چەند نموونە لە ئاکاری شیووعییان

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  798 مشاهده

لە ڕووسیە چییان بۆ ستالین دەکرد، ئەوەش و زیاتریش بۆ قاسم دەکرا. ئەویش کەیفی دەهات. قاسم ببووە تەیرێکی سەیر: هەمیشە نوتقی دەکرد؛ سەلم و تووری لێک دەهاڵاند؛ لە پاش نوتق دەبوایە چەند جار لەسەر ڕادیۆ بڵاو بکرایەوە. هەموو دووکاندارێک (کە هەموو دووکانداریش ڕادیۆیان لە دووکان هەبوو) دەبوایە ڕادیۆ لەسەر ئاخر دەرەجە بکەنەوە و نوتقی زەعیم ببیسرێ. لەم سەر تا ئەو سەری خەیابان و بازاڕ، هەموو کەس، هەموو دەم گوێی لە فەرمایشاتی زەعیم، کەڕ و سەری گێژ دەبوو. شەوانە هەموو وەزیرەکانی لە خۆی کۆ دەکردەوە، نەواری نوتقی خۆی بۆ دەکردنەوە. هیچ وەزیرێک تا دەبوووە ڕۆژ نەدەبوو بخەوێ و لە پەستا دەبوو گوێ لە نەواری نوتقی زەعیم بگڕێ. گوتیان جەنازەیەکیان دەبردە قەبرستانی غەززالی. کابرایەک بە لایدا ڕابرد، گوتی: خۆزگەم بە خۆت کا، لە ئەقوالی زەعیم نەجاتت بوو!

شیووعی وردە وردە پێیان لێ هەڵێنا. دەگەڵ ئەوحەد، شیعاری حیزبی شیووعی لە حوکمدا دەدرا. دەستەی زۆریان لە جەوانانی بە ناو «مقاوەمەی شەعبی» (پەدافەند) بۆ پارێزگاری لە ئینقیلاب پێکەوە نابوو. هەرکەس بۆنی دژایەتی کۆمۆنیستی لێ دەهات، لێدان و شەقی زۆری دەخوارد و زۆریشی بە بێ قانوون و بێ پرسی کاربەدەستانی دەوڵەت ئیعدامی ئینقلابی دەکران.

ئاشنایەکی زۆر وریالەم، بۆ مەسڵەحەت پارێزی خۆی ببووە یەکێک لەو جەوانانە و ڕاستی زۆر شتی لە لا دەگوتم؛ یا خودا درۆی کردبێ:

- دووکاندارێک لە کازمێن داوای قەرزی لە جەوانێکی پەدافەند کرد، گوتی نەمدەیەی شکایەتت لێ دەکەم. سبەی ئەو ڕۆژە بە تەزاهورات چووینە سەری، گوتیان تەوتیئەچین دۆزراوەتەوە. پەتیان خستە مل، کوشتیان.

وای بەسەر هات کە لە تەزاهوراتی چەند سەد هەزار نەفەریدا، هەر یەکەی پەتە گوریسێکی پێ بوو، تا دژی خۆیان بترسێنن. ڕۆژێک دەوری ترۆمبیلی ئەحمەد ساڵح عەبدییان دابوو، کە ڕەئیسی ستادی سوپا بوو. پەتیان ڕاداشتبوویە. پەت هەبێ خەیانەت سەر ناگرێ... بەریان لە ماڵان دەگرت، قەت ماڵێکیان نەدەبوارد. دەبوایە چەندی خۆیان بڵێن، خاوەنماڵ بێ خۆ گرتن بیانداتێ، نەکوو تووشی پەت پەتێن بێ. ڕۆژێک سەریان بە ماڵەکەماندا کردبوو، سەری هاوماڵەکەمیان چا کردبۆوە. سەریان بە ماڵی ئێمەدا کردبوو، عەکسی مەلا مستەفایان بە دیوارەوە دیبوو، بێهەست و چرپە گەڕابوونەوە.

ساڵح حەیدەری، برای جەمال حەیدەری مەشهوور، گوتی: «چوومە لای کاکم دوو دیناری لێ قەرز کەم. شەش تەلیسی خەت سووری بە پێلاقە داگیراو لە دیناری و پێنج و دە دیناری لە گۆشەی وەتاغەکەی لەسەر یەک داندرابوون. گوتی: ئەوە ماڵی حیزبە و فلسێکم نییە بتدەمێ!

تەنانەت لە هەموو ئیداراندابوون. گوتی: ئەوە ماڵی حیزبە و فلسێکم نییە بتدەمێ!».

تەنانەت لە هەموو ئیداراندا هەر شیووعی حیساب بوون. ڕۆژێک چوومە مەرکەزی (یۆنیسیف) بۆ لای مودیرەکەی، کە دوکتورێکی زۆر بەناوبانگ بە ناوی جیهاد شاهین بوو. تماشای کردم و دەرمانی بۆ نووسیم. بانگی لە فەڕاش کرد، جواب نەبوو. چووە دەر هاتەوە گوتی: «خزمەتکارەکان چوونە بەر تاو لینگیان درێژ کردووە، دەڵێن ئێمە جوابی مورتەجیع نادەینەوە! دەبێ لە ڕووسیاش وابێ؟!».

مەلا مستەفا ئەو کارانەی دەبیستەوە. جارێک گوتی: دوو کوردی لای هەڵەبجە هاتوونە لام. یەکیان دەڵێ کابرایەک سەر بە شیووعییەکان خەنجەری ڕووتی لەسەر ملم داناوە: «سەگباب بڵێ کوردم تا بتکوژم!»، ئەوی تر دەڵێ: چەند کەسێک ڕاویان لێ دابەشیم، گرتیانم. جا وەرە بکوتە! بانگیان دەکرد: «وەرن بیکوژن! ئەمە ئێژێ کوردیچم و پارتیچم!».

مەلا مستەفا لەو ئاکارانەیان زۆر ناڕەحەت بوو. باسی دەکردن، پێی وابوو کاری زۆر خراپ دەکەن. جارێک جەمال حەیدەری سەرۆکی باڵای شیووعییەکان چووبووە لای:

- مەلا مستەفا خۆت دەزانی منیش یەکێکم وەک جەنابت..

مەلا مستەفا نایەڵێ قسەکەی بکا، دەڵێ: هەستە دایک فڵان! تۆ دەبێ بە بەراز بڵێی وەک تۆم، نە بە من...

برادەرێک ئەفسەرێکی پێ ناساندم، کە ئەمە ڕەئیسی پەدافەندە و کوردی هەولێرە و ناوی مەهدی حەمیدە. پێی خۆشە تۆ بناسێ.

- کاکە ڕۆژ باش!

تماشا دەکەم بە عارەبی جوابم دەداتەوە! وای خۆ نواند کە هەرگیز کوردی نەبیستووە! گوتم: «گوتیان کوردی، پەشیمانم کە دیتوومی...».

گوتیان گۆران و چەند کەسێک چووبوونە مۆسکۆ، چووبوونە ئەرمەنستانیش، لای کوردەکان. بەڵام بە قسەی ئەوانەی بۆیان گێڕابوومەوە، نەیفەرمووبوو منیش کوردم؛ چونکە ئەوە لە مەسڵەحەتی حیزبدا نەبوو!