لە مۆسکۆ

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  775 مشاهده

هەشت مانگ لە گێرتسن زۆر بە خۆشی ڕامبوارد. هاتمە مۆسکۆ لەسەر حیسابی نووسەران لە ئوتێل میترۆپۆڵ دامەزرام. ڕۆژێک بردیانمە بنکەی یەکیەتی نووسەران. سەرۆک ناوی میدوێدۆف بوو؛ تەمەنی سی ساڵ دەبوو نەدەبوو. پیاوێکی یەکجار ڕووخۆش، قسەخۆش و زۆر زیرەک بوو. لەو مەجلیسەدا نینا عەرەبی زانەکەی هەوەڵ جار لە فڕگە دیبووم لەوێ بوو. «تورسونزادە» کە شاعیرێکی مەشهووری تاجیکە، زۆری خۆشی و بۆشی دەگەڵ کردم.

گوتی: من کوردم هەمیشە خۆش ویستوون و ئێستاش هەر زۆرم خۆش دەوێن. من چوومە عێراقیش، وا تازە گەڕاومەوە.

گوتم: میرزا دەزانم تۆ کە هێندە کوردت خۆش دەوێ، چوویە بەسرا نەچوویە سلێمانی و هەولێر. لە بەغداش زۆر نووسەر و شاعیری کورد هەبوون هیچیانت نەدیت. شیووعییەکان نەیانهێشت خۆشەویستەکانت ببینی. ئارەق و ڕەقسی بەغدا و بەسرا لە کورد خۆشتر بوو...

گوتی: ئەوە ئیهانەتە بە من؛ دەبێ عوزرم لێ بخوازی.

میدوێدۆف لە نینای پرسی: دەڵێن چی؟

- نازانم. بە فارسی قسەیان کرد.

من بە عەرەبی بۆ نینام شەرح دا. میدوێدۆف گوتی: تورسونزادە تۆ دەبێ عوزر لەو کارەی خۆت بخوازی. یان دەبوو نەڵێی کوردم خۆش دەوێ، یان دەبوو بچییە لای کوردانیش. حەقی هەژارە...

هەر لەو مەجلیسەدا یەکێک پرسی:

- تۆ کۆمۆنیستی؟

- نەخێر ناسیۆنالیستم.

دیسان میدوێدۆف گوتی: هەژاری ناسیۆنالیستم پێ لە زۆر کۆمۆنیستان باشترە. شیعری ئەو زۆری هاوار بۆ چینی چەوساوە کردووە. شۆلۆخۆفیش کۆمۆنیست نەبووە و پیاوی چاکیشە.

زۆر جاری تر میدوێدۆفم دیتەوە. جارێک لێی پرسیم:

- چوویە بازاڕ؟ پێت چۆن بوو؟

- شت زۆر گرانە.

گوتی: یانی هەیە و گرانە. برا لە زەمانی شەڕدا و دوو ساڵیش دوای شەڕ، پووڵ لە گیرفاندا هەبوو، بەڵام هیچ نەبوو پێی بکڕین. شوکور بکە کە ئێستا هەیە و گرانە. لە کۆپینەوە دوو جووت گۆرەویم بەرکەوتبوو، لە بازاڕی ڕەش فرۆشتم. من کە حیزبی بووم ناچار چووم ئیقرارم بە گوناه کرد.