکۆ دابەزیم. حەشامەتێکی زۆر بە گوڵەوە هاتبوونە بەخێر هێنانم. وەتاغێکیان لە ئوتێل توریست دامێ. کوردەکانی وڵاتی خۆمان لە باکۆ: دوکتور ڕەحیم قازی، عەلی گەلاوێژ، دوکتور قادری مەحموودزادە و ژنە سابڵاغییەکەی، عەبدوڵڵا (برازای دوکتور مرادی ڕەزماوەری کرماشانی)، حەمەدی مەولوودە چرچ (کە کۆنە هەواڵی زەمانی کۆمەڵەم بوو )، یەکجار زۆری ئازەربایجانی هەواڵیشم دیتنەوە کە لە تەورێز ئاشنا بوون، فەتحی خۆشکنابیش هاتبۆوە ماڵە خۆی لە باکۆ. وەک لە سابڵاغ و تەورێز بم وابوو. پیاوێکی بە ناوی ڕاوێژکەری شۆرەوی لە مەهاباد، بە ناو «ئەسەدۆف» هەبوو. برادەرێکی عێراقی (باقی بامەڕنی) هەر پێی دەگوت: «کوڕی خەجە کۆرێ!»، دەیگوت فایتونچییەک لە عەقرە بەو ناوە هەبووە؛ ئەمەش ڕەنگە لە باکۆ فایتوونچی بووبێ! کە چووبوومە باکۆ، ئوتێلچی بوو. لەو پیاوە زلانەی کە باکۆیی بوون و لە تەورێز دەمناسین «میرزا ئیبرایمۆف» کە ئەودەم وەزیری فەرهەنگی ئازەربایجانی شۆرەوی بوو، دوایە ببووە ڕەئیسی دەوڵەت و ئەو کاتە کە چوومە باکۆ بە ناوی نووسەرێکی زۆر بەناوبانگ ناسرابوو. «جەعفەر خەندان» کە لە تەورێز شیعری منی تەرجەمە دەکرد، پلەی پرۆفیسۆری پێ درابوو.