هار بوونی شیوعییان و لە خشتە بردنی قاسم

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  791 مشاهده

من تاریخی ئەو دەمانە نانووسم و ناشزانم بینووسم، بەڵام هێندێک بیرەوەری خۆم وەبیر دەێنەوە، ئەویش زۆر کەم کە بە پێویستی دەزانم باسیان بکەم:

حیزبی شیووعی لە شار و دێهاتی کوردستان زۆری پەرە ساند. دەستە دەستە بە وەرزێرانەوە دەگەڕان؛ لە هیچ درۆیەک بۆ دڵخۆش کردنی حەشامات نەدەپرینگانەوە. شەرم کردن و درۆ نەکردن ئاسەواری بۆرجوازی بوو؛ دەبوو نەمێنێ! هەرکەس ناوی ئاغای پێوەبا، هەر دەرەقەتی هاتبان، گوریس لە مل ڕادەکێشرا تا دەمرد. گوتیان یەکیان لە دەشتی هەولێر کوشت مجێوری مزگەوت بوو؛ هەر چونکە ناوی عوسمان ئاغایە! لە قەبرستانی کۆیە کێلی مەڕمەڕی قەدیمیانیان ورد و خاش کردبوو. تەنانەت کێلی قەبری جەمیلاغا، حاجی قادر ئەو هەموو تاریفەی لێ کردووە. هەرچی لە هەزاران ساڵەوە ناوی ئایینی و ئەخلاقی باش و پیاوەتی و ڕوحم بە کەس و کار و بەهرە وەرگرتن لە کتێبانی جگە لە کۆمۆنیستی، نیشانەی ئیرتیجاع و کۆنە پەرەستی بوو. لە دێهات لەسەر ماشین بە میکرۆفۆن بۆ گوندنشینانیان بڵاو دەکردەوە: «ئەی بەدبەختی کڵۆڵ! ساڵێ نۆ مانگ بە چاندن و دروێنەی گەنمەوە ماندوون. لە ڕووسیا گەنم بەری دارە، وەک دارگوێز و دارتوو! وەرزێرێک هەر چوار داری بێ -کە پتریشی هەیە- هیچ خۆی ماندوو ناکا. ساڵێ جارێک دەیانتەکێنێ و شوێنی نامێنێ گەنمی تێکا! لە شەڕدا پتر لە حەڤدە ملیۆن پیاو لە ڕووسیا شەهید بوون. بە ملیۆنها ژنی بێ مێرد هەیە؛ هەموویان دوکتور و موهەندیسن، سەرو ژنتان دەدەینێ! وەرن ناوتان بنووسین. ئێوەش لەو گەنمە بێنرخەی کە لەم دەورانە ڕەشەدا بەرهەمتان هێناوە یارمەتی حیزب بکەن. پووڵیش بێنن لێتان وەردەگرین. زوو بن، بگەنێ تا لە کیستان نەچووە!...».

گوتیان کاتێ لە ساڵی ١٩٥٩دا، عەبدولکەریم قاسم لێیان وەخۆ کەوت و شارەزوورییەکانی سەر بە حیزبیان بەرەو حەبسی سلێمانی دێنا، شارەزوورییەک دەینەڕاند: «باوەحیزانە ئێژم خاتەی خۆم بەسمە، ئێژن ژن دوختۆرت بۆ تێرین!».

هەموو ڕۆژ لە شاران و لە پاتەختدا خۆپێشاندان بوو. تاریف لە قاسم و سەد لەقەبیان بۆ تاشیبوو: «زەعمی ئەوحەد» (تاقانەتر)، «موعەللمی ئەوحەد»، «نابیغە ئەوحەد...»، ئەوحەد و ئەوحەد! قاسم سەر لە هەوەڵەوە زۆر نەرم و نیان و خۆی بێدەعییە دەنواند؛ بەڵام شیووعی هێندیان ئەوحەد پێگوت و چەپڵەیان لێدا، خۆی لە خۆی گۆڕا: (تۆ بڵێی ئەو هەزارە زیلە بەخۆڕایی بە نابیغە و یەکەمین پیاوی سەرزەمینم بزانن، نەزان بن؟ نەخێر ڕاست دەکەن!).

یەکێک پێی گوتبوو: «زەعیم شکڵی تۆم لە مانگدا دیوە!». هەموو شەوێکی مانگ دیار با، وەزیرەکانی هەڵدەپێچا بە دووربین تماشای مانگ بکەن بۆ شکڵی ئەو بڕوانن. فێڵبازێک عەکسی قاسمی بە میدادێکی کەمڕەنگ لەسەر هێلکە کردبوو، گوتبووی مریشکەکەمان ئەو هێلکەی بەو شکڵەوە کردووه! جایزەی وەرگرت و قاو داخرا کە موجزات ڕووی داوە!