تاکتیکی عیلمی و ئیجتیماعیی موئەسسەع!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  953 مشاهده

شێخ ڕەشیدی لۆلان لە حکوومەت ڕاپەڕی. شیووعی کوردستان دەستەیەکی سی کەسییان بە سەرکردایەتی عەلی سەوزەفرۆش ساز کردبوو، کە بە قەولی خۆیان پرۆلیتار ئەم ئاگرە داکوژێنن. لەسەر داوای قاسم، مەلا مستەفاش چووبووە بەرایی شێخ ڕەشید. شیووعییەکان بە باسک بڵند کردن و بژی بژی دەگەنە جەبهە، لەسەر چەمێک کە مەلا مستەفا و بارزانی لەوێن.

- ئێمە تاکتیکی عیلمی بەکار دەبەین و دوژمن وا ڕاو دەنێین بە داستانی بگێڕنەوە. سۆڤیات لە ستالینگراد چیان کرد، ئەوە دەکەین. بژی عەلی سەوزەچی!

لەو دەمەدا، دوو کەلاکە پۆلیس لە چەم دەپەڕێننوە.

- ئەوە چن؟ بۆ مردوون؟

- کاکە شەڕە، پیاوی تێدا دەکوژرێ، پۆلیسن و پیاوی شێخ ڕەشید کوشتوویانن.

- ها! کە وایە دەبێ ئێمە (ئیجتیماعی موەسسەع) بکەین (یانی بە فراوانی کۆ بینەوە).

پاش تاوێک دێنەوە لای مەلا مستەفا:

- ئیجتیماعمان قەراری دا تفەنگەکانمان بدەین بە تۆ، تۆش سی پیاومان ڕەگەڵ خە تا لە ڕێگە ڕووتمان نەکەن!

- زۆرم پێ خۆشە، بەڵام دوو کەستان دەگەڵ دەنێرم و خاترجەم کەس ناوێرێ بێتە سەر ڕێگاتان!

مەلا مستەفا تفەنگەکان دەدا بە بارزانییەکانی خۆی:

- بۆ هەر چوارتان یەکێک. ئەگەر خاوەن تفەنگ کوژرا، یەکی دی هەڵیگرێ.

- گوتیان بارزانی تفەنگەکەیان ماچ دەکرد و نێوچاوانیان ڕێ دەخست.

مەلا مستەفا فەرمووی: «زەعیم قاسم گوتوویە: دەڵێن ڕادیۆ کوردییەکەمان زۆر بێتامە، کەسی وات پێ شک نایە پێی ڕابگا و چاکتری بکا؟! گوتوومە یەکێک هەیە ئەگەر ئەو بیکا، من زامن بە کەیفی تۆی ساز دەدا. دەس بەجێ فەرمانی بەسەر ڕاگەیشتنی بەشی کوردی بە ناوی تۆ نووسی و خەبەری لە وەزیری ڕۆشنبیری داوە کە چیت دەوێ پێکی بێنێ. ئەگەر ئیشکالێکت بوو، بە فوئاد عارفی وەزیری دەوڵەت بڵێ!».

چوومە لای وەزیری ڕۆشنبیری؛ کە ناوی «فیسەڵ سامر» بوو. زەننون ئەییووبی چیرۆک نووسی لە لا بوو. وەزیر پرسی:

- بەشی کوردی ڕادیۆکەمان چۆنە؟

- لەوە باشتر چۆن دەبێ؟!

- خۆ نا، دەڵێن زۆر خراپە. دەی دەچییە سەری و چاکتری کەی؟

- بەو شەرتەی دەسەڵاتم هەبێ بە کەیفی خۆم ڕاگرم و دەرکەم.

- باشە تەنیا نابێ زەعیم وەحید دەرکرێ، چونکە زەعیم قاسم کردوویەتە کاربەدەست و چاودێر.

- جەناب! ئەگەر دە پێش هەموو کەسدا زەعیم وەحید بامەڕنی دەرنەکرێ، نایکەم. ئەفسەرێکی بێسەواد، خوێڕی، کوردی نەزان، براکەی خۆی -فەخری بامەڕنی- کە هەر دوو چاوی کوێرە و دەنگیشی زۆر ناخۆشە، هەم قورئان خوێن، هەم گۆرانیبێژ، هەم تار زەنی ڕادیۆیە و منداڵەکانیشی کۆرسن. زەعیم وەحیدیش، دوور لە ڕووی تۆ، بە گەواد ناوبانگی دەرچووە.

- ئاخر قاسم دایناوە، دەرناکرێ.

- منیش نایکەم!

هاتمە لای فوئاد عارف بۆم گێڕاوە. عەونی یووسف کە وەزیری ئیسکان بوو لەوێ بوو، گوتی: تۆ مانگی چەند لە عەکاسی پەیدا دەکەی؟

- نزیکەی پازدە دینار.

- دە بەشەرەفم لە ڕادیۆ مانگێ دووسەد دینار پتر پەیدا دەکەی. توخوا ئەوە عەقڵە تۆ هەتە؟!

- کاکە عەونی! ئەگەر نەتوانم بە کەیفی خۆم کار بکەم، هەر بە مانگێک دووسەد دینار و ئابڕوو چوونم دەس دەکەوێ، دەڵێن ئەویش لەو دز و حیزانەیە.

وام خەیاڵ کردبوو، هەر کە بوومە بەرپرسی ڕادیۆ، ئەو هەموو گۆرانیبێژە ممبارەکە بانگ کەم: «هەرکەس بچێ کەلیماتی گۆرانییەکانیم لەسەر کاغەز بۆ بنووسێتەوە». دەمزانی چەند گووکاری کراوە. بە قەولی زەبیحی دەیگوت: «ئەگەر دەستم ڕۆیبا، ئەو گۆرانیبێژانە و قسەکەرانەی ڕادیۆ کوردی بەغدام دە ژوورێکدا حەبس دەکرد؛ هەموو ڕۆژ لە کولانکەوە بە سەریاندا دەڕیام تا دەخنکان! خۆ ئەوان زۆر ساڵە بە سەر ئێمەدا دەڕین!».