بەرەو مۆسکۆ

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  762 مشاهده

ڕۆژی پازدەی مانگی یازدەی پەنجا و هەشت چوومە فڕگەی قاهیرە. بارزانی ئادرێسێکی دابوومێ کە ئەگەر لە مۆسکۆ دامام بچمە ئەوێ. لە فڕگە کابرایەک لێی پرسیم: تۆ هەژاری؟

- بەڵێ.

- لە فڕگەی مۆسکۆ چاوەنۆڕتن.

لە تەیارەدا کابرایەکی موو زەردی، چاو شینی خوێن شیرنۆکەم لە تەنیشت بوو، گوتی: «من ناوم خالید محێدینە، سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئەلمەساء».

- کە وابێ تۆ برای زەکەریا محێدینی هەواڵی ناسری؟

- نەخێر، منیش هەر کوردم وەک ئەو؛ بەڵام بنەماڵەمان جیایە؛ فکریشمان جیایە. ئەو ئەمریکا پەرستە و من شیووعیم.

لە قاهیرە دنیایەکی گەرم و خۆش. لە ڕێگەدا لە فڕگەی (تیرانا) پاتەختی ئەلبانی دابەزین. چاو نەخۆشێکی ئەڵبانیش سوار کرا کە لە مۆسکۆ موعالەجە بکا. بەڕاستی فڕگەیەکی زۆر ڕووت و ڕەجاڵ بوو. بە ناو هەتاودا گەینە مۆسکۆ؛ بەڵام لەوێ بەفر و کڕێوە ڕێگەی دابەزینی نەدا. پاش چەند خول دانێک لە فڕگەیەکی دوور دابەزین. تماشای چەمەدانان دەکرا. چووم لەسەر نیمکەتێک کروشمەم کرد. کیژێکی ڕووس پەیدا بوو، بە عەرەبییەکی زۆر ڕەوانی میسریانە گوتی:

- ئیشاڵڵا تۆ هەژاری؟

- بەڵێ.

بەغار چوو چەمەدانەکەی وەرگرتم. چووینە ناو ماشێنێکی بە سۆپە و شۆفێرێک لێی خوڕی.

گوتم: نینا، تۆ ئەو عەرەبییە چۆن فێر بووی؟

- لە مۆسکۆ دەرسم خوێندووە.

- فێڵم لێ مەکە، کەس بە دەرس خوێندن ئاوا فێرە زمان نابێ.

- ڕاستییەکەی پێنج ساڵ لە قاهیرە بووم، مامۆستاکەمان دەیگوت: «زمانی عەرەبی زۆر هاسانە؛ هەر حەوت ساڵی هەوەڵی تۆزێک دژوارە!». عەبدولوەهاب بەیاتی شاعیر دەناسی؟

- بەڵێ.

- جا وا دەبێ؟ دەڵێن ناوی منی لە شیعری خۆیدا گوتووە. زۆری لێ قەڵسم!

- نینا وا بزانم پێت خۆش بووە ناوت لە شیعری عەرەبیدا هاتبێ!

من کە فێری خۆگێل کردن ببووم لە دووم نەدا...

بردمییە ئاسایشگای (گێرتسن) لە حەفتا کیلۆمیتری مۆسکۆ. لەو ڕێگە، شەش حەو کەلیمەی وەک: «ئەوە چییە؟»، «نان»، «ئاو»، و شتی وا لە نینا فێر بووم.

«گێرتسن» ناوی شاعیر و نووسەرێکی خۆشەویستە کە ماڵی لەو نزیکە بووە. ئەو ئاسایشگایە کۆنە قەسری ئەمیرێک بووە؛ لێنین کردوویە بە ئاسایشگا و بەردێکی تێگیراوی ڕۆژی هاتنی لێنینی بۆ کردنەوەی ئاسایشگاکەی لێ هەڵقەندراوە. وەتاغێکی بە تەنیای زۆر سازیان دامێ و تەلەفۆن و ڕادیۆیەکی گەورەی سێ مەوجیشی تێدابوو دەمتوانی گوێ لە بەغدا و هەموو شوێنێک بگرم.