مستەفا سەڵماسی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  768 مشاهده

جا هەتا خۆم بۆ سەفەر تێک دەنێم، با مستەفا سەڵماسیت پێ بناسێنم:

کوڕی حاجی ئەحمەی شەڵماشی کە لە شەڵماشی لای سەردەشتەوە هاتبوونە سابڵاغ و تاجرێکی گەورە بوو. مستەفا لە زەمانی کۆمەڵەدا چووبووە باکۆ، گەیشتبووە مۆسکۆ، ببووە دوکتوری دڵ؛ بەڵام کە من دیتم دوکتوری نەدەکرد؛ یارمەتی پەناهەندەیشی وەرنەدەگرت. سووری چاوشین، سەرتاس، کورتەباڵای باریک، تەواو ڕووس بوو. هەموو کەلێن و قوژبنی مۆسکۆی پێ دەزانی. دەگەڵ هەر کوردێکی بگەیبا مۆسکۆ، مستەفا دەیدیتەوە و زۆری یارمەتی دەدا. مەلا مستەفا زۆری خۆش دەویست. لەوساوە کە من چوومە ئاسایشگای گێرتسن تا هاتمەوە عێراق، هەموو کاروباریکی دیوان و ناوشارم ئەو پێکی دێنا؛ تەرجەمەی بۆ دەکردم. ڕێگەی ماڵەکەی ڕێگەی سەعاتێک لە ئوتێلی منەوە دوور بوو. ئەگەر لە شەویشدا تەلەفۆنم بۆ بکردبا، خۆی دەگەیاندمێ. ژنێکی ڕووسی «ئیرا» ناوی هێنابوو، تەرحی لە مەیموون دەچوو! دوو کوڕی زۆر جوانی بوون بە ناوی ژیان و سیامەند. ژنەکەش دوکتوری منداڵان بوو. ئەویش کاری نەدەکرد؛ بگرە کڵفەتیشی هەبوو.

کاسبییەکەی قاچاغفرۆشی بوو. دەگەڵ ڕەئیسی دانشگای کابول ببووە دۆست؛ هەر ئەفغانییەک لە کابولەوە بهاتبایەتە مۆسکۆ، لەسەر سپاردەی ڕەئیسی دانشگا، سەڵماسی دەدیتەوە. (نازانم چۆن بوو شەڵماشی ببووە سەڵماسی). ئەفغانی زۆریان قەدر دەگیرا؛ چەمەدانیان نەدەپشکنین. ماڵی قاچاغ وەک زێڕ، پاڵتۆ و ئەسپاباتی دیکەیان دێنا، سەڵماسی بۆی دەتواندنەوە. هەر بەینابەینێک لە براکانییەوە پارچە فاسۆنیای بە ناوی «دیاری بۆ دانشجوو» بۆ دەهات کە ئەویش قازانجی زۆری دەکرد. سەرەڕای ئەوەش، سەروکاری دەگەڵ زۆر لە قاچاغفرۆشانی وڵاتانی دیکەی شۆرەویدا هەبوو، لە هیچیش نەدەترسا. بچووبایە ماڵەکەی بیست پاڵتۆ، دە زەبتی سەوت، بە دەیان سەعات و هەیت و هووتی لەسەر تاقە و بە دیوارانەوە بوو. تەنانەت جارێک لە زمان سەفیری عێراقەوە، دەرمانی بەهێز بوونی جنسی لە سەفیری هیند وەرگرتبوو؛ فرۆشتبووی!

لە پاش گەڕانەوەم بۆ عێراق بە ساڵێک بیستم کە گرتوویانە و شێست هەزار دۆلار و زۆریان کەلوپەل لێ گرتووە و حەوت ساڵیان حوکم داوە. کە پاش گیران و بەربوونەکەی ئیتر نازانم چی بەسەر هات و چ دەکا؟... بەر لەوە بڕۆم بۆ باکۆ، گوتی: «هەمزە عەبدوڵڵا (کۆنە ڕەئیسی پارتی) دەگەڵ جەمال حەیدەری (سەرۆکی کۆمۆنیستی عێراق) هاتوون و چوونە لاس سولسۆف کە هەمەکارەی دەوڵەتە». تکاشی کرد گوتی لە باکۆ بەم تەلەفۆنە سەلام لە فڵان ئەرمەنی بکە!

- بەچاوان!