نامەی دوکتور موسەدیق بۆ قاسم

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  766 مشاهده

لەبیرم نەماوە کەی بوو، مەلا مستەفا فەرمووی: «زەعیم نامەیەکی داومێ کە بۆی بکەین بە عەرەبی و کەسیش نەزانێ. تۆ تەرجەمەی کە و بیدەوە بە خۆم بۆی دەبەمەوە؛ بەڵام نوسخەی لێ هەڵمەگرە بۆخۆت!». نامەی «دوکتور موسەدیق» بوو، نووسیبووی:

«نووری چاوی بەڕێزم، عەبدولکەریم قاسم؛

لە پاش سڵاوی گەرم و دۆستانە...

خوا شوکور تۆ سەرکەوتی و پایەی تەختی پادشایەتیت لەبەریەک برد. بە هومێدم هەر سەرکەوتوو بی. دەمەوێ ئامۆژگارییەکی باوکانەت بکەم: نەکەی بە زمانلووسی و تاریف و هووڕا و چەپڵەڕێزانی کۆمۆنیستان فریو بخۆی. ئەوانە ماری خاڵدارن و لەپڕ پێوە دەدەن. من دەمەویست خزمەتی زۆر گەورە بە خەڵکی ئێران بکەم و کارێک بکەم تامی ئازادی بچێژن، تێر و تەسەل و بێترس و سەربڵند بژین؛ بەڵام توودە ئەو بەڵایەیان بەسەر هێنام. ئەوان وایان کرد کە ئەمریکا، شا بگەڕێنێتەوە و حوکمی من بکەوێ. تکایە زۆرت ئاگا لە خۆت بێ. چەند هەواڵێکی من هاتوونە بەغدا. لێم ڕوونە بەخێریان دێنی و لە یاریدەیان درێغی ناکەی.

دۆستی دڵسۆزت: محەممەد موسەدیق».

ڕەنگە ئەمە تەرجەمەی وشە بە وشەی نامەکە نەبێ؛ بەڵام ئەم ناوەرۆکەی دەگەیاند. نافەرمانیم نەکرد و نوسخەم لێ نەگرتەوە.