شیعر و وتار لەسەر ڕادیۆ قاهیرە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  907 مشاهده

کە زانی چوار ڕۆژ دەمێنمەوە گوتی دەبێ قسە لەسەر ڕادیۆ بکەی. بەیانی چوومە ڕادیۆ. کارگێڕەکان دانشجووی کوردی عێراقی بوون، گوتیان شیعرێکمان بۆ هەڵبژێرە کە کاربەدەستانی عەرەب قبووڵی بکەن. دەفتەری شیعرم دانێ کە خۆیان هەڵیبژێرن. ڕۆژی سێهەمی سەفەرم بوو. گوتیان: «ئەو شیعرانە قبووڵ نەکراون، نابێ سیاسەتیان تێدا بێ». شێخ عومەر وەژوور کەوت، قسەکەی بیست؛ گوتی: «ئاخر ئێوە نەزانن، عەرەبی میسری چوزانێ کوردی چییە؟ وا من ڕازی دەکەم». لە کاغەزێک نووسی: «مانگ وای تیشک دابوو، باغ و دەشت وابوو، واچوو...». لەم باسانە پڕی کرد و نووسی: «تەرجەمەی شیعری هەژار!». بە منی گوت: «کام شیعرت پێ خۆشە ئەوە بخوێنەوە. حەز دەکەی هەزار جوێن بە عەرەب بدە!».

شەو چوومە سەر ڕادیۆ. دانشجووەکان گوتیان:

- بەر لە شیعر خوێندنەوە گوفتوگۆیەکت دەگەڵ دەکەین و چەند پرسیارێکمان جواب دەوە.

- هەرچەند دەبوو بە ڕۆژ پرسیارەکان بکەن و خۆمی بۆ ئامادە کەم، بەڵام دیسان فەرموون.

هەموو پرسیار و جوابەکانم لەبیر نەماون؛ بەڵام لە جوابی ئەم پرسیارەدا کە: «ئایا ئەدەبیاتی کوردی چەند قۆناغی بڕیوە و ئێستا لە کام حاڵدایە؟»، گوتم:

- هەرگیز لە سەرەتای ئیسلامەوە کورد نەیکراوە بە زمانی خۆی وەک خەڵکی تر بنووسێ. هەمیشە کۆسپی زۆر دژواری هاتۆتە پێش. بەو حاڵەشڕا، کورد لە هەموو بەشەکانی ئەدەبیاتی باوی ڕۆژگاردا بەرهەمی بەنرخی بووە. لە پێهەڵگوتنی دەسەڵاتداران، شیعری تازیەمانی، بەیت و چێرۆک؛ لەم چەرخەشدا لە باسی نیشتمان پەروەری و قەومییەت دەستی باڵای هەبووە و تەنانەت خانی سێسەد ساڵ لەمەوبەر داهێنەری شیعری نیشتمانی بوو. لە جیرانانی خۆمان بەجێ نەماوین، بەڵام لە غەزەل و دڵداریدا لە هەموو عەرەبمان تێپەڕاندووە.

پرسیارکار گوتی:

- دەتوانی دەلیل بۆ ئەم قسەت بێنییەوە؟

- بەڵێ، لە ئیسلامدا چاکترین کەس گۆشەگیری خواپەرستە، خراپترین کەس ڕێگرە. با بڕوانین «مەحوی» شاعیری عارف چۆنی ئەم چاک و خراپە لێک پیڵۆز کردوون، دەڵێ:

نەگەییە دامەنی دەستی دوعا، سا دەبمە خاکی ڕێ
تەریقەی گۆشەگیری بەردەدەم، ئەمجارە ڕێ دەگرم

یان خورما کە میوەی تایبەتی عەرەبە، داخوا کێ بۆ بەربانگی ڕەمەزان خورمایەکی داوە بە «نالی» کە سوننەتە ڕۆژووی پێ بشکێنی، دەڵێ:

دەخیل! باری نەخیلی یان ڕوتابی
وەها شیرین و سینە نەرم و دڵڕەق

ئاخۆ هەزار ساڵە عەرەبێک عەقڵی بەوە شکاوە یاری خۆی بە خورما بشبهێنێ؟!

شیعرەکەشم (چەپکە گوڵێک) بوو کە لە دیوانەکەمدایە. وا دیار بوو کوردی داواکاری زۆر بوون، چونکە چوار جار لە ڕادیۆ بڵاو کرایەوە.