ڕەواقی کوردان لە ئەزهەر و شێخ عومەر وەجدی
بە فڕۆکەی سووریایی لە ڕێی دیمەشقەوە گەیمە قاهیرە. دەبوایە چوار ڕۆژ ڕاوەستم تا تەیارەی مۆسکۆ دێ. لە ئوتێلێک لەسەر حیسابی شیرکەتی فڕۆکە دامەزرام. یاڵڵا وەناو شار کەوە. ڕاست ڕووم کردە (ئەزهەر). لە ئوتووبووسدا یەکێ قورعانی دەخوێند. لە دەرکی ئەزهەر پرسیم: «ڕەواقی کوردەکان لە کوێیە؟» شارەزایان کردم. «شێخ عومەر وەجدی» کە مامۆستای ڕەواق بوو نوێژی دەکرد. لە نوێژ بۆوە. گوتم: «من هەژارم و ناوتم بیستووە، هاتووم بتبینم». کرمانجییەکی زۆر ڕەوان قسەی دەکرد. زۆر کوردێکی دڵ سووتاو بوو. پیاوێکی زۆر بەکار، قالب سووک، هەتا خوا حەز کا عالم بوو. جگە لە شێخایەتی ڕەواقی کوردان، ڕادیۆ کوردی قاهیرەشی بە دەست بوو. دەیانگوت بیست و پێنج کاری عیلمی پێک دێنێ کە هی وا هەیە ڕۆژێ دە دەقیقە وەختی دەگرێ.
شێخێکی دیکە لە ئوستادانی ئەزهەر هاتە ژوور و دانیشت. شێخ عومەر باسی کورد و کوردستانی دەکرد و بەوپەڕی دڵگەرمییەوە دەدوا. کابرای میوان گوتی:
- ئوستاد من تێناگەم ئێوە دەڵێن چی، بەڵام وا دیارە بۆ کوردستان تەعەسسوبت زۆرە.
شێخ عومەر گوتی:
- هەرچەند مەلای بەڵام نازانی قسە بکەی. تەعەسسوب غەیری حەقیقەت گوتنە و لە عالمان ناوەشێتەوە.
- ڕاست دەفەرمووی لەم سەهەوەم ببوورە.
- مەلا تۆ عاقیدەت بە غەززالی چۆنە؟
- ئیمامێکی گەورەی ئیسلامی و قسەی موعتەبەرە.
- لە فڵان کتێبی بڕوانە، دەڵێ: «ئەم دینی ئیسلامە لەسەر سێ کۆڵەکە ڕاوەستاوە: ئامێدی، شارەزووری، دینەوەری». تۆ دەزانی هەرسێک کورد بوون؟ دەڵێم ئەگەر کورد دەوڵەت بوایە و بە ئازادی کورد بیانخوێندایە، ئیستا دینی ئیسلام بەو ڕۆژە ڕەشە دوچار نەدەبوو. من بۆ ئیسلام هاوارمە.
کابرا گوتی: بریا زۆری وەک ئەو کۆڵەکانەمان هەبوایە. لە فەرمایشتت بەهرەمەند بووم.
گوتم: «سەیدا، فەلەیەک لە نزیک قامیشلی چووبووە سەر ماڵی جیرانێک:
- ئەرێ شامۆشۆ سبەی نایە یاریدەم؟
- بەسەر چاوان لە بەیانییەوە هەرچی بفەرمووی دەیکەم، کارەکە چییە؟
دەچین قەبری بابم بە گێچ سپی دەکەینەوە.
- ببەخشە بۆ ئەو کارە نایەم، چونکە من هێشتا قەبری بابی خۆم سپی نەکردۆتەوە، خەڵک هەزار تف و نەحلەتم دەکەن!».
شێخ عومەر پێکەنی، فەرمووی: «تێگەیشتم: بەڵام گوتوویانە هەرکەس بەرانبەر بە عەقڵی خۆی بدوێنە...».