سەمەرقەند

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  909 مشاهده

چووینە سەمەرقەند. شارێکی کۆنم دیت، زۆربەی گەڕەکەکانی خانووی خشتی بە قوڕ سواغ دراو بوون؛ وەک سابڵاغی زەمانی منداڵیم. بەڵام چەند گەڕەکێکی تازەی کارگەرانی لە تەرزی خانووبەرەکانی مۆسکۆ لێ کرابوو؛ کە زۆر ڕێک و بەرچاو بوون. پیاوێکی زۆر خۆشیان ڕەگەڵ خستم بە ناوی «شەهیدۆف». فارسی زۆر چاک دەزانی. چووینە زیارەتی قەبری «قوسەم بین عەباس» کە سەرداری ئەسحابان بووە و لەوێ شەهید کراوە. بە سەدان ژن بە منداڵەوە هاتبوون چل دانەیان دەگرتەوە؛ نیازیان لێ دەخواست.

شەهیدۆف گوتی: بێچارە دایکم ئەوە چوار چوارشەمۆیە دێتە ئێرە و نیازی ڕەوا نابێ!

- چۆن؟

- ئەو پلەکانانەی بۆ مەرقەد دەچن، بیست و یەک پلەکانن. ئەگەر لە سەرکەوتن و دابەزیندا هەر بیست و یەک بن، نیاز ڕەوایە. لەم سەرە ژمارە بیست و یەک تەواوە، لەو سەر چونکە لە بیست و یەکەکە پێ دەنێنە سەر عەرز، حیسابیان لێ تێک دەچێ، دایکم بۆی ساغ نەبۆتەوە!!

چووینە سەر قەبری تەیمووری لەنگ. گونبەزێکە، تابلۆیەکی لە بەرد هەڵقەندراوی بەسەر دەرگاوەیە. لە سارداوی گونبەزدا گۆڕی تەیموور و بە ئەقڵم دە کەس لە خزم و مامۆستای دینییەکەی (تاج الدین) نێژراون. بە هەنگاو دەوری گۆڕەکەم پێوا.

شەهیدۆف پرسی: نیازت چییە؟

- ئەو کابرایەی بە ئاوات بوو زەمینێکی دیکەش هەبوایە ئەویشی داگیر بکردایە و بیخستایەتە سەر سەمەرقەند؛ ئێستا لە دە هەنگاو زەمیندا قیڕەی لێ نایە!...

چوومە سەیری ڕەسەدخانەی «شاروخ میرزا، کوڕی تەیموور». قەبری زانایەکی ڕووس لەو نزیکە بوو. شەهیدۆف بۆی گێڕامەوە: «شاروخ لە زانست و زانایان خۆشی دەهات؛ ئەم شوێنەی بۆ ئەستێرەناسان دروست کرد. مەلایان گوتیان کوفرە و حەشامەتیان دوای خۆیان دا و تێک و مەکان درا. ئەم عالمە ڕووسە ئاسەوارناسە، لێ بڕواە شوێنەکە بدۆزێتەوە. هاتۆتە سەمەرقەند، بیست و پێنج ساڵ لەوێ نیشتەجێ بووە، سۆراغی نەکردووە. ڕۆژێک لە مەحکەمەی شەرعیدا قەباڵەیەک دەخوێندرێتەوە کە فڵانە زەوی خۆراواکەی تا ڕەسەدخانەیە. دەچێ ئەو شوێنە دەکۆڵێ و پەیدای دەکاتەوە. لەسەر وەسیەتی خۆشی لە نزیکی نێژراوە». بەداخەوە ناوی زاناکەم لەبیر نەماوە؛ بەڵام ئافەریم بۆ ئەو هەموو حەوسەلەیە لە ڕێگەی زانستدا...

لەو دەمەدا کابرایەکی شڕۆڵی تۆپنەی گردەڵ پەیدا بوو، بە فارسییەکی تێکەڵاوی ڕووس و ئۆزبەکی فەرمووی: من بابایۆفم، زۆر باش لە مێژووی ئەم ڕەسەدخانەیە دەزانم. قەدەرێ چەنەی لێدا. من هیچ، شەهیدۆفیش دەنکێکی لێ تێنەگەیشت. پووڵێکمان نایە مستی و زۆر سوپاسمان کرد. چووینە دیتنی (ڕیگستان) کە دوو مزگەوت و مەدرەسەی فەقێی زەمانی تەیموور بووە؛ یەکیان ژنەکەی دروستی کردووە. شۆرەوی ویستوویە پاش وێران بوون ئاوایان کاتەوە تا دنیاگەڕان بەهرەی لێ ببینن. دوو دام و دەزگای زۆر جوان و بەرچاون. لەو دەمەدا وەستا و فەعلە کاریان لێ دەکرد. بە قسەی شەهیدۆف وەستا لە کشمیرەوە هێنراوە کە کاشیکارییەکان ساز کاتەوە و کرێکاران فێری سنعاتەکە بکا. داستانێک دەناو ئۆزبەکاندا هەیە کە: «بیبی خانم ڕیگستانی بنیات ناوە تا کە تەیموور لە هیندووستان گەڕایەوە پێشکەشی بکا. کار تەواو بووە. بە وەستای کوتووە: هەقت چەندە؟ گوتوویە: ماچێکم دەیە هەقم ناوێ! گوتوویە: جاریەیەکی جوانت دەدەمێ، قبووڵی نەکردووە. خانم ماچێکی لە لاڕوومەتی داوەتێ. جێ ماچ بووە بە خاڵێکی ڕەش و پان و زۆر جوان. وەستا لە ترسی ئەوە کە تەیموور پێ بزانێتەوە چۆتە سەربان و لە شەقەی باڵانی داوە و فڕیوە؛ کەس نازانێ بۆ کوێ!».

شەهیدۆف گوتی: پیامنێرێکی ئەمریکایی هاتبووە سەیری ڕیگستان. کاتێ گوتم: بیبی خانم، نامیلکەیەکی لێک کردەوە گوتی: دیدی خانم نووسراوە، تۆ دەڵێی بیبی خانم! هەرچی کردم ئەو هەر باوەڕی بە من نەکرد!