لە مۆسکۆ

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 7 دقیقه  1121 مشاهده

لە ڕادیۆ زانیمان «شەوواف» و چەند ئەفسەرێک، بە دنە دانی ناسر لە قاسم هەڵگەڕاونەوە؛ قاسم بەسەریاندا زاڵ بووە. ڕۆژنامەی مۆسکۆ نووسیان: «بارزانی توانی هەرای شەوواف لە ناو بەرێ».

شیووعی وەخۆ کەوتبوون. دادگای گەلیان لە مووسڵ پێک هانیبوو. عەبدوڕەحمان قەساب ناوێکیان کردبووە دادستانی دادگای پرۆلیتاری. بە سەدان کەسیان لە خەڵکی مووسڵ پاش دوو دەقیقە محاکمە بە داری چرابەرقدا هەڵاوەسیبوو. لە کەرکووک وەناو شار کەوتبوون، هەر تورکمانێک و کوردێکی ناحەزیان بەر چنگ هاتبوو، بە گوریس ڕایانکێشابوو؛ قەتڵ و عامێکی زۆر بەسامیان کردبوو. بۆ نمونە: هەر دوو لاقی ناحەزیان بە دوو جیپەوە بەستووە، جیپەکان هەر یەک بۆ لایەک لێخوڕاون تا کابرا لەبەریەک هەڵقڵیشاوە. ئیتر قاسم گەیوەتە ئێسکانی؛ چەند زەلامێکی لێ گرتوون و لەسەر ڕادیۆ هجوومی بۆ کردوون.

جەلال بێتووشی نامەیەکی لە برلینەوە بۆ ناردم؛ نامەی جەودەت مەلا محەممەد ناوێکی شیووعی کوێی بوو. دەڵێ: «... جەلال نازانی چەند خۆش بوو: هەرچی لە مووسڵدا دەمانگرت و دەمانزانی هەواڵ نییە، بەر شەقمان دەدا؛ دارکاریمان دەکرد؛ دەماندا دەست مەحکەمە، دەس بەجێ دەیگوت بیبەن بە داری داکەن. بەو سەرە شیرینەت سوێندە کە هێندەم شەق دە مورتەجیعان هەڵداوە ئێستاش لاقم دێشێ!...».

کچێکی زۆر جوان و زۆر ناسک و نازدار، کە دەمدی جار جار دەگەڵ «عەسکەر ئل عێبی»دا دەگەڕا، بە منی گوت: «من حازرم دەگەڵ عەسکەر بچمە بەغدا، خۆی لێ تووڕە کردووم. تۆ پێی بڵێ!».

- عەسکەر ئەو کیژە لە باب و باپیریشت زیادە، بۆ نایبەیە بەغدا؟

- کاکە بەزەییم پێدا دێتەوە. ئێمە لە بەغدا زاغەنشین و یەکجار فەقیرین. ئەو کچە حەمامی دەوێ؛ ئاوی خاوێنی شێرەی لازمە؛ فێری سینەمایە؛ هەر دوو ڕۆژ ماڵ و حاڵی من ببینێ دڵی دەتۆقێ. گوتم ئافەرین بۆ ویجدانت... پاش گەڕانەوەم بۆ بەغدا، بە چەند مانگێک، کوڕێک هاتە لام؛ گوتی: عەسکەر گلەییت لێ دەکا. بۆ چی کارتی دەعوەتم بۆ ناردووە نەهات؟

- کارتم نەدیوە، دەعوەتی چی؟

- خەبەرت لە چییە؟ قەسری لە گەڕەکی وەزیرییە کڕیوە. ژنی هێناوە؛ پتر لە پێنجسەد کەسی لە ئوتێل بەغدا کە جەمێکی بە پێنج دینارە دەعوەت کردبوو!

- ئاخر ئەو دەیگوت زاغەنشینم و زۆر ڕووت و ڕەجاڵم.

- بەڵێ، ئەوسا وابوو، ئێستا وایە. عەسکەر خاڵی منە...

تێگەیشتم زاغەنشینی کرێکاری سادەی کارخانەی جگەرە، خوا بۆی ڕەخساندووە بگاتە مۆسکۆ، بۆتە حاجی و لای شیووعیان وەقەدر کەوتووە؛ دەستی بە کونی پووڵدا چووە. ئێستا بۆتە ئەو پیاوە و ناویشی نراوە: «مامۆستا عەسکەر».

هەستم دەکرد ڕووسەکان هیچ خۆشییان لە نەژادی زەرد نەدەهات. ئەگەر فیلم چینی با، کەس جگە لە نامۆکان نەدەچوونە تماشای. چوار چینی و ژنە ژاپۆنییەک و یەکی ڤێتنامی لێ بوون. کوڕە چینییەکان هەرچەند هاتبوونە ئیستراحەت، هەمیشە سەریان بەسەر کتێبەوە بوو. نەیاندەپەرژا هەواڵەتی کەس بکەن. ڤێتنامییەکە لە عەکاسی دەزانی، من کە لە عەکاسیم دەزانی پارووم کەوتبووە ڕۆن. هەواڵانی ئاسایشگا دەبوو دەرمان و کاغەز و فیلمی نەگیراوی خۆیان بێنن، وەک دوکتوری تارانی وەختم بۆ دادەنان. ئەگەر ڕۆژی باران بێ، فڵان سەعات بۆیان چاپ دەکەم، بەوە زۆر مەمنوون دەبوون. کوڕە ڤێتنامییەکە بە دووربین و فیلمی خۆی عەکسی دەگرت، بە کاغەزی خۆی بۆی چاپ دەکردن. لە جوابی مندا کە بۆ وەک من ناکەی گوتی: «من زەردم؛ تۆ ئەسمەری چاوڕەشی. بەو حاڵەش هەرچەندی دەکەم لێم ڕازی نین و هەواڵەتیم ناکەن!». لە ئاسایشگادا ژووری تاریک و ماشێنی عەکس گەورە کرنەوەی تێدابوو.

فەتحی گوتی: «لەسەر بابەکی خوڕەمدینی شتێکم نووسی؛ چاپ کرا. ئێستا دەمەوێ شتێکی لێ زیاد کەم کە دیسان بۆم چاپ کەنەوە. لە تەورێزەوە کاروان بە کوردستاندا بەرەو بەغدا بڕوا، تووشی چەند جێ دەبێ بۆم بنووسە». دەیگوت: «ئای ناوی گەنەدار، ئافان، دۆڵەسیریان چەند پێ گرینگ بووە!». بۆیان چاپ کردەوە.

دوکتور ڕەحمانی حاجی باغر نامەیەکی ڕەسمی لە «ڤۆلۆشین» ناو کە لە کومیتەی مەرکەزی حیزبدا و بەسەر سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەگەیشت، بۆ هێنام: «تکایە حاڵ و ئەحواڵی عێراقمان دە مەقالێکدا بۆ بنووسە». بە کوردی نووسیم:

- دەی دوکتور بە ڕووسی تەرجەمەی کە.

- کوردییەکە نازانم؛ بریا فارسی با.

کردمە فارسی.

- بەخوا ڕووسییەکەش نازانم!

سەڵماسی تەرجەمەی کرد. لە مەجەللەی (ئەدەبیات و ژین)دا چاپ کرا. چوار هەزار ڕووبڵیان بۆ ناردم. بەڵام لەجیاتی ناوی نووسەر، ڤۆلۆشین داندرابوو!!

زۆریان لە ئاسەواری نووسەرانی ڕووس بە عارەبی بۆ هێنابووم. لە ناویاندا نامیلکە شیعرێکی «مایاکۆفسکی» هەبوو؛ لەزەتم لە خوێندنەوەکەی نەبرد. مەسەلەن (هەور لە پاتۆڵدا) بە لامەوە قسەیەکی سەیر بوو، وەک (زیقەی مۆر)دەچوو! داوام کرد فارسییەکەیان بۆ هێنام؛ فەرقێکی نەبوو. «خوایە چۆن ئەو کابرایە دەبێ وەک گۆگڵ و ماکسیم گۆرگی و چیخۆف و کێ و کێ حیساب کرابێ و زیاتریش؟!». لام وایە هەر چونکە دەڵێ: «شانازی دەکەم کە لاوێکی کۆمۆنیستم» ئەو ڕێزەی لێ گیراوە و کۆتەڵی لە کۆتەڵی هەموو نووسەرە بەناوبانگەکانی ڕووسی بەرزترە. ڕەنگیشە من وەک لازمییەتی تێی نەگەیشتبم و عەقڵم هەر ئەوەندەی بڕ کردبێ...

ڕۆژێک دوو زەلام، بە بارێک دووربین و زەبتی سەوتەوە وەژوور کەوتن:

- جێژنی ئۆکتۆبرە، شتێک بڵێ لە ڕادیۆدا بڵاو بکرێتەوە.

- دەبێ شیعرێک بنووسم. سبەی وەرنەوە. سبەی لێم پەیدا بوونەوە. گوتم شیعرەکەم کوردییە.

- تۆ فارسی یان عەرەبی نازانی؟

- لە فارسیدا مەلەوانم؛ لە عەرەبیدا تام لە دنیادا نییە.

- جا چونکە کوردی جێگەی لە ڕادیۆ مۆسکۆدا نییە، بە عەرەبی تەرجەمەی کە.

- برا من کوردم، بە کوردی دەتانەوێ ممبارەکە، دەنا کەسمان لە کەس.

هەرچی قونەجوڕە و منجە منجیان کرد فایدەی نەبوو. ڕۆینەوە. دوای دوو ڕۆژ هاتنەوە:

- باشە بە کوردی بڵێ.

- ئاخر پێشەکییەکی پەخشانیشم بۆ نووسیوە کە خەڵک دە شیعرەکە بگا.

- باشە ئەویش بڵێ!

شەوێک لە ڕادیۆ بڵاو کرایەوە. تێگەیشتم بۆ چی تاڵەبانی بە عارەبی قسەی کرد...

دەعوەت کرامە سەفارەتی عێراق کە جێژنی دامەزرانی کوودەتا بوو. بە جلکی کوردییەوە چووم. جلکی کوردی سیحرە، ئەوەندەم لێ کۆ بوونەوە و ئەوەندەیان عەکس گرتم و پرسیار لێ کردم کە سەفیری عێراقی عەبدولوەهاب مەحموود گوتی: «بەڕاستی تۆ سەفیرێکی لە من چاکتری بۆ عێراق ناساندن». لەو جێژنەدا کوڕێکی عێراقیم دی بە ناوی «حەمە فەرەج» کە دەیانگوت لەو سوورانەیە بە ناوی کورد و کوردستان جووتە هەڵدەخاتەوە. هات بە لامەوە، ڕووم لێ وەرگێڕا. گریا، گوتی: «هەژار ڕاستە من دژی میللەتی خۆم بووم، بەڵام هەمیشە دڵم بۆ کورد و کوردستان سووتاوە و نەموێراوە ڕاستی دڵی خۆم بڵێم». گوتم: «برادەر تۆ زۆر سەرخۆشی؛ سبەی لەبیرت دەچێتەوە و پەشیمان دەبیتەوە کە باسی خۆشەویستی گەلی خۆت کردووە...».