دوایین ئەزموونی گۆران

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  765 مشاهده

جارێکی تر گۆرانم دیتەوە کە بەداخەوە نەخۆشی سەرەتانی گرتبوو؛ دەبوو بینەنە مۆسکۆ. حەمەی مەلا کەریمیشی لە لا بوو. لە گفتوگۆدا عەرزم کرد: «ئێمە تا کورد بە گشتی وەقەدر نەکەوێ، ناتوانین گوڵ بکەین». جوولەکەم بە میسال هێناوە کە قەدری سەگیان نەبوو؛ بوونە دەوڵەت، پاپی کاتۆلیکانیش موخلیسیانە و لەعنەت نامەی نوێژیان بۆ دەرداوێژێ. دیار بوو ئەو قسانەی من قبووڵ نەدەکران. هەر لەو مەجلیسەدا، مامۆستا گۆران باسی «مەهداوی» حاکمی مەحکەمەی قاسمی کرد، کە زۆر کەرێکی چەنەدرێژە و نەنگە بۆ دەوڵەتی عێراق. لەپڕ مەهداوی دەگەڵ ساڵح بەحرولعلوومی شاعیر وەژوور کەوت. قوتوویەک باقلاوە و دوو گلۆس جغارەی (کاتی) هێنابوو. پاش تاوێک ڕۆیشت. گۆران فەمووی: «بەڕاستی مەهداوی پیاوێکی نەجیب و عاقڵ و زمان ڕەوان و قانوون زانە! هەژار وا نییە؟!».

- مامۆستا تا تۆزێک باقلاوە و پاکەتێک لەو جغارانەیەم نەدەیەی، تەسدیقت ناکەم!!

زۆر پێکەنی.

کە لە ڕووسیاشەوە هاتەوە، دیتم. فەرمووی: «بۆ مردن هاتوومەوە. تازە ئیمانم هێناوە کە قسەکانت بەجێ بوون. هەتا کورد خۆی بە گشتی وەقەدر نەکەوێ، نابێ ئێمە چاومان لە حورمەت گرتن بێ؛ بەڵام تازە هەرچی چوو، چوو». فەرمووی: «کە ڕووس زانیبوویان قاسم لە حیزبی شیووعی ڕەنجاوە، هیچ قەدرم نەگیرا. ئەگەر قەناتی کوردیێف پێنجسەد ڕووبڵی بۆ بەجێ نەهێشتبام، پارەی چایەکی قاوەخانەم نەبوو... ڕۆژێ گوتیان چا بوویەوە؛ بڕۆ. ڕاست خستمیانە تەیارەوە و لە بەغدایان دابەزاندم». پاش ئەو دیدارە، بە بیست ڕۆژێک خەبەرم بیست کە مامۆستا گۆران لە سلێمانی وەفاتی کرد.

لە جەنگەی ئەم هەرا و پەت پساوی و بەهێزییەدا، ڕۆژێ بارزانی لێی پرسیم: هەژار چۆنی دەبینی؟

- ئەزبەنی حوکم هی خۆیانە و هەر بینا ئیعلانی دەوڵەتی کۆمۆنیستی کرا.

فەرمووی: تۆ شێتی! ئەگەر ئەمریکا هەزار ملیار دۆلاری لە دژی شیووعی خەرج کردبا، هێشتا ئەوەی بۆ ساز نەدەبوو کە ئەمانەی عێراق بۆی دەکەن. ئابڕووی خۆیان و بگرە مۆسکۆشیان برد...