لە ڕێی قاهیرەوە بۆ مۆسکۆ

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  680 مشاهده

جەلالی شەریکم چووە ئەڵمانی شەرقی کە لەوێ فێری عەکاسی ڕەنگی و فیلم گرتنی تەلەفیزیۆن بێ. برایەکی خۆی لە لا دانام کە شەریکم بێ. زۆر زوو براکەی، هەرچەند مایەیەکیان تێدا نەبوو، لێم کەوتە تەشقەڵە و توشقەڵە. کێشە کردن فایدەی نەبوو؛ بە پووڵێکی کەم دەستم لە بەشی خۆم هەڵگرت.

مەلا مستەفا لە مۆسکۆ حەولی دابوو کە لە برلینەوە بچینە مۆسکۆ، بەڵام خالید بەکداش لێی تێک دابووین. مەلا مستەفا زۆر لەوە تووڕە ببوو. هەر دەیەویست لە داخی خالید بەکداش تۆڵەی ئەو کارەم بۆ بکاتەوە. گوتی دەبێ بچییە مۆسکۆ، موعالەجە بکەی.

- کاکە، من نەخۆش نیم.

- هەر دەبێ بچی!

دەعوەتم لە نووسەرانی شۆرەوییەوە بۆ هات. مەلا مستەفا پاسپۆرتەکەی گۆڕیم، کردییە (عەبدوڕەحمان محەممەد) کە تەواو عێراقی بم. کە پاسپۆرتی بۆ وەرگرتم. سەد و بیست دیناری دامێ. گوتی: «بچۆ بڵیتی تەیارە بکڕە!». هەستام گوتم: «بەخوا نەخۆش نیم؛ قەتیش لەسەر یەک سەد و بیست دینارم لە باخەڵدا نەبووە، خواحافیز دەچمەوە ماڵێ!». فەرمووی: «عوبەید (کوڕە گەورەکەی) پووڵەکەی لێ وەرگرە، بڕۆ بۆخۆت بڵیتی بۆ بکڕە؛ لەوانەیە نەچێ!».

لە پێش ئەوەدا بە ماوەیەک، دیوانی شیعرەکانم نووسییەوە، ناوم لێ نا (چێشتی مجێور). دام بە دەوڵەت کە ئیجازەی چاپی بدرێ. زەعیم وەحیدی ڕادیۆ بە کارەکە ڕادەگەیشت. لە هەرکوێ ناوی کورد و کوردستانی تێدابوو، لە هەرکوێ باسی مۆسکۆ بوو، تەنانەت ناوی چۆمی (میسی سی پی) ئەمریکای قەڵەم کێشابوو، کە مەمنووعە چاپ بکرێن. نەقڵم بۆ مەلا مستەفا گێڕاوە. شەوێک زەغیم وەحید هاتبووە لای مەلا مستەفا. لە وەرامی مەلا مستەفادا گوتی: نەمزانیوە، بمبەخشن. هەمووی ئیجازە دەدەم.

گوتم: «مەلا مستەفا، قەلە ڕەشەیەک جیقنەی لەسەر ناقووسی کلیسایەکی قامیشلی کردبوو. ڕۆژێکی تر پارچە گۆشت بەرازێکی لە پێش کەشە ڕفاند. کەشە ئاگری گرت: دەخیلتان ئەو قەڵە ڕەشەم بە ساغی بۆ بگرن. بۆیان گرت. لاقی گرت و بە دارووکەیەک لێی ڕادەوەشاند: ئاخر ئەگەر مەسیحی بای لەسەر ناقووس نەدەڕیای، ئەگەر موسوڵمان بای گۆشت بەرازت نەدەخوارد. تۆی ڕووی ڕەش لێم ڕوونە کرمانجی، گوێ بە هیچ دینێک نادەی!!

زەعیم وەحید تۆ ئەگەر کوردی، بۆ وشەی کورد قەڵەم دەکێشی؟ ئەگەر دۆستی کۆمۆنیستی، مۆسکۆ بۆ دەکوژێنییەوە؟ ئەگەر دژی شیووعییانی، چت بەسەر (میسی سی پی) داوە؟! دیوان چاپ ناکەم...».

کە دەهاتم بچمە مۆسکۆ مەلا مستەفا فەرمووی: چیت پێ خۆشە چاپ بکرێ؟ گوتم: مەم و زینەکەم.

- من بۆت چاپ دەکەم. بەڵام کێ ئاگای لێ بێ؟

- زەبیحی و کەسی تر نا.