سەفەر بۆ تاشکەند

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  797 مشاهده

لەسەر داوای خۆم، عەلییۆفیان ڕەگەڵ خستم، چوومە تاشکەند. ئادرێسی سابڵاغییەکم پێ بوو. کارمەندێکی شەهرداریم دەگەڵ هات، زۆر گەڕاین نەماندیتەوە. لەم سەر دەچووین، کەرێک بە زین و لغاوەوە لەبەر دەرکێک بوو. گوتم: «ئەوە کەری ئاخوندە!». کە دەگەڕاینەوە، ئاخوندێک سواری کەرەشین ببوو. کابرا پرسی: «ئەوە چۆنت زانی؟!»، گوتم: «زەوقی مەلا دەناسم!».

بە ناشوکری خودا نەبێ، لە هەموو شوێنان موسوڵمان و مێش و چڵک وەک برای ئاواڵ دوانەن و بێ یەکتر نابن. تۆ کە لە لێنینگراد و مۆسکۆ مێشێکت بۆ دەرمان دەس نەدەکەوت، لە بازاڕی تاشکەند سەد هەزارت بە قۆشەیەک بکڕیبا! مەنجەڵە شۆربا و پڵاو لەسەر لێوی جادە داندراون و هەرا و چەقەی فرۆشیارە و لە ناو تۆز و غوماری کامیۆن و بارەبەردا موشتەری ڕێز بوون. دەتگوت عەلاویل حیللەی شاری بەغدایە! قاوەخانە هەمووی سەکۆیان دەوراندەور هەبوو؛ بە چەکمەوە چوار مێردەکی لەسەر سەکۆ دادەنیشتن، چای سەبزیان دەخواردەوە. پیاڵەیەکی چینی پڕ لە ئاوی کوڵاو، هێندێ گەڵا چای بۆنە دراوی بە سەرەوە؛ بە حاڵ ڕەنگی دەگۆڕا، فڕ دەکرا.

ئۆزبەکی جۆرە ترکییەک بوو زۆر کەمی تێدەگەیشتم. شەو چووینە ئۆپێرای (میرعەلی شیری نەوایی) کە زۆر دەزگایەکی جوانە. نومایشنامە و سەما و گۆرانی کیژە ئۆزبەکانم زۆر پێ خۆش بوو. بەڵام هەرا بوو: سەودای بزن و گاجووت و چەققەی ئەحواڵ پرسییەک بوو، وەک بازاڕی قەباکەندی!

ڕۆژی دوایی، کابرایەکی شارەزای شار لە ئیدارەی سیاحەتەوە بە ناو شاریدا گێڕاین. هەستم کرد کە دەگەینە پیرێژن میرێژنی بە ڕوبەند و چارشێوی ڕەشەوە، خۆی دەدا بەر چاوم کە نەیانبینم. گوتم: برا ئەمەی پێ ناوێ؛ ئەمە بەڵگەیە کە شۆرەوی بە زۆر کەس مەجبوور ناکا بەرگیان بگۆڕن.