ئاوڕدانەوەیەک لە شیووعییەکانی زەمانی پادشایی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  785 مشاهده

لێرەدا دەمەوێ بەرەو پاش ئاوڕ دەمەوە و باسی شیووعییەکانی زەمانی پادشایی بکەم:

هەموو خەڵکی شارستانی عێراق، بەتایبەتی ڕۆشنبیران، زۆریان ڕق لە ئینگلیسی داگیرکەر بوو. ئەوانیش وەک ئێمە لە ئێران لە دژی ئینگلیس شەیتانیشیان پێ باش بوو. لە زەمانی هیتلەردا هەزاران لاوی عێراقی لەسەر نازییەتی گیران و خرانە بەندیخانەوە. تەنانەت مامۆستا مەلا جەمیل ڕۆژبەیانیش بە تۆمەتی نازییەتی ساڵێک پتر لە گرتووخانەی عەمارەدا مایەوە. لە سایەی ئەو گرتنەوە توانی شەرەفنامەی بدلیسی لە فارسییەوە بکاتە عەرەبی. سوپاس بۆ ئەو زیندانە...

کە هیتلەر نەما، ئیتر لافاوی دڵان ڕووی کردە مۆسکۆ. حیزبی شیووعی نهێنی بوو؛ نەدەناسران. لەبەر ئەو نەناسینە وەک ئەندامانی «ژێ-ک» خەڵک بە پیرۆز و پیاوچاکی دەزانین. نەک هەر خەڵکی ڕەمەکی و بازاڕی، تەنانەت دەوڵەمەندە هەرە زلەکانیش خۆشیان دەویستن. ئەگەر شیووعییەک لە دەست پۆلیسی نووری سەعید هەڵاتبا، خۆی بە هەر ماڵێکدا کردبا دەیانشاردەوە؛ بەخێویان دەکرد. کەس دڵی بڕوای نەدەدا بیانداتە دەست دەوڵەت. ئەندامیان لەوپەڕی فیداکاری و نەداری و بێنازیدا دەژیان. بە جلی شڕ و نانی وشک قنیاتیان دەکرد و شوکری ستالینیان دەبژارد. بەڵام هەستم دەکرد کە لە ئاخر ئۆخرییەکانی زەمانی نووری سەعیدا، زۆر پیاوی دەوڵەتیان دە پاڵ هەڵکێشرابوو. جار جار ڕەفیق چالاکم لە دووکانی بەشیر موشیر دەدی و ترسم لێی بەسەر چووبوو. مەسەلەن دەیگوت: «فڵان ڕۆژ، سەعات ئەوەندە، شیووعی لە فڵان و فڵان شوێنەوە تەزاهورات دەکەن». ڕاست دەردەچوو.

بەڵام ئاخۆ مامۆستا پایەبەرزەکانیشیان لە ژیاندا وەک بۆرەپیاوەکان بوون؟ دەیانگوت ئەوان زۆر خۆش دەژین. چەند کەسێکیان کە دەبوایە خۆ وەشێرن، ماڵێکیان بۆ دەگیرا. هەرچی پێداویستی ژیانە دەهاتە بەر دەستیان. چەند کچ و ژنێکی شیووعیش خزمەتیان دەکردن و دەگەڵیان دەژیان؛ کە ناویان لێ نابوون: «مایەی خۆشی مامۆستایان». ئەو خوشکە شیووعییانە موڵکی حیزب بوون؛ دەیانتوانی بیانبەخشن. بۆ قەدر گرتنی «مامۆستا محەممەد تەوفیق وردی» کە هەم شاعیر، هەم نووسەر و پتر لە پەنجا نامیلکەی نووسیوە و زۆر کورتە باڵایەکی ناحەز و بێفەساڵ بوو، یەکێک لەو ژنانەیان پێ بەخشیبوو، دەتگوت حۆری بەهەشتە. ژنەکە خوشکی ئەو عوسمان مەجیدە بوو کە باسم کردووە.

جارێک مامۆستا تەوفیق ودری ناردراوەتە تاران کە پەیام و کەلامی حیزب بە توودە بگەیەنێ و شتیان لێ فێر بێ.

- براکان ئەو ژنەم بە تەنیا لە بەغدا چۆن بژی؟

- خەمت نەبێ، برایەکی حیزبی دەنێرین ئاگای لێ بێ و ژیانیشی دابینە.

وردی پاش دوو مانگ دەگەڕێتەوە. لە درگا دەدا. ژن سەر دەردێنێ:

- غەریبە تۆ کێی؟

- چۆن کێی؟! هاتوومەوە ماڵە خۆم!

- پیاوەکە وەرە دوو شەق دەو ڕووتە پووتە هەڵدە!

برای حیزبی بە دارەوە بۆی دێ! ژن نەما، وردی وەخت بوو شێت و هار بێ؛ ملی لە قەسیدە هۆندنەوە نا، باسی هیجران و فیراق و ئەم قسە قۆڕانە. بەڵام دڵی بڕوای نەدەدا بڵێ شیووعی خراپەیان دەگەڵ کردووم. دەیگوت: «ئی وایان تێدا هەیە زۆر باش لە لێنین و لیوشاوشی نەگەیشتووە». کابرای ژنەکەی وردی بەرکەوتبوو، ناوی عومەر حەم شین، خەڵکی کۆیە بوو؛ دەمناسی، لۆمەم کرد کە ئەو زوڵمەی بۆ کردووە. گوتی: «کاکە! خۆت تەرح و دیداری وردیت دیوە، لە مەیموون ناحەزترە. حیزب ئەو ژنەی پێ بەخشیوە و ناچار بووە مێردی پێ بکا. حیزب قەراری داوە لەوی بستێنێتەوە و بیدا بە من، زوڵمی چی و حەق و حیسابی چی؟!».

من لام وابوو زۆر لەو قسانە کە بە شیووعییانی عێراقی دەڵێن، لە ڕووی غەرەزێکەوەیە؛ زیادیان بۆ وەسەر دەخەن. پاش چەند ساڵێک، لە شۆڕشێ بارزانیدا، کە لە گوندی (لێوژە) بووم؛ حەمید عوسمان کە ماوەیەکی زۆر ڕئیسی حیزبی شیووعی ببوو، لێ کەوتبوو؛ دەگەڵم هاومەنزڵ بوو. شەوێک زۆری خواردەوە، تەواو سەرخۆش ببوو، نهێنی و سیاسەتی لەبیر نەمابوو. گرێی زمانی کراوە و باسی ڕۆژانی سەڵتەنەتی خۆی دەکرد کە ئەوسا لە سەرۆکیدا، کە بە نهێنی لە خانوویەکی کەرکووک ژیاوە، دەیگێڕاوە، گوتی: هەر شەو هەواڵان کیژێکیان بۆ دێنام. شەوێک تازە کیژ هاتبوو، براکەی هات: «مامۆستا ئێمە لە ڕێگەی ئێوەدا سەرمان پێوە نییە؛ بەڵام دایک و بابم کۆنە پەرستن. بزانن ئەو کیژە دەسکاری کراوە، سەری دەبڕن. چاکەم دەگەڵ بکە، خۆم لەجیاتی خوشکم لات دەمێنمەوە». دیتم کوڕەکە زۆر لووس و جوانترە لە خوشکی، قبووڵم کرد. ئینسانییەت هەڵینام کە تکای بگرم و خوشکی لە بەڵایەک نەجات دەم!!». جا کە دەڵێن قسەی ڕاست یان لە شێت ببیسە یان لە منداڵ، دەبوو بیانگوتایە: «یان لە سەرخۆش!». لێم ڕوونە ئێستا ئەمە بە حەمید بڵێن (ئەگەر مابێ)، هەزار تەڵاق دەخوا، کە نەمگوتووە.