بانگهێشتنی ڕەسمی بۆ باکۆ

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 1 دقیقه  748 مشاهده

شەو درەنگێک گەیشتینە مۆسکۆ. لە باکۆڕا نووسیبوویان سەرمان بدەن، میدیۆف گوتی: «هەر یەکیەتییەک لە شۆرەوی بوودجەی سەربەخۆی خۆی هەیە. زیاد لەوەی کە سەری ساڵ بۆی داندراوە ناتوانێ خەرج کا. جگە لە تۆش زۆر میوانی نووسەران لێرەن کە ئەرەسکین کالدویڵی ئەمریکایی یەکێکە لەوان. هاتوچۆ بە فڕۆکە زۆری خەرجە، تەرجومان جگە لە مخاریجی ڕۆژانە، سی ڕووبڵی زیادی دەدرێتێ. بوودجەمان کز بووە، ئێمە ناتوانین بتنێرینە باکۆ. بەڵام ئەگەر ڕەسمەن لە باکۆ دەعوەتت بکەن و لەسەر حیسابی ئەوان بچی زۆرمان پێ خۆشە، مەسرەفی موتەرجمیش دەدەین».

لەسەر کارتێکی چکۆڵەی سپی، نامەیەکی دوور و درێژم بە خەتێکی زۆر ورد نووسی و دە پۆستەم هاویشت. بە دە دەقیقە کۆپی نامەکەی من بە دەستی ڕەحیم قازی گەیشتبوو. دەوڵەتی باکۆ ڕەسمەن بۆ پازدە ڕۆژ بانگهێشتنی کردبووم. گوتم: «چونکە خۆم بە ئازەربایجانی دەزانم و کوردیش زۆر لە باکۆن، تەرجومانیشم ناوێ».