بوخارا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 9 دقیقه  905 مشاهده

چوومە بوخارا، ئەویش وەک سەمەرقەند لە شارە هەرە کۆنەکان و هەرە وەک خۆی مابوو. جگە لە گەڕەکی کارگەران، بازاڕی قەیسەری تاریک و تنووک، بە ڕۆژ دەبوو چرا لە دووکاناندا هەڵکەن. ئەوەندەی مزگەوت و منارە لێیە، پیاو خەیاڵ دەکا کە هەر بە دە ماڵ مزگەوتێکیان هەبووە. کۆڵان سەنگفەڕش و تەنگ و بە تەقەتەق. زۆربەی مزگەوتەکان کرابوونە ماڵی ڕەش و ڕووتان. هەر حوجرەیەکی فەقێ ماڵێک و پانایی مزگەوتیش بۆ چەند ماڵ تیغەی قوڕ و دار کرابوو.

کاتێ کە تازە چووبوومە ڕووسیا، لەشی ستالین دەگەڵ لێنین بە مۆمیایی کراوی داندرابوو؛ بەڵام لە دواییدا - زەمانی خرۆشۆف - لاشەکەیان نازانم چ لێ کردبوو؛ کۆتەڵەکانیشی لە مەیدانی هەموو شاران لابرابوو. لە مزگەوتێکی بوخارادا، کۆتەڵێکی مەڕمەڕی ستالینم دیت بە دیواری مزگەوتەوە هەڵپەسێرابوو. گوتم: «سەگ و مزگەوت؟!».

شارەزامان لە لایەن شەهرەدارەوە پیاوێک بە ناوی «شاهیدۆف» سەرپەرستی کتێبخانەی شار بوو. فارسی باش دەزانی؛ تا ئەندازەیەکیش کوردی سلێمانی فێر ببوو. دەیگوت: زۆرم گوێ لە ڕادیۆ کوردی بەغدا گرتووە و لە خۆمەوە فێر بووم. لە مزگەوتێکیشدا جحێڵان بیلیاردیان دەکرد! گوتیان مەدرەسەی دینی بە عارەبی لە مزگەوتی میر عەرەب هەیە؛ بیبینە. چێشتەنگاوێک دەگەڵ شارەزاکە و عەلییۆف چووین. چەند مەلایەکی ملەستووری گوێڕەپ و تێکسمڕاو، لامل بە دەرەوە، لە دەرکە سەفیان بەستبوو بۆ بەخێر هێنانم. چوومە ژوورێک، نزیکەی بیست لاوێکی پتەوی بەشان و باهۆی هەژدە و بیست ساڵە، هەر کەسە کتێبێک لە پێش، مامۆستاکەیان بە سەرەوە هەڵوێستابوو.

گوتی: من خەریکی دەرس بووم، ببەخشە بە پیریتەوە نەهاتم.

- دەی مامۆستا تێکی مەدە. دەرسەکەت بڵێ.

- دەی کوڕم! بسم اللە، (بێ) حەرفی جەڕ، موزاف بۆ ئەڵڵا، ئەڵڵا موزاف ئیلەیهی...

دەستم هەڵێنا:

- مامۆستا ڤیتۆ! قوربان وا دیارە هەر ئەمڕۆ دەس کراوە بە تەدریسی عەرەبی. ئەو موزاف و جەڕ و مەڕە دەبێ دوای دوو ساڵ تەدریس بۆ منداڵ بگوترێ. بە بڕوای من، ئەو پاڵەوانانە بچن لە مەزرا کار بکەن لەوە چاترە کە لێرە گوێ لەو جادووە بگرن!

مامۆستا بە مینگە شتێکی فەرموو؛ نازانم جوێنی پێ دام یان چی؟ تێرمان چا و شیرینی خوارد و دەرکەوتین.

بازاڕی گوندیانم پێ سەیر بوو. لە ڕۆژێکی حەوتوودا، بە هەزاران گوندی دێن و لەوێ دەفرۆشن و دەکڕن. زۆرم ژنی بە چارشێوی ڕەش و ڕووبەندەوە دەدیت؛ بەڵام دیمەنی ژنێکم پێ سەیر بوو کە لەو بازاڕە، لە بن ڕووبەندەوە، کە ڕووبەندەکە وەک حەسیری دیواری وایە، جگەرەی دەکێشا؛ دووکەڵ بە کونی ڕووبەندەکەدا دەردەچوو، دەتگوت کارخانەیە و کار دەکا!

دوو کەسم لێ پەیدا بوون، گوتیان: «زێڕت هەیە لێت بکڕین؟»، لەو دەمەدا عەلییۆف هات؛ نازانم چۆن هەڵاتن و خۆیان ون کرد. گوتیان ئەوانە دیارە قاچاغچی بوون. سەری شەو دەگەڵ عەلییۆف چووینە ترێ کڕین. ترێی زۆر خراپ هەبوو، کیلۆی بە هەشت ڕووبڵ. گوتم: «ئەگەر ترێی چاکترم بدەیەی زیادت دەدەمێ». ترێی هەرە چاکی حوسێنی و ساحیبی لە پشت دووکان هێنا، کیلۆی بە دوازدە ڕووبڵ!

شەو لە عەلییۆفم پرسی: «تۆ تێزەکەت چییە؟». گوتی: «زمانی تاتم هەڵبژاردووە؛ بەڵام هیچم بۆ بە هیچ ناکرێ. کەس نییە مانای وشەکانی کۆم کردوونەوە بزانێ». ئەگەر تماشام کرد. کوڕە ئەوە هەمووی ئەگەر فارسی نەبێ، کوردی و کرمانجی و لوڕی تێکەڵە. عەلییۆف لە خۆشییان گەشکەی کرد و ئەو شەوە هەمووی بە ماناوە نووسینەوە.

لە ناو بازاڕ دەگەڕاین. نەجاڕێک بلوێری لانکی کچانی دەفرۆشت. یەکێکم هەڵگرت، گوتم: بە چەند گوتی: یەکی ئینگلیسی وەک تۆ هەڵیگرت و مژێکی لێ دا؛ وەیزانی سەبیلەیە! گوتم: نا، ئەوە سنعاتی وڵاتی خۆمە!

پیرێکی ڕیش درێژ چەند شتێکی وەک مووکێشی زمانەداری لە پێش بوو.

- مامە ئەوە چییە؟

- چەنگ.

- یانی چی؟

هەر پڕی دا یەکێک، زمانەکەی خستە سەر زمانی و ملی لێ نا. موزیکێکی زۆر خۆشم دیت.

- فێرم کە لێت دەکڕم!

هەر دەڵێ و فێر نابم. دنیایەکمان لێ کۆ بۆتەوە پێمان پێدەکەنن. گوتم: «شاهیدۆف فەرموو!». دیار بوو لە پیاوە موحتەڕەمەکانی شار بوو. گوتی: چۆن من لە بازاڕ چەنگ لێ دەم؟ گوتم: منجەمنجی ناوێ، بەخودا منیش دەبێ بە تۆ پێبکەنم! ئەویش بە دەردی من چوو؛ بەڵام زۆرتر بەو پێکەنین!

لە شارەزاکەم پرسی:

- ئەرێ شێخێک لێرە مردووە بە ناوی «بەهائەددین محەممەد»، نایناسی؟

- ناکا شاهی نەقشبەندت نیاز بێ؟

- بەڵێ خۆیەتی، دەچمە زیارەتی.

تەلەفۆنی بۆ شەهردار کرد، گوتی: «مەرقەد سی کیلۆمیتر لە شار دوورە، دەڵێن چونکە خارجی سنووری شارە، ناتوانین ڕێگەی بدەین». گوتم: «بە تەلەفۆن پێی بڵێ کوردێکە میوانی نووسەرانی شۆرەوییە، دەڵێ ئیجازە بدا و نەدا هەر دەچم!». تەلەفۆنی کردەوە، گوتی: «شەهردار دەڵێ من دەرەقەتی شتی وا نایەم! ئەوا ترۆمبیلی خۆم نارد پێی بچن». لە ڕێگە چاوم بە قەبری « ئەمیر ئیسماعیلی سامانی» کەوت کە گونبەزەکەی لە تەرزی منارەی سامرا و قەبری «ستە زوبەیدە» دروست کراوە. گوتیان زیارەتگایە. تەکیەی شاهی نەقشبەند سێ بەش بووە؛ دوو بەشی چۆل و لە کار کەوتووە؛ بەشێکی ئاوەدانە و ماڵێکی زێرەوانی تێدایە. قەبرەکە لە ناوەڕاستی حەسارە؛ بە سیمان بڵند کراوە؛ باڵا پیاوێک پتر. گۆیا حەوزێکیش لە حەسار بووە؛ خەڵک ئاوەکەیان بۆ متفەڕک بردووە. دەوڵەت لە ترسی میکرۆبی ناو ئاو، پڕی کردۆتەوە و شێرەی لەجێ داناون. بۆ یەکەم جار لە ڕووسیا سواڵکەرێکم لە درگای مەرقەد دیت. سندووقی نەزرێکیشی لێ بوو، سەد ڕووبلم تێ هاویشت. شۆفیرەکە کە ڕووسێک بوو بیست و پێنج ڕووبلی تێ هاویشت. شاهیدۆف پرسی: «ئەوە موسوڵمانە، تۆ چی کە ڕووسێکی؟». گوتی  «دەگەڵ زۆر کەسان هاتووم، هیچیان پووڵیان دەو سندووقە نەخستووە. بە کاری ئەمە دڵم گەرم داهات؛ منیش بەشی خۆم تێ خست».

لە ناو جادەی بوخارا دوەمین سواڵکەرم دیت کە بە زمانی ڕووسی دەیگوت: «هاونیشتمانی یاردیدەم بدە!». ئیتر ئەوەندەی لە ڕووسیا بووم تازە چاوم بە گەدا نەکەوتەوە.

لە وڵاتی ئۆزبەکستان کە گەرم و نەرمان و بەراوە، زۆربەی حاسڵاتی پەمۆ و ترێ و مەڕداری و دەغڵ و دانی وڵاتی شۆرەوی لەوێ پەیدا دەبێ. خەڵکەکەی لە چاو ڕووسەکان زۆر دەوڵەمەندن؛ بەڵام بە ناشوکری نەبێ وەک عارەبان پیس و چڵکنن. دەڵێن پووڵیان دەدەن بە زێڕی ژنان و مافوورەی باش. لە هەر کوێش کام کاری زۆر گرانە، کارگەری ڕووس دەیکەن، موسوڵمانەکان زۆر تەنبەڵترن. پێم وابوو کە دەڵێن ڕووس برا گەورەن جێی خۆیەتی؛ زۆر بەکار و زۆر خاکی و بێدەعیەن.

لە بوخارا تێلگرافم بۆ حەمید خوسرەوی کرد کە بەیانی سەعات یازدە وەرە ئوتێل تۆریست لە تاشکەند. سەعات دوازدە تەلەفۆنێک لێی دا:

- ئەزبەنی ئەز حەمیدم. کاک هەژار تە چاوانی؟!

- کاکە ببەخشە، حەمیدەکەی من سابڵاغییانە قسە دەکا؛ جەنابت کێی؟

- کوڕۆ ئەزم ئەز!

حەمید دەگەڵ بارزانیان ژیابوو، زاراوەی ئەوانی هەڵگرتبوویە و هی خۆی لەبیر چووبۆوە. حەمید گوتی «موهەندیسی وەرزێڕیم. هەموو ڕۆژ کە دەچمە مەزرایە چەمەدان دەگەڵ خۆم دەبەم؛ چونکە نوێژی جومعەیان دەگەڵ دەکەم، خۆشیان دەوێم و چەمەدانەکەم بۆ پڕ دەکەن لە بامیە و باینجان و سەوزەوات، یانی لە دەوڵەتی دەدزن و دەیدەن بە من!».

لە تاشکەند شەوێک ماینەوە. ژنێک لە لایەن ڕادیۆوە هات کە قسەیان بۆ بکەم. گوتم بە کوردی خۆم قسە دەکەم. پێک نەهاتین. پاش ماوەیەک هاتەوە، گوتی: «زۆر تکات لێ دەکەن بە فارسی قسە بکە؛ چونکە کەسی وامان نییە کوردی تەرجەمە بکا». بە فارسی هێندێک قسەم کرد کە: «من بە منداڵی لە کوردستان لە چیرۆکی کوردانەدا زۆرم باسی سەمەرقەند و بوخارا بیستبوو؛ ئارەزووم بوو ئەو دوو شارە ببینم. کە هاتیشم تێگەیشتم کە ئەم وڵاتە جوانە ساڵەهای ساڵ وەک کوردستانی خۆم ژێر چەپۆکەی بێگانە بووە؛ وەک کورد بە دیلی ژیاون. با جەوانانی ئەمڕۆ داستانی کۆنە پیاوان لەبەر کەن و کارێک نەکەن بگەڕێنەوە ژیانی دیلی و کەساسی و بە دەردی کورد نەچن...». سوپاسیشم لە شارەزاکانی بوخارا و سەمەرقەند و شۆفێرە ڕووسەکە کرد. ژنەکە ڕۆیشت و چوارسەد ڕووبڵی بۆ هێنام. گوتم بۆ خۆت. عەلییۆف وە تەماح کەوت؛ پێی گوت: زەبت و دووربینەکەت بۆ هەڵدەگرم؛ قورسن. دەگەڵی ڕۆیشت، کە هاتەوە گوتی: پیس دەستی بڕیم! تا بەر دەرگای ماڵەوەی چووم؛ کە زۆر دوور بوو. لە دەرکە شتەکانی لێ وەرگرتم، ماچێکی دامێ و گوتی سوپاس! دەکەی داخست و کاڵەم دڕا، چم پێ نەبڕا!

کە بەرەو مۆسکۆ گەڕاینەوە، دیار بوو بەفر ڕێگەی نەدابوو. لە فڕگەی تفلیس دابەزین. هەموو حەنباڵ و گەسک لێدەرەکان کورد بوون. لە کافەی فڕگە سێ کەس کە عەلییۆفیان دەناسی هاتنە لامان. عەلییۆف بە یەکیانی گوت: «تۆ تاتارێکی زۆر قابیلی، بەڵام بەداخەوە زمانی خۆت لەبیر چۆتەوە». کابرا یەخەی عەلییۆفی گرت و جوێنی پێ دا: «چۆن ئەو تەوهینەم پێ دەکەی؟ قبووڵ ناکەم!». تاسوفەکەیم پێ سەیر بوو، چونکە تەنانەت گەسک لێدەری کۆڵانی بوخاراش پێکەوە بە ڕووسی قسەیان دەکرد. هەمیشە گەلانی کەمینە لە ناو زۆرینەی بە دەستەڵاتدا دەتوێنەوە؛ جا با برا گەورەش وای نەوێ.