ڕووبل باران

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  815 مشاهده

جارێک پرسیم: تۆ پیاوێکی زۆر زیرەکی، پێکەنی، گوتی: جا با بۆت بگێڕمەوە: ئەزموونی کلاسی شەشم دابوو. فەڕاشی مەدرەسە گوتی هەرکەس دوو ڕووبڵم نەداتێ کارنامەی نیشان نادەم. بە هەزار گێرە و بە تکای دایکم دوو ڕوبڵم لە باوکم ساند و بردم. لە کارنامەکەمدا هەوەڵ بووم؛ بەڵام هەوەڵ لە تێشکاوەکان! لە نمرە کەم هێناندا، لە هەمووان لە پێشتر بووم! دوو زللەی جانانەم لە باوکم خوارد کە دوو ڕووبڵەکەی بە خەسار چووە! ژنێکی نووسەر و جوولەکە شیعرەکانی منی بە ڕووسی تەرجەمە دەکرد، ئەویش بە یاریدەی مستەفا سەڵماسی. وەختە بڵێم بوودجەی وڵاتی شۆرەوی نیوەی لە نووسەر و شاعیر و هونەرمەندان و بەتایبەتی هونەرمەندانی سەر شانۆ خەرج دەکرێ. زارکی کیسە ئاواڵەیە... بە هەر دێڕێک (کە لەتە بەیتێک بە دێڕ حیساب دەکرێ) چاردە ڕووبڵیان دەدا بە خاوەنی و چاردە ڕووبڵیش وەرگێڕ وەریدەگرت! پووڵ بۆ من دەباری. پتر لە شێست هەزار ڕووبڵ نرخی شیعر و نووسراوی پەخشانم پێگەیشت. ویستم چاپخانەیەک بکڕم؛ سەڵماسی زۆری دەرک و دیوان کرد، گوتیان بۆ دەرەوە بە ڕووبڵی نافرۆشین. لەوی ناهومێد بووین. دە هەزار ڕووبڵیان بۆ بە هەزار دۆلار گۆڕیمەوە، بەو شەرتە کە لە بەغدا بمدەنێ.

ئەو هەموو پووڵە کە لە ڕووسیا نەبێ ناچێ چ لێ بکەم؟ ملم نا لە تەخشان پەخشانی، دەعوەتی ئاشنایانم پێ دەکرد. ڕۆژێ میدوێدۆف و ژنەکەیم دەعوەت کرد. هەزار و دووسەد ڕووبڵم لە جەمێکدا بژارد. سەرەڕای پووڵی زۆریش، حەقی ئوتێل و خواردن و سەفەرم لەسەر نووسەران بوو.

گوتیان: دەمانەوێ بتگێڕین؛ کارخانەی ماشین سازی و ئەمانەت نیشان دەین، گوتم: هیچی تێناگەم و ناشچم. حەزم لە مووزە و نەققاشی هونەرمەندانە و هیچی تر. بە زۆر مووزاندا گەڕام و ڕاستی زۆرم کەیف پێ دەهاتن.

لە ئیدارەی ڕۆژنامەی پڕاڤدای جەوانانەوە داوام لێ کرا کە مەقالەیەک دەربارەی ئاشتی بنووسم. مەقالەکە وابوو:

«لە میسری قەدیمدا، کە سنعات لە شاران پەرەی سەندبوو، وەرزێران و ماسیگران دەهاتنە کرێکاری بۆ شاران؛ گەنم و ماسی زۆر لە کەمی دا. کاهینانی ئایینی وەناو خەڵک کەوتن: کە بابە ئێوە نازانن دنیا لەسەر پشتی گا و ماسی بەندە؟ ئەگەر گەنم و ماسی بەرهەم نەهێنن، دنیا تێک دەچێ و خەڵکی شار لە برسان و بێ گۆشتییان دەمرن. کارناسی دنیاش دەڵێن: ئەو سەربازەی لە جەبهەی شەڕە، بەرهەمی یازدە کارگەر دەخوا، خۆشی یەکێک، ئەوە دوازدە کەس لەوانەی گەنم و گۆشت بەرهەم دێنن لە کار دەکەون...» ئەودەم لەسەر باشی ئاشتی و خراپی شەڕ دوابووم. مەقالەکەم لە ڕۆژنامەدا چاپ کرا. دەعوەت کرام بۆ ئیدارە. سەرنووسەر گوتی: زۆرمان تەلەفۆن و تێلگراف بۆ هاتووە، دەڵێن شەش مانگە لەو مەقالەیە بەهێزتر لەسەر ئاشتی چاپ نەکراوە. تۆ نووسەرێکی باشی.

گوتم: هەڵە مەبە. من نووسەرێکم هەر ناوم نییە؛ بەڵام فەرق ئەوەیە: لێرە بۆ نووسەران فکر دەکەنەوە، من بۆخۆم فکر دەکەمەوە و دەینووسم. پووڵی زۆر دەدەن بە نووسەر، پێی دەڵێن لە فڵان باسدا ئەوەندە کەلیمە، نە زیاد نە کەم بنووسە. نووسەر بۆ پووڵەکەی خواخوایەتی کاربەدەست لێی ڕازی بێ؛ نەک بۆخۆی لە نووسینەکەی خۆی. بۆ نموونە کتێبێکم بە عەرەبی خوێندۆتەوە چوارسەد سەفحەیە؛ لە داستانێکی ڕووسی تەرجەمەیە بە ناوی: کەنارەی ڕووناک، هەمووی بە پوختی باسی گوێلکێکی ڕەسەنە، کەڵخۆز بە کەڵخۆزی فرۆشتووە و پاشان لێی ساندۆتەوە. ئەگەر من تەرجەمەم بکردایە بە سەفحەیەک تەواو دەبوو.

لێم ڕوونە قسەکانی منی پێ ئەحمەقانە بوو، بەڵام گوتی: تکایە شتی تریشمان بۆ بنووسە.

گوتم: من لە بنی مەقالەکە نووسیبووم: (هەژار شاعیری کورد)، ئێوە نووسیوتانە (هەژار شاعیری عێراقی)، یانی چی؟

گوتی: وامانزانی وات پێ خۆشە!

- مامۆستای بەڕێز! تۆ بمنێرییە بازاڕ بڵێی شووتیم بۆ بکڕە، من بچم سنجووت بۆ بکڕم، بڵێم وامزانی سنجووت پێ خۆشترە! نەخێر لە ناوی کورد خۆت پاراستووە؛ ئیتر بۆتان نانوسم.